وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: لەناوچەکانی هەولێرو بادینان کلتوری شەڕی ناوخۆ زیندووە
نوچەنێت
د. شاهۆ سەعید وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدوای کۆبونەوەکەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەک ئاماژە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی راگەیاند، لە ناوچەکانی هەولێرو بادینان تاکو ئێستا کلتوری شەڕی ناوخۆ زیندووە، بەڵگەشی بەسوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو و پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان هێنایەوە.
ئەمرۆ هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی کێشەکانی زاخۆ و ناوچەی بادینان کۆبونەوە، لەدوای کۆبونەوەکە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەیەکی هاوبەشیان راگەیاندو ئیدانەی رووداوەکانی بادینانیان کرد، لەدوای کۆبونەوەکە د. شاهۆ سەعید، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێداوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند”پێمان وایە کلتوری شەڕی ناوخۆ هێشتا زیندووە، بەدیاری کراوی لەناوچەکانی هەولێرو بادینان”.
وتەبێژەکەی بزوتنەوەی گۆڕان پاساوی زیندوومانەوەی ئەو کەلتورەشی بە سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو و پێشتریش بەسوتاندنی بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان هێنایەوەو هۆکارەکەشی واباسکرد”دامودەزگاکان لەبەرژەوەندی لایەنێک کار دەکەن و دژی ئۆپۆزسیۆن”.
دهقی بهیاننامهی لایهنهکانی ئۆپۆزسیۆن
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان…
لەکاتێکدا هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی لە چاوەڕوانی ئەوەدا بون بڕیارەکانی دادگاو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت جێبەجێ بکرێن و زەمینەسازی بکرێ بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکان لەپێناو چاکسازیی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەپێچەوانەی هەمو ئەو چاوەڕوانیانەو هەمو ئەوەش کە بەرژەوەندی گەل و نیشتمان دەیخوازێ و بە هەندێ پاساوی نالۆژیکی هێرشکرایە سەر بارەگاکانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە زاخۆ و سێمێل و دهۆک و قەسرۆک و سوتێندران. هاوکات پەلاماری چەندین رۆژنامەنوس و چالاکوانی سیاسی و پەرلەمانتار و هاوڵاتی بێگوناه دراو روبەڕوی لێدان و گرتن بونەوە.
ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی هەر جۆرە پشێوی و توندوتیژییەک دەکەین، بەڵام جەختیش لەوە دەکەینەوە کە هەرگیز نابێ هیچ بارگرژییەک بکرێتە بیانو بۆ کاری توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر بارەگای فەرمی حیزبە سیاسیەکان و سوتاندنیان، بەتایبەتی سوتاندنی بارەگای حیزب بەشێکە لە کولتورێکی قێزەونی شەڕی ناوخۆ، پێشتریش بارەگاکانی یەکگرتو لە بادینان و بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر و بادینان دوچاری روداوی هاوشێوە بونەتەوە.
هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن “کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی” بە توندی ئیدانەی ئەو روداوانە دەکەن و بە پەرەسەندنێکی مەترسیداری دەبینن بۆ سەر دیموکراسی و ئازادی سیاسی و ئاسایشی هاوڵاتیان و فرەیی سیاسی لە کوردستاندا. دوپاتیشی دەکەینەوە ئەوەی کە دژ بە بارەگاکانی یەکگرتو رویدا بەشێکە لە رەنگدانەوەی یەکێک لە کێشە جەوهەریەکانی هەرێمی کوردستان کە بەحیزبیکردنی دامودەزگا حکومی و ئەمنی و هەواڵگری و چەکداریەکانەو بەکارهێنانیانە لە ململانێی سیاسیدا.
لە کۆتاییدا هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان بۆ یەکگرتوی ئیسلامی لەم ستەملێکردنە دەردەبڕین و پێداگری خۆشمان دوپاتدەکەینەوە لەسەر خەباتی هاوبەش لەپێناو چاکسازی ریشەیی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشیخوازانە و کۆتاییهێنان بە هەمو یاساشکێنی و رەفتارێکی نامەدەنی لەم چەشنە کە هەرگیز ناچێتە خزمەتی دۆخەکە.
هەروەها داواکارین هەمو ئەوانەی لەم روداوانە تێوەگلاون رێکاری یاساییان لەگەڵ بگیرێتە بەر و رادەستی دادگا بکرێن و لێپێچینەوەی یاساییش لەگەڵ هەمو ئەو بەرپرس و دامودەزگا حکومیانەی ناوچەکە بکرێ کە لە پەیوەندیدا بەم پێشێلکاریانە کەمتەرخەم بون.
یەکگرتوی ئیسلامی
کۆمەڵی ئیسلامی
بزوتنەوەی گۆڕان
٣/١٢/٢٠١١
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کلتوری شەڕی ناوخۆ تاکو ئێستاش زیندووە
0
Share.