نوچە: دەنگی ئەمریکا
شەست و سێ ساڵ دوای مەرگی جوزێف ستالین، سەرکردەی دیکتاتۆری یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو، تا ئێستاش زیاتر لە نیوەی خەڵکی روسیا، لە سەر ئەو باوەڕن ناوبراو رابەرێکی ژیرو زانا بووە.
بە گوێرەی هەواڵدەری فەرەنسا، ئەم بۆچوونە ئەنجامی راپرسیەکی ئەم دواییانەیە کە لە لایەن ناوەندێکی راپرسی سەربەخۆ بە ناوی لوادا بەڕێوەچووەو، ئەنجامەکەی رۆژی هەینی بڵاوبۆتەوە.
نزیکەی ٥٧٪ی ئەو کەسانەی راپرسیان لە گەڵ کراوە گوتویانە، کە بە تەواوی ستاسلین بە رابەرێکی زانا دەناسن، کە یەکێتی سۆڤێتی جارانی تا ئاستی یەکەیەکی بەهێز و سەرکەوتوو پێش خستبوو.
لەم راپرسیەدا ٧١٪ی خەڵکی روسیا، لە گەڵ ئەوەدان لە جیا لەو هەڵە و کەمایەسیانەی کە دەخرێنە پاڵ ستالین، گرنگترین بابەت ئەوەیە کە ئەم سەرکردەیە توانی لە شەڕی دووەمی جیهانی، یەکێتی سۆڤییەت بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە ئاراستە بکات.