نوچەنێت-بی بی سی
باراک ئۆباما سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵی خۆیدا، وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی لەم زووانەی بۆکوبا رایگەیاند، کە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا مەحاڵ نییە.
ئۆباما لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، کە لە سەردەەمی سەرۆکایەتی ناوبراوەوە بۆتە نەریتێکی کۆشکی سپی، هەروەها پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی تازەیی لە ئێرانیەکان کرد و هیوای تەندروستی و بەختەوەری بۆ بە ئاوات خواستن.
بە وتەی سەرۆککۆماری ئەمریکا، تەنانەت دوای چەندین دەیە بێ متمانەیی لە نێوان دوژمنانی لە مێژینە لە گۆڕەپانی جیهانی، ئەگەری کرانەوەی دەرگاکان بە رووی یەکتردا هەیە و دەتوانن لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان هەڵبدەنەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پەیامە نەورۆزیەکەی خۆیدا، هەروەها تیشکی خستۆتە سەر دانوستانی چەندین مانگە لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئەنجامەکەی بوو بە رێککەوتنی ئەتۆمی لایەنەکان لە هاوینی رابردوو.
بە وتەی ئۆباما، ئێستا ئێران ئەو دەرفەتەی لە بەردەستدایە کە بگەڕێتەوە بۆ نێو ئابووری جیهانی.
ئۆباما جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئامانجی رێککەوتنی ئەتۆمی هیچ کات بە مانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نەبووە و ئەمریکا ئێستاش کێشەی بنەڕەتی لە گەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە.