نوچەنێت
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەستیان کردووە بە کشانەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە سوریا.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو ١٤-٣-٢٠١٦، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، فەرمانی کرد بە کشانەوەی بەشێک لە هێزە سەرەکییەکەی لە سوریا، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، کە لە ئەمڕۆوە پرۆسەکە دەستیپێکردووە.
ئەو بڕیارەش لە دواى کۆبوونەویەکى نێوان ڤلادیمیر پویتن و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى روسیا و سێرگى شۆیگۆ وەزیرى بەرگریى روسیا لە کۆشکى کرملین دراوە.
هاوکات کشانەوەى هێزەکانى روسیا بە هەماهەنگى لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریادا بووە.
پوتین لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى روسیا لە سوریا وتویەتى “ئەرکى سەرەکیى هێزەکانى روسیا لە خاکى سوریادا تەواو بووە”.
پوتین ئەوەشى وتووە “هێزەکانى روسیا لە سوریا، ئەرکە گرنگ و سەرەکییەکانیان جێبەجێکردووە و لە رێگاى سیستمى چاودێری ئاسمانییەوە، چاودێرى ئاگربەستى ئێستاى سوریا دەکات”.
بەپێى قسەکانى پوتین هێزەکانى روسیا لە بنکەى سەربازیى تەرتوس و حەمیمیم بەردەوام دەبن لەکارەکانیان.
سەرۆکى روسیا، ئومێدى ئەوەشى خواستووە، کە کشانەوەى هێزەکانى روسیا، ببێتە هۆکارێکى باش بۆ سەرخستنى دانوستانى ئاشتى لە جنێڤ. هەروەها روسیا بەشدارییەکى کارا دەکات لە چارەسەرى سیاسیى قەیرانى سوریادا.
هاوکات بەپێى قسەکانى سێرگى شۆیگۆ وەزیرى بەرگریى روسیا، هێزەکانى روسیا زیاتر لە دوو هەزار “تیرۆریستیان” لە سوریادا کوشتوە، کە ١٧ کەسیان فەرماندەکانى داعش بوون. هەروەها بەهۆى هێرشى فڕۆکە جەنگییەکانى روسیاوە ٤٠٠ شارۆچکە و ناحیە و گوند و رووبەرى ١٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستى گروپە چەکدارەکان دەرهێنراوە.
وەزیرى بەرگریى روسیا ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێزى ئاسمانیى روسیا لە ٣٠ى ئەیلولى ٢٠١٥ەوە زیاتر لە نۆ هەزار فڕینی جەنگییان بۆ بۆردومانى گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و، توانیوانە رێگاى بازرگانیکردنى نەوتى داعش لە ناو ببەن و، رێگریش بکەن لە گەیشتنى هاوکاریى لۆجستى و گواستنەوەى چەک بۆ چەکدارەکانى داعش.
سێرگی شۆیگۆ وەزیرى بەرگریى ڕووسیا ئەوەشى راگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانى روسیا ٢٩٠ ناوەندى بەرهەمهێنانى نەوت و زیاتر لە دوو هەزار تانکەرى گواستنەوەى نەوتى داعشیان تێکشکاندووە.
وەزیرى بەرگریى روسیا ئەوەى تووە “روسیا پابەند دەبێت بە گەرەنتییەکانى ئاشتى لە نێوان گروپەکانى سوریا و بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و رادار چاودێریى باردۆخى سوریا دەکات”.
دوێنێ ١٤ى ئازارى ٢٠١٦ دانیشتنى جنێڤى سێ بە بەشداریى نوێنەرانى ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرانى حکومەتى سوریا بە چاودێریى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى جنێڤى سویسرا دەستیپێکردەوە.
رۆژى ٣٠ى ئەیلولى ٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانى روسیا لە وڵاتى سوریا، دەستیان کرد بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى چەکدارەکانى داعش.