نوچەنێت
وردەکاری رێککەوتنی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە قەیرانی پەنابەران
بەرپرسانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەران لە یۆنانەوە بۆ تورکیا رێککەوتنیان کرد، رێککەوتنێک کە لە رۆژی ٢٠ی مارسەوە دەکەێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
-گەڕاندنەوەی هەموو پەنابەران
هەموو ئەو پەنابەرانەی کە ئەم دواییانە بە شێوەی نایاسایی لە تورکیاوە چوونەتە دوورگەکانی یۆنان،لە رۆژی ٢٠ی مارس دیپۆرتی تورکیا دەکرێنەوە.
مەبەست لە گەڕاندنەوەی ئەم پەنابەرانە لە یۆنانەوە بۆ تورکیا کە هەنگاوێکی کاتییە، پێش گرتنە بە سەفەری مەترسیداری پەنابەران لە دەریای ئیجە و کۆتایی هێنانە بە قاچاخی پەنابەران.
-ئەسڵی یەک نەفەر بەرامبەر بە یەک نەفەر
بەرامبەر بە هەر هاووڵاتیەکی سوری کە لە دوورگەکانی یۆنانەوە دیپۆرتی تورکیا دەکرێتەوە، هاووڵاتیەکی سوری لە تورکیاوە دەگوازرێتەوە بۆ دوورگەکانی یۆنان. ئەولەوییەت بەو کەسانەیە کە بۆ گەیشتن بۆ ئەوروپا لە رێگەی نایاسییەوە کۆچیان نەکردووە.
بە پێی ئەم خاڵە هاووڵاتیانی سوری کە دیپۆرتی تورکیا دەکرێنەوە، رەنگە بەشێک لەو کەسانە بن کە بۆ دوایین جار دەگوازرێنەوە بۆ ئەوروپا.
-هەڵوەشانەوەی یاسای ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی تورکیا کە سەردانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن
یەکێک لەو ئیمتیازانەی کە تورکیا بە پێی ئەم رێککەوتنە بە دەستیهێناوە، هەڵوەشانەوەی یاسای ڤیزایە بۆ ئەو هاووڵاتیانی خۆی کە بە نیازن سەردانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بکەن. تورکیا بۆ بە دەستهێنانی ئەم ئیمتیازە دەبێت تا کۆتایی ژوئەنی ٢٠١٦ نزیک بە ٧٢ مەرج لە مەرجەکانی هەڵوەشانەوەی یاسای ڤیزا، بۆ سەردانی هاووڵاتیانی خۆی بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، بە جێ بگەیێنێ. بەڵام هەندێک لە شارەزایان و دبلۆماتکاران پێیانوایە کە ئەم دەیان مەرجە رەنگە ببنە بەربەست و رێگەر لە بەردەم تورکیا، بۆ گەیشتنی یەکجاری بەم ئیمتیازە.
-دانی یارمەتی دارایی بە تورکیا
یەکێتی ئەوروپا پێشتر بەڵێنی پێدانی ٣ میلیارد یۆرۆی بە تورکیا داوە، تا لەم رێگەوە تورکیا، بتوانێت باری ژیانی ئەو ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارە و کۆچبەرە باشتر بکات، کە لەم وڵاتە جێگیر بوونە. بە پێی ئەم خاڵە و لە ئەگەری پابەند بوونی تورکیا، لە پێڕاگەیشتن و باشتر کردنی دۆخی دیانی ئاوارە و کۆچبەرانی ئەم ولاتە و دۆزینەوە کار بۆ کۆچبەران، یەکێتی ئەوروپا تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بڕی ٣ میلیارد یۆرۆی دیکە یارمەتی تورکیا دەکات.
-ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا
ئەوروپا بەڵێنی”خێراترکردنی وتووێژەکانی ئەندامەتی تورکیا، لە یەکێتی ئەوروپا”ی داوە. هەر چەند کە قوبرس لە گەڵ ئەم بەڵێنە دژایەتی دەکات و هەرەشەی ئەوەی کردووە، کە بەربەست و لەمپەر بخاتە سەر رێگای رێککەوتنەکەی نیوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا.