نوچەنێت
بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، كە لەسەر بازاڕی جیهانیی نەوت بڵاوبووەتەوە، نرخی نەوت بەرەو جێگیربوون ئاراستەی گۆڕیوە و رەنگە زیاتریش بەرزبێتەوە.
دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێنەر، یارمەتیدەرە بۆ نەمانی زیادەی نەوت لە بازاڕدا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئاماژەی ئاشكرا بەدیدەكرێن لەسەر ئەوەی هێزەكانی بازاڕ دەستە سیحراوییەكانیان ئاشكراكردووە و ئەو بەرهەمهێنەرانەی نەوت، كە بە تێچووێكی زۆرەوە نەوت بەرهەمدەهێنن، لە بازاڕ لادەدەن.
ئاژانسەكە پێشبینیشی كردووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا ئەمساڵ رۆژانە 530 هەزار بەرمیل كەم بكات. زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانیش بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لەو ئاستەدا نەبووە بازاڕی نەوت بشڵەژێنێت.
ئاژاسنی نێودەوڵەتی وزە لەبارەی داهاتووی نرخی نەوت دەڵێت، هەندێ ئاماژەی ئەرێنی بەدیدەكرێن بۆئەوەی بازاڕی نەوت لە ساڵی 2017 دا بتوانێت هاوسەنگ بێت. ئاراستەی ئێستای بازاڕی نەوت ئاراستەیەكی دروستە و بەرەو سەقامگیربوونی نرخی نەوت دەڕوات، هەرچەندە كاتێكی زۆری پێویستە.
لەماوەی یەك هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوت توانیویەتی پارێزگاری لە ئاستی 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بكات كە بەراورد بە نێوەڕاستی مانگی دوو، بە رێژەی سەدا 25 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هەرچەندە بەراورد بە 20 مانگی رابردوو، هێشتا نرخی نەوت لە ئاستێكی نزمدایەو بە رێژەی سەدا 70 بەهای خۆی لەدەستداوە.