نوچەنێت-رادیۆ فەردا
مەحمود ئەحمەدی نژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، دوای چەندین مانگ لە بێ دەنگی بە رەخنە و گازندە لە کاروکردەوەی دەوڵەتی حەسەن روحانی و رێککەوتنی ئەتۆمی بێ دەنگیەکەی شکاند و گوتویەتی: ئەوانەی کە خۆیان بە قارەمان و سەرکەوتوودەزانن ئاگادار بن کە شۆڕشی ئیسلامی لە سەرەتای رێگادایە.
ماڵپەڕی خۆجێی”ورامین ما” بەشێک لە وتارێکی ئەحمەدی نژادی بڵاوکردۆتەوە کە لە یادی”شەهیدەکانی عەمەلیاتی خەیبەر” پیشکەشی کردووە.
ئەحمەدی نەژاد، لە بەشێک لە وتارەکەیدا دەڵێت: دوژمنان لە پلانیاندایە بە هۆی رێککەوتنی ئەتۆمیەوە بە سەر خەڵکی ئێراندا زاڵ بن، ئەمە تەنها خەیاڵێکی خاوە و هیچی تر نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە بێ ئەوەی کە ئاماژە بە ناوی حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بدات، گوتویەتی: خاک بە سەر ئەو سیاسەتوانەی کە لە رێگای دوورەوە فەرمان دەدات و بایی ئەوەندە گوێ نادات کە خەڵک بوونی هەیە.
سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، هەروەها هێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و رۆژئاوا و دەڵێت: لە ناو خەڵکی ئێمە دوژمن دادەتاشن و بە دوای ئەوەدا دەگەرێن، کە رووداوی کەربەلا دووبارە بکەنەوە.