نەریتی پەیوەندی ژن و پیاو لە مەککە، سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام

0

نوچەنێت-بی بی سی

پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلام لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی موسوڵمانان، تەوەرێکی سەرەکی و جێی مشتومڕە. لە سەردەمێکدا کە لە رۆژئاوا گوتاری مافی مرۆڤ بۆتە گوتارێکی جیهانی  وپێوەر. بۆچوونێک هەیە کە پێیوایە،  یەکانگیر نەبونی پێگەی ژن لە گەڵ ئەم گوتارە بۆ زاتی ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. بەرامبەر بەم بۆچوونەی روانگەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە، ئیسلام لە خۆیدا دژایەتی لە گەڵ گوتاری مافی مرۆڤ نییە و تەنانەت ئەحکامی شەرعی وابەدی دەکرێ کە لە سەردەمی خۆیدا گەلێک پێشکەوتو وبە واتایەک ئەمڕۆیی بووە.

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم دوو بۆچوونە، پێویستە هەڵوێستەیەک لە سەر پێگەی ژن لە شاری مەککە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، بکرێت و چەند و چۆنی پەیوەندی ژن  وپیاو لەو قۆناغەدا تاوتوێ بکرێت.

لەو سەردەمەدا، لە شاری مەککە هیچ سنوور و بەربەستێک بۆ جۆری جلوبەرگی ژنان لە ئارادا نەبووە. روت بوون(برهنگی)بابەتێکی باو و ئاسایی بووە کە ژنان لە کاتی تەوافی کەعبە کە لە کاتەدا بتخانە بووە، جلەکانیان دادەنا  وبە روتی تەوافیان دەکرد،هۆیەکەی ئەوە بوو کە لە کۆتایی تەوافی مەککە پیاوەکانیان جلی نوێیان دەکردە دیاری بۆیان. ساڵێک دوای داگیرکردنی شاری مەککە پێغەمبەری ئیسلام بڕیاریدا، کە ژنان نابێ بە روتی  تەوافی کەعبە بکەن” یا بنی آدم خذو زینتکم عند کل مسجد…”

هاوڕێیەتی و مامەڵەی نێوان ژن و پیاو بابەتێکی ئاسایی بووە و “خدن”ی پێ گوتراوە. بە هاوڕێی کوڕ “خلیل” و بە هاوڕێی کچ”خلیلە” گوتراوە. ئەم کەسانە ژیانی هاوبەشیان پێکنەدەهێنا، بەڵام بەرانبەر یەکتر بەڵێنیان بووە ولەکەسانی غەیرە پەیوەندیان نەدەکرد.هەر کاتیس پەیوەندی سێکسیان ئاشکرا دەبوو لۆمە دەکران، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی ئیسلام بە پێی قورئان ئەم جۆرە پەیوەندیانە قەدەغە کرا.

مەککە سەنتەری بازرگانی و هاوکات شاری زیارەتی شێوەدورگەی عەرەبستان بووە. لەشفرۆشی ژنان یەکێک لە سەرچآوەکانی داهات بووە لەم شارە. بە تایبەت بۆ ژمارەیەک لە بنەماڵەکان، تا ئەو جێگای کە ژمارەیەک لە گەورە پیاوانی قەبیلەیەک داوایان لە پێغەمبەرکرد، کە پەیوندی ناشەرعییان بۆ حەڵاڵ بکات تاکو ببن بە مسوڵمان، زۆرتر لە بەر ئەوەی کە سەرچاوەی داهاتیان بووە.

بە بۆچوونی ئوسامە عەکاشە، نوسەری بەناوبانگی میسری، بەشێک لە ململانێکانی ئەو کاتی شاری مەککە، بە هۆی ئەم نەریتەوە بووە کە وەک ئاماژەی پێکرا سەرچآوەیەکی گرنگی داهات بوو، ژمارەیەکیش دژ بەم نەریتە وەستابوونەوە کە پێغەمبەری ئیسلام و قەبیلەکەی ئەم بۆچوونەیان هەبوو.

بنەماڵە بەناوبانگ و دەوڵەمەندەکان، کچەکانی خۆیان بە بڕە پارەیەک کە پێیدەگوترا(صداق)دەدا بە یەکتر و بڕیاری سەرەکی لای باوک یان سەرپەرشتی کچ و کورەکە بوو.ئەم شێوازە زۆرتر بە(بعولە)ناوبانگی دەرکردبوو کە لە وشەی بعل، بە مانای مێرد وەرگیرابوو.دواتر لە ئایینی ئەسلام ئەم شێوە لە هاوسەرگیری پەسەندکرا و وەک زەواجی فەرمی ناسێندرا و شێوەکانی دیکە قەدەغە کران.

لە زۆربەی قەبیلەکان، پەیوەندی هاوسەرێتی زۆر دەوامی نەدەهێنا. یەکێ لە نەریتە باوەکان (استبضاع) بوو بەو مانایە کە ئەو پیاوانەی کە منداڵیان نەدەبوو یان ئەوەی کە بیانویستبایە لە پیاوێکی بەناوبانگ منداڵێکیان ببێ،هاوسەرەکەی خۆیان دەناردە لای ئە وپیاوە و تا ئەو کاتەی کە دڵنیا نەدەبوون، کە هاوسەرەکەیان دوو گیان نەبووە نزیکایەتیان لە گەڵدا نەدەکرد، ئەو منداڵەش کە بەم شێوەیە لە دایک دەبوو، وەک منداڵی خۆیان سەیریان دەکرد.

لە ساڵانی قات  وقڕی یان بە هۆی هەژاری و بێ دەرەتانی جاری وا بووە کە پیاوەکان هاوسەرەکانیان دەناردە ماڵی دەوڵەمەندەکان تا لە بەرامبەر پەیوەندی سێکسی پارە یان خواردنێکیان دەست بکەوێ.ئەم نەریتە بە (مضامدە یان ضماد)ناوبانگی دەرکردبوو.

ژنان مافی جیابوونەوە لە پیاوەکەکانیان هەبوو، بەو مەرجەی کە بڕەپارەیەک بدەن بە پیاوەکانیان.ئەم نەریتەش بە “خعل”دەناسرایەوە کە ئایینی ئیسلامیش رای لە سەرە و لە شەرعدا وەک تەڵاقی خەلع دەناسرێتەوە، کە ژن دەتوانێ بە بەخشینی هەموو یان بەشێک لەو مارەییەکەی لە هاوسەرەکی جیا ببێتەوە،هەروەها دەیانتوانی لە کاتی هاوسەرگیری مەرج دابنێن، بەو مانایە کە مافی تەڵاقیان هەبێ کە ئەمەش لە ئاینی ئیسلامدا بە فەرمی ناسراوە.

سەبارەت بە منداڵەکانیش، واباو بووە کە دایکان شیر نەدەن بە منداڵەکانیان و دوای لە دایکبوونیان بیانسپێرنە دەستی دایە. پێغەمبەری ئیسلامیش شیری دایکی خۆی نەخوارد ولە لایەن هەشت ژنەوە شیری دراوەتێ کە بەناوبانگترینیان حەلیمە بووە.تەنانەت کاتێک کە منداڵیان بە دیل دەگرت پەرەستار(حاضنە)یان بۆ دەبینیەوە تا منداڵەکە گەورە بکات.

پێغەمبەری ئیسلام تا تەمەنی ٦ ساڵی کە دایکیشی مابوو لە لایەن پەرەستارێکەوە بە ناوی “ام ایمن”بەخێو دەکرا.هەر وەک “ابن اسعد”لە کتێبی چینە گەورەکان کە یەکی لە سەرچاوە سەرەکیەکانی مێژووی سەرەتاکانی ئیسلامە ئاماژەی پێداوە، هۆی ئەوەی کە دایکان شیریان بە مندالەکانیان نەدەدا یان گەورەیان نەدەکردن، ئەوە بووە کە دەرفەتی ئەوەیان هەبێ کە بە ئاسانی و ئازادانە لە گەڵ هاوسەرەکانیان پەیوەندی سێکسییان هەبێ و سەرلەنوێ دوگیان ببنەوە،هەروەها ئەم باوەڕەش هەبووە کە پەیوەندی سێکسی زیان بە شیری دایک دەگەیەنێ.

ئایینی ئیسلام، بە تەواوی کەلتوری کۆمەڵگای مەککەی گۆڕی و زۆرێک لە نەریتە باوەکانی ئەم شارەی قەدەغە کرد، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە و ئەم سنووردارکردنە بەرە بەرە بە ئەنجام گەیشت.وادێتە بەرچاو دەستپێکی ئەم گۆڕانکاریانە دوای چوونی پێغەمبەری ئیسلام بۆ مەدینە روویدا. ئەو کاتەی کە کەلتوری خەڵکەکەی لە رووی رەفتاری سێکسی و چۆنیەتی مامەڵە لە گەڵ ژنان لە گەڵ کەلتوری مەککە جیاواز بوو.

اوس  وخزرج، دوو قەبیلەی سەرەکی مەدینە بوون  وهەر وەک خەڵکی مەککە بت پەرەست بوو، بەڵام بەشێک لە دانیشتوانی شارەکە یەهودیەکان پێکیان دەهێنا کە پێگەی ژنان بە پێی ئایینی یەهودیەت پێناسە کرابوو. لەم کۆمەڵگایە هاوسەرگیری رێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەبوو، پەیوەندی لە دەرەوەی هاوسەرگیری قەدەغە کرابوو و سەبارەت بە جل و بەرگی ژنان جۆرێک لە حیجاب دیاریکرابوو.

بە چوونی پێغەمبەری ئیسلام بۆ مەدینە، بتپەرستان و بەشێک لە جوولەکەکان روویان کردە ئایینی ئیسلام و پێغەمبەریش وەک حاکمی شارەکە جێگای خۆی کردەوە. بەم پێیە یەکەمین حکومەتی ئیسلامی دامەزرا. بەو شێوەی کە لە کتێبە مێژوویەکاندا هاتووە، دوای ماوەیەک پیاوەکانی مەدینە بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی کۆچبەران لە گەڵ ژنان کە لە مەککەوە هاتبوون سکاڵایان بردە لای پیغەمبەری ئیسلام. دواجار دوای ئەوەی کە شاری مەککە گیرایەوە هەمان یاسا و رێوشوێنی سنووردار کراو لە شاری مەککە گیرایە بەر.

گروپێک لە داکۆکیکارانی ئایینی ئیسلام دەڵێن، ئەوەی کە ژنان و پیاوان لە مەککە پێش ئەوەی کە ئایینی ئیسلام گشتگیر بێ ئازادی زۆرتریان هەبوو بەو مانا نییە کە ژنان پێگەی و مافی زیاتریان هەبێت، بەڵکو بەو مانایە کە ژنان وەک ئامرازێک هەژمار کراون و هەر وەک ئامرازیش بەکار هاتوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com