پنتاگۆن: ئەبو عومەر چیچانی کوژراوە

0

نوچەنێت

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەواڵی مردنی عومەر چیچانی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، بەهۆی سەختی برینەكانی گیانی لەدەستداوە.

گوتەبێژێک بەناوی پنتاگۆن بە میدیاکانی راگەیاند، عومەر چیچانی، سەرکردەی دیار و ناسراوی رێکخراوی داعش، دوای برینداربونی لە هێرشێکی ئاسمانی، بەهۆی سەختی برینەکانی لە شاری رەقە گیانی لەدەستداوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، عومەر چیچانی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی  جۆرجیایە، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە برینداری رزگاری بووە.

بەڵام گوتەبێژێکی پنتاگۆن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، مردنی چیچانی پشتڕاست كردووەتەوە، ئەمە دوای ئەوەی گرووپێکی چاودێری مافی مرۆڤی بەریتانی لە سووریا، چەند رۆژێک لەمەوبەر گیانلەدەستدانی چیچانیان راگەیاندبوو.

هێرشی یەکەم کە تیێدا دەنگۆی برینداربوونی چیچانی بڵاوکرایەوە، لە 4ی ئاداری ئەمساڵ لە باکووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی شەدادی لە باشووری شاری حەسەکە ئەنجامدرا، ئەو رۆژە چیچانی خۆی ئامادەکردبوو سەرپەرشتی هێرشێکی بەرفراوان بکات بۆسەر ئەو شارۆچکەیە.

ساڵی رابردوو ئەمریکا، بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وەک بەخشیش بۆ هەر کەسێک دانا کە بتوانێت چیچانی بکوژێت، چیچانی لە ماوەی رابردوودا بە سەرکردەی جەنگەکان ناسرابوو و لەنێو داعشدا پۆستی وەزیری جەنگی هەبوو.

ئەبو عومەر چیچانی كێیە؟

خەڵکی جۆرجیایە
2006 شەڕی چیچانی کردووە
2010 ساڵێک دەستگیرکراوە
2012 چووەتە سوریا و  پەیوەندی بە داعشەوە کردوە
ئەمەریکا 5 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ کوشتنی عومەر چیچانی، تەرخان کردبوو.

عومەر چیچانی یەکێکە لەو سەدان چیچانییانەی چوونەتە ریزی چەکدارە تووندڕەوەکانەوە، لە سووریا و عێراق، بەڵام ناوبراو وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی داعش دەردەكەوێت و ئێستا رۆڵی وەزیری جەنگی پێدراوە. عومەر چیچانی ناوی راستەقینەی ترخان باترشفیلی-یە و لە ساڵی 1968 لە شاری بانکیسی فالی لە جۆرجیا لەدایکبووە.

چیچانی لە ساڵی 2006 ەوە تا 2010 لەنێو ریزەکانی سوپای جۆرجیا سەرباز بووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكان بڵاوكراونەتەوە، بەهۆی نەخۆشی سیلەوە لە سوپا بەخشراوە. هەمان ساڵ واتە 2010،  لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بەتۆمەتی ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتی هەڵگرتووە، دەستگیركراوە و، دوای ماوەیەك ئازادكراوە.

میدیای جیهان بە بایەخەوە لە سەر کوژرانی ئەبو عومەر چیچانی رادەوەستێت، چونكە یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییە هەرە دیار و کاریگەرەکانی داعش، پێشتر چەند جارێک هەواڵی کوشتنی بڵاوکرایەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com