نوچەنێت
سەرچاوەیەك لە لێژنەی دەستپاكیی عێراق ڕایگەیاندووە، نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، بە شێوەیەكی نایاسایی، بڕی 35 ملیار دۆلاریان لە یەدەگی عێراق راكێشاوە كە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.
عێراق دەرگای بەنكی ناوەندی بۆ خەرجكردنی یەدەگی دراوەکەی، كە ماوەی نزیكەی سەد ساڵە بە بڕی 80 ملیار دۆلار بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە، پاشەکەوت کراوە و ئێستا مالیكی و عەبادی، نزیكەی 35 ملیار دۆلاریان لەو پاشەكەوتە یەدەگە خەرج كردووە.
لەمبارەیەوە ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكیی عێراق، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هەموو وڵاتێك پێویستی بە پارەیەكی یەدەگ هەیە، بە مەبەستی پشتگیریكردن لە پارەی نەختینەیی، عێراقیش وەك هەر وڵاتێك لە ساڵی 1920ەوە ئەو پاشەكەوتەی هەبووە تا ساڵی 2003، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو پارە یەدەگە گەیشتە نزیكەی 80 ملیار دۆلار، بە تایبەتی كە كەوتبووە ژێر بەندی حەوتەمی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە كەس بۆی نەبوو دەستكاری یەدەگە پاشەكەوتەكە بكات، بەڵام دوای دەرچوونی عێراق لەو بڕگەیە، عێراق توانی نەوتی خۆی بفرۆشێت و یەدەگەكەی تا ڕادەیەكی زیاتر بەرز بووەوە، بەڵام بەهۆی ناشەفافیەت و نەبوونی پلانی ستراتیژی و بوونی مافیاكان كە دەوری مالیكییان دابوو، بەشێكی زۆری ئەم یەدەگە بە فیڕۆ درا.
ئەندامەكەی لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونی كردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی بۆ یەدەگەی دراوی عێراق، بۆی دەركەوتووە كە نزیكەی 35 ملیار دۆلار لە كۆی زیاتر لە 80 ملیار دۆلار، دەرهێنراوە و خەرج كراوە. گوتویەتی “”ئەم كارە پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمان هەیە، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ دەزگا شەرعییەكان، ئەم پارە یەدەگە بە فیڕۆ دراوە”.