نوچەنێت
“ئەنا کارینەنا”، یەکێک لە بەرهەمە ئەدەبییە ناودارەکانی لیۆن تۆلستۆی، نوسەری رووسییە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی رووسیادا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهاندا ناوبانگی هەیە و وەک فیلم و شانۆ پێشکەشکراوە.
ئەم رۆمانە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراوە و هەرچەند پێشتر چەندینجار لەسەر تەختی شانۆدا پێشکەشکراوە، ئەمجارەیان لەسەر تەختی شانۆی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا نمایشدەکرێت.
ئەم نمایشە شانۆییەی ئەمجارەیان بەوە لە نمایشەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، کە خانمە ئەکتەرێکی سینەمای ئێرانی رۆڵی ئانا کارینەنا دەگیڕێت، ئەویش گوڵشیفتە فەراهانییە.
ئەم بەرهەمە شانۆییە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، لە هۆڵی شانۆی دی لا تیمبیت لە پاریس نمایشدەکرێت و گایتان فاسارت کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
گولشیفتە فەراهانی، لە ساڵی 2008ـدا بەهۆی رۆڵگیڕانی لە فیلمێکی هۆلیوودا لە دەرهێنانی ریدلی سکوت و دەرکەوتنی بە رووتی لە فیلمەکەدا، بەهۆی فشاری حکومەتی ئێران وڵاتەکەی جێهێشت و ئێستا نیشتەجێی فەڕەنسایە.
ئەو خانمە ئەکتەرە سینەماییە، بڕیارە لە پێنجەمین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی پایرێتس ئۆف ذە کارێبیان، کە جۆنی دیپ ئەکتەری سینەمایی رۆڵی سەرەکی دەگیرێت.