نوچەنێت
بەهۆی گوتارەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە بۆ مانگرتووانی بەردەم ناوچەی سەوزی- ناوەڕاستی شاری بەغدا بیدات، رێوشوێنێکی ئەمنی تووند لە بەغدا گیراوەتەبەر و، بە فەرمانی عەبادی هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
محەممەد روبەیعی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای رایگەیاندووە، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، تەواوی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی مادەباشیەوە، کە پێی دەگوترێت”ئینزار جیم”.
جێگری سەرۆکی لێژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، گوتی پشتوان بەخودا هیچ شتێک رونادات، بەڵام ترس هەیە، وتارەکەی موقتەدا سەدر کاردانەوەی لێبکەوێتەوە، بۆیە بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی عێراقی، تەواوی هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئەو پەڕی ئامادەباشیەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-3-2016 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر گوتارێک پێشکەش بە مانگرتووانی بەردەم ناوچەی سەوزی- ناوەڕاستی شاری بەغدا دەکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر”گوتارێکی گرنگ پێشکەش بە رۆڵەکانی گەلی عێراق و مانگرتوان دەکات”.
لە رۆژی هەینیەوە خۆپیشاندەران لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەردەم دەروازە سەرەکییەکانی ناوچەی سەوز، خێمەیان هەڵداوەو دەستیان بە مانگرتن کردووە.
لە کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکاتییەکە و سەرکردەی لایەنەکان سیاسییەکان، کە شەوی شەممە 19-3-2016 بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێنرێت، بەمەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی خۆپیشاندەران و تێگەیشتن لە داواکاری خۆپیشاندەران و چۆنییەتی کارکردن لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.