نوچە.نێت
بەرێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری هونەری لە پیگەی تایبەتی خۆی یەكەمین فێستیڤاڵی رۆژی شارەزوور کە بە دورشمی( راپەڕین، ژن، بەهارونەورۆز) بڵاو کردەوە .
بەدروشمی (راپەڕین، ژن، بەهارونەورۆز) نەوای گەرووی شارەزوورن، یەكەمین فێستیڤاڵی رۆژی شارەزوور دەستی پێكرد، كە چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە لە هەڵەبجەی تازەو زەڕایەن بەڕێوەدەچن.
لە مەراسیمی كردنەوەی فێستیڤاڵەكەدا، وێڕای وتەی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە كەتێیدا باسیان لە بایەخ و رۆڵی گرنگی راپەڕین و بەرزوپیرۆزی رۆژی ژنان و نەورۆز كردەوە، بەتایبەت كە شارەزوور هەمیشە لەریزی پێشەوەی قوربانیدان بووە بۆ میللەتەكەی، پاشان وتاری بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی خوێندرایەوەو كە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژی جیهانی ژنان و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە رایگەیاند: لە ڕاستیا ئەهێنێ لەم بۆنەیەدا باس لەوە بكەین كە شارەزور شوێنێكی گرنگە بۆ پارێزگای سلێمانی و هەر لەوەشەوە گرنگە بۆ سەرجەم كوردستانی مەزن. گرنكە بۆ سلێمانی چونكە گەر مرۆڤ بیەوێت لە سلێمانی تێبگات دەبێ لە چەند شوێن و جوگرافیایەك تێبگات كە یەكێك لەو شوێنانە شارەزورە. شارەزور تەنها شوێنی نالی نییە بەڵكو جێنزرگەی مەلا زاناكانی كوردە كە مەلا جامی و مەلا شەفیع و ژمارەیەكی تر نمونەیانن و لە سەدەكانی ڕابوردوا ڕۆڵی گەورەیان هەبوە لە مێژووی ڕۆشنبیری و سیاسی ناوچەكەدا.
لەبەشێكی تری وتەكەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی وتی: گەر كەسێك بیەوێ لە سلێمانی تێبگات دەبێ لەو شارە بێتە دەرەوەو سەیربكات بزانێ سلێمانی لە سەدەكانی ڕابوردوا كێ پاراستویەتی، كێ هێزی بۆ بابانەكان فەراهەم كردوە، كام شوێنە داكۆكی لە هەیبەت و پاشایەتی بابانەكان كردوە و كام عەشیرەت توانیویەتی سنورەكانی خۆرهەڵاتی سلێمانی بپارێزێ؟. هیوادارین هاونیشتیمانانی ئێمە لە شارەزوور بە هیممەت و گەشبینییەوە بڕواننە ئایندە…. هەم لە ڕەخنەگرتن و هەم لە بنیاتناندا سەرمەشق بن و لە هەردو بوارەكەدا وەك نالی و گۆران كە سەرمەشق و ڕچەشكێن و پێشڕەو و داهێنەری ڕێبازی كلاسیك و واقعی بون لە شیعری كوردیدا خەڵكەكەمان لە پێشەوەی هەموان بن.
لە فێستیڤاڵەكەدا، چەند پێشانگایەكی شێوەكاری كرایەوە بۆ كچانی هونەرمەندی ناوچەكە، لەگەڵ پێشانگای كاری دەستی و پێشانگای بڵاوكراوەكانی شارەزوور و ئامادەكردن و نمایشكردنی خواردنە كوردەوارییەكانی ناوچەكە، لەگەڵ نمایشكردنی شانۆگەرییەك و مەراسیمی بەخشینی كتێب بە كتێبخانەكانی سنوورەكەو كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك و هەڵمەتێكی نەمام چاندن لە دەڤەرەكەو چەندین چالاكی تر، كە جەماوەرێكی زۆر ئامادەی فێستیڤاڵەكە بوون.