نوچەنێت
هاوپەیمانیی نیشتمانی بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەری و بەئامادەبوونی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی دوایین پێشهاتەکان، گۆڕانکاری وەزاری و ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی ئەنجامداو دەستپێشخەرییەکی راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەستپێخەرییەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی بریتییە لە:
یەکەم: بانگهێشتکردنی سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جیددی، کە لەئاست خواستی گەلی عێراق بێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە.
دووەم: داواکاری میللی گوزارشت لە پێویستی چاکسازی دەکات، ئەمەش پێویست دەکات هێزە نیشتمانییەکان کارلێکی لەگەڵدا بکەن، بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ تاوەکو داواکارییەکان بە کردار جێبەجێ بکرێن.
سیهەم: هاوپەیمانیی نیشتمانی بەڵێن دەدات بۆ هاوکاری سەرجەم کوتلە سیاسییەکان ئەم کارانە بکات:
١_ ئەنجامدانی گۆڕانکاری وەزاری لەچەند رۆژی داهاتوودا و بەپێی پێوەری پیشەییانە، ئەزموون، تەکنۆکرات، میکانزمێک دیاری بکات تاوەکو بە خێرایی ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
٢_ دانانی خشتەیەکی کاتی و پێوەری پیشەییانە لە پڕکردنەوەی دەستە سەربەخۆکان، بریکاری وەزارەتەکان، بەڕێوبەرە گشتییەکان، کەسانی خاوەنی لێهاتوویی نیشتمانی و بەپێی پێوەری دیاریکراو و شەفاف دیاری بکرێن.
٣_ پاڵپشتیکردنی ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕبوونەوەی گەندەڵی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پێویست، دانانی یاسای پێویست، تاوەکو بەباشی کارەکانیان ئەنجامبدەن و، ئەرکی خۆیان رابپەڕێنن لە دەستگیرکردنی گەندەڵەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
٤_ داڕشتن و دەرکردنی ژمارەیەک یاسای گرنگ,کە رۆڵیان دەبێت لە بنیاتنانی دەوڵەت، پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی، سازانی کۆمەڵایەتی، پاڵشتیکردنی دەسەڵاتی دادوەری، پێداویستییەکانی بووژانەوەی ئابووری، هاندانی وەبەرهێنان و فرەیی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی.