نوچەنێت-رادیۆ فەردا
دوابەدوای مانۆڕی موشەکی سوپای پاسدارانی ئێران، جۆ بایدەن جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە ئیسرائیل گوتویەتی: ئەگەر تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران رێککەوتننامەی ئەتۆمی پێشێل بکات، ئەمریکا وەڵامی گونجاوی دەبێت.
مارک تونەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە تاقیکردنەوە موشەکی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە پێشێل کردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەسفکرد.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران، رۆژی چوارشەممە 9-3-2016، هەواڵی هاویشتنی دوو موشەکی بالستیکیان لە بەرزاییەکانی رۆژهەڵاتی البرز(ئەلبۆرز)، لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بڵاوکردەوە.
لە چوارچێوەی مانۆڕی موشەکی سوپای پاسداران، رۆژی سێشەممە چەند موشەکێک لە لایەن سوپای پاسدارانەوە تاقیکراونەتەوە.
ئێران دەڵێت، دروستکردن و تاقیکردنەوەی موشەکی بالستیکی تەنها رەهەندی بەرگریکارانەی هەیە و بە پێشێل کردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش هەژمار ناکرێت.