پارتی: دەبێت یەکگرتوو داوای لێبوردن بکات.. یەکگرتوو: داوای لێبوردن ناکەین

0

پارتی دەبێت یەکگرتوو داوای لێبوردن بکات.. یەکگرتوو داوای لێبوردن ناکەین
نوچەنێت
لەبەیاننامەیەکدا لەمەڕ ڕووداوەکانی شاری زاخۆ و سمێل مەکتەبی سیاسی پارتی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند”ئەو ئاڵۆزییانە لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە پەلاماردانی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ھاووڵاتیبوونی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە لە کوردستاندا و بەرپاکردنی پشێوییە لە ھەرێمدا تا ھەنگاوەکانی پڕۆسەی پێشڤەچوونی کۆمەڵگاکەمان پەکبخرێ و ئاوەدانکردنەوە و گەشانەوەی ھەرێمەکەمان شکستی پێ بھێنرێ و ھەوڵە جددی و بە بەرنامەکانی چاکسازی راگیرێ و نەھێڵرێ بگەنە ئامانجەکانیان”.
مەکتەبی سیاسی پارتی لەبەیاننامەکەیدا ئەوەشی راگەیاندوەە”ئێمە لە کاتێکدا شێوازی کاردانەوەی یەکگرتووی ئیسلامی رەتدەکەینەوە و تۆمەتبارکردنی پارتیمان لەلایەن ئەوانەوە جێی قبووڵ نییە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و بەرپرسیارێتی ئەوەیان دەخەینە ئەستۆ کە داوای لێبووردن لە پارتیمان بکەن و ئەو ھەڵمەتەی لە دەزگاکانی راگەیاندنیان دژی پارتیمان بەرپایان کردووە ھەرچی زووە رایگرن”.
لەبەرانبەردا، د.محەمەد ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی شورای یەكگرتوو بەسایتی هاوڵاتی وت”ئێمە تاوانمان بەرانبەر ئەنجامدراوەو ئەوان تۆمەتبارمان دەكەن بەشتێك كە هیچ لەبەرنامەی ئێمەدا نییە، كەسوتاندنی دوكانەكانی مەیفرۆشی لەزاخۆو دژایەتیكردنی مەسیحی و یەزیدیەكانە”.
سەرۆكی ئەنجومەنی شورای یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشدا یەكگرتوو پەیوەندییەكی زۆرباشی لەگەڵ مەسیحی و یەزیدیەكان هەیە.
د.محەمەد ئەحمەد وتیشی “ئێمە بارەگامان سوتێندراوەو بەرانبەر ستەم بێدەنگ نابین تا ئەوكاتەی ئەنجامدەران و ئەو لایەنانەی كەمتەرخەم بوون لەپاراستنمان لەكاتی سوتاندنی بارەگاكانماندا راپێچی دادگا نەكرێن”.
ده‌قی‌ بەیاننامەكەی مەکتەبی سیاسی پارتی:
جەماوەری خەڵکی کوردستان..
رۆژی ھەینی ٢ی ئەم مانگە لە شاری زاخۆ پاش فەتوای مەلایەک لە نوێژی ھەینیدا، کە ھێرشکردنە سەر سەنتەرەکانی ماساژ و ھۆتێل و جێگاکانی گەشتوگوزاریی بە جیھاد داناوە و ھانی خەڵکی داوە لە دژییان. ژمارەیەک یاساشکێن بوونەتە سەرقافڵەی ئاپۆڕای خەڵکانێک و بە شێوەیەکی تێکدەرانە پەلاماری ئەو شوێنانەیان داوە و سووتاندوویانن. دواتر ئەم ئاڵۆزییە زوو بە زوو بەھەمان شێوە و رەفتار تەشەنەی کرد بۆ سێمێڵ و ھەندێ شوێنی تری ئەم دەڤەرە، ئیتر دەرکەوت ئەم کارە تێکدەرانە کارێکی بەرنامەبۆداڕێژراوە و ھێرشبەرانی بۆ ئامادەکراوە و ئامانجەکانیشی دیاری کراون بۆ پەلاماردانی ھەموو ئەو شوێنانە کە بەتایبەتی بەرژەوەندی و سەرمایە و ماڵ و موڵکی ھاووڵاتیانی مەسیحی و ئێزدین.
خەڵکی ئاشتیخوازی کوردستان…
ئەو ئاڵۆزییانە لەرووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە پەلاماردانی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ھاووڵاتیبوونی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە لە کوردستاندا و بەرپاکردنی پشێوییە لە ھەرێمدا تا ھەنگاوەکانی پڕۆسەی پێشڤەچوونی کۆمەڵگاکەمان پەکبخرێ و ئاوەدانکردنەوە و گەشانەوەی ھەرێمەکەمان شکستی پێ بھێنرێ و ھەوڵە جددی و بە بەرنامەکانی چاکسازی راگیرێ و نەھێڵرێ بگەنە ئامانجەکانیان. بۆیە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە ئەم کارە تێکدەرانەیە لە سنووری خۆیدا ئابڵووقە بدرێ و بە ھاوکاری نێوان ھەموو حزبە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم چارەسەری بە پەلەی بۆ بکرێ و جگە لە دووبارەنەبوونەوەی لە ھیچ شوێنێکی دیکە، لێکەوتەی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێ و دەرگاکانی چارەسەر لە ھەموو لایەکەوە بکرێنەوە و بە شێوەیەکی تایبەتیش ژیان و ماڵ و سامانی ھاووڵاتیانی مەسیحی و ئێزدی بپارێزرێن و ھاندەران و ئەنجامدەرانی ئەم کاری تێکدەرانە دەستگیر بکرێن و ببرێنە بەردەم دادگا.
ئێمە لە کاتێکدا شێوازی کاردانەوەی یەکگرتووی ئیسلامی رەتدەکەینەوە و تۆمەتبارکردنی پارتیمان لەلایەن ئەوانەوە جێی قبووڵ نییە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و بەرپرسیارێتی ئەوەیان دەخەینە ئەستۆ کە داوای لێبووردن لە پارتیمان بکەن و ئەو ھەڵمەتەی لە دەزگاکانی راگەیاندنیان دژی پارتیمان بەرپایان کردووە ھەرچی زووە رایگرن، ھەروەھا ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتگیریی کارەکانی ئەو لیژنەیە دەکەین کە سەرۆکی ھەرێم بڕیاری داوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم رووداوە پێکبھێنرێ و ھاوکاریی تەواوی دەکەین. ھاوکات تواناکانمان تەرخانن بۆ پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئاوەدانی و پێشکەوتن لە ھەرێم و سووربوونمان لەسەر بەردەوامبوونی پڕۆسەی چاکسازیی دووپات دەکەینەوە.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com