نوچەنێت
پەیمانگای” دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی” ئیسرائیل دەڵێت:پەیوەندی هەرچی نزیکتری تورکیا لە گەڵ سعودیە و وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بە تایبەت ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و میسر دەبێتە هۆی پێکهاتنی بەرەیەکی سوننەی بەهێز لە ناوچەکە، کە دەتوانێ پێش بە دەسەڵات و پاوانخوازی ئێران بگرێت.
سعودیە بە جیدی لە هەوڵدایە پێش بە دەسەڵاتی ئێڕان بگرێ لە ناوچەکە
واژۆکرانی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی 1+5 و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ئێران، لە جانیوەری ٢٠١٦، دوو روداوی گرنگ و یەکلاکەرەوە بوون بۆ سعودیەکان، بە جۆرێک کە بوونە هۆی ئەوەی کە لایەنگرانی گرتنەبەری سیاسەتی توندڕەوانە لە دژی ئێران لەم شانشینە بەهێزتر بن.لە راستیدا، پێشگرتن بە دەسەڵات و هێزی ناوچەیی ئێران ئامانجێکی ستراتیجی سعودیە-یە کە تا رادەیەک ئەنجامی نانکۆکی تایفییە لە ناوچەکە. بۆ ئەو کەسانەی کە شارەزای ئاسایش وسیاسەتی دەرەوەی سعودیەن، تورکیا ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەییە. لە روانینی بەرپرسانی ریاز، تورکیا هێزێکی سوننەی ناوچەکەیە کە شارەزای هێز وتواناکانی خۆی نییە ،چونکە تا ئێشتا نەیتوانیوە پێش بە سیاسەتی هێرشکارانەی ئێران لە ناوچەکە بگرێت و لەم روەوە شکستی هێناوە.
نزیک بوونەوە تورکیا لە سعودیە و هاوکاریی سەربازی نێوان دوو وڵات لە ماوەی رابردوودا
دەبێ بگوترێ کە دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا و ئەو قەیرانەی کە لە پەیوەندیەکانی نێوان ئەودوو ڵاتە، کە دوابەدوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەر روسیا لە لایەن تورکیاوە هاتە کایەوە، بووە هۆی ئەوەی کە تورکیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوەی خۆی بکات و کۆمەڵێک گۆڕانکاری رەچاو بکات.
ئەم گۆڕانکاریانە و هەروەها تەریک کەوتنەوەی دبلۆماسیەتی ئەنقەرە، لە ناوچەکە بووە هۆی ئەویە کە تورکیا رێگای هاوکاری و نزیکبوونەوە لە گەڵ سعودیە و وڵاتانی عەرەبی کەنداو بگرێتە بەر .بە ناردن و جێگیرکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سعودیە بۆ بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک، کە رەنگە ببێتە هۆی هاوکاری زیاتری سەربازی وتەنانەت ناردنی هێزی زەمنی، پەیوەندیەکانی ئەم دوو وڵاتە چووە قۆناغێکی تازەوە .ئەگەر چی بە رواڵەت ئەم هاوکاریەی نێوان سعودیە و تورکیا، بە فەرمی بەشێکە لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوە لە دژی داعش بەڵام واقعەکەی زۆرتر خۆی لە نیشاندانی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی نێوان دوو وڵات دەبینێتەوە.
هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە لە سێدارەدانی شێخ نەمر
لەو کاتەوە کە سەلمان بن عەبدولعەزیز، لە جانیوەری ٢٠١٥ گەیشتۆتە سەر کورسی دەسەڵات، هەوڵەکان بۆ گرێدانی پەیوەندی نزیکتر لە نێوان سعودیە وتورکیا چرتڕ بۆتەوە. لە میانەی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ ریاز لە دیسەمبەری ٢٠١٥ کە سێهەمین سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەم وڵاتە بوو، لە ماوەی ئەو ساڵەدا. بەرپرسانی تورکیا و سعودیە پێکهێنانی”ئەنجومەنی هاوکای ستراتیجی”لە نێوان هەردوو وڵات خستە بەرباس.
ماوەیەک دوای ئەم بڕیارە، سعودیە، شێخ نەمر کەسایەتی شیعەی وڵاتەکەی لە سێدارەدا. کاردانەوەی ناوخۆ و لایەنە دەرەکیەکان لەم بارەوە جۆرێک بوو لە هەڵسەنگاندنی وەفاداری بە سعودیە.
ئەردۆغان لە لێکداونێکدا لەم بارەوە رایگەیاند، کە “لە سێدارەدان لە سعودیە بابەتێکی یاسایی ناوخۆی ئەم وڵاتەیە” ودواتر ئاگربەردان وهێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی سعودیە، لە تاران و مەشهەد، مەحکوم کرد و بە کردەوەیەکی نەشیاوی وەسف کرد کە قابلی تەحەمولکردن نییە.
هاوکاری تورکیا و سعودیە، بە ئاراستەی پێکهێنانی هاوسەنگی بەرامبەر بە هێزی ناوچەیی ئێران
تورکیا سەرباری پشتیوانی مەعنەوی لە ریاز، چووە ریزی”هاوپەیمانێتی ئیسلامی دژ بە تیرۆریزم”،هاوپەیمانییەک کە لە ٣٤ وڵات پێکهاتووە و هەواڵی پێکهێنانی لە دیسەمبەری ٢٠١٥ لە لایەن سعودیەوە راگەێنرا. وێڕای ئەمانەش، تورکیا و سعودیە بۆ هاوسەنگ کردنی دەسەڵات وهێزی ئێران لە ناوچەکە، لە حاڵەتێکی گشتیدا پشتگیری زیاتری خۆیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، خستە روو. هەروەک چۆن دواتر کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێری پایتەخت کرایەوە. سەرباری ئەمانەش تورکیا، پشتگیری دەستوەردانی سەربازی سعودیای لە یەمەن کردووە.
هەڵوێستی یەکسانی دوو وڵات بەرامبەر بە قەیرانی سوریا
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە گەڵ شاندێکی باڵا پێکهاتوو لە چەندین وەزیر و سەرۆکی دەزگای زانیاری تورکیا سەردانی سعودیەی کرد و لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە. دوابەدوای ئەم سەردانە، گریمانی ئەوە کرا کە دوو وڵاتە، لە هەوڵدان زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە. هەماهەنگی و هاوهەڵوێستی نێوان تورکیا وسعودیە لە خولی سێهەمی دانیشتنەکانی جنێف کە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی سوریا بووە سەلمێنەری ئەم گریمانەیە.
وادێتە بەرچاو کە سعودیە وتورکیا، لە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە سوریا بێهیوابوون. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە، کە بە تەمای پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیەتی، بە یەکجاری وەلابنێ. لەم رووەوە ئەم دوو وڵاتە لە هەوڵدان ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بگۆڕن.
نیگەرانی هاوبەشی تورکیا و سعودیە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی روسیا لە سوریا
خستنە ژێر گوشاری ئەمریکا، هەندێک سەرکەوتنی بەدواوە بوو. بۆ وێنە بڕیاردان لەو بارەوە کە نوێنەری پەیەدە بانگهێشتی وتووێژەکانی جنێف نەکرا.
لە لایەکی دیکەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی روسیا لە سوریا، بۆتە هۆی نیگەرانی ئەم دوو وڵاتە، نە تەنها لەو رووەوە کە دەبێتە هۆی درێژتربوونەوەی شەڕی سوریا ومانەوەی ئەسەد لە سەر دەسەڵات، بەڵکو لەو رووەشەوە کە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی روسیا بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو گروپ و لایەنانەی، کە لە لایەن ئەم دوو وڵاتەوە پشتگیری دەکرێن. مانایەکی دیکە ی ئەم نیگەرانیە ئەوەیە کە چیدی ناتوانن یارمەتی ئەم گروپانە بدەن .
ئۆگری تورکیا بە پاراستنی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی خۆی لە گەڵ ئێران
سەرباری ئەم بابەتانە، ئەنقەرە هاوکات کە پەیوەندیەکی نزیکی لە گەڵ ریاز هەیە. بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی تورکیا خوازیاری گەڕانەوە تاران وریازن، بۆ کەناڵی دبلۆماسی وهەوڵەکانیان بە ئاراستەی کەمکردنەوە ناکۆکیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بووە.
ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ ویستی تورکیا سەبارەت بە پاراستنی پەیوەندییەکی سیاسی تەندروست و گونجاوە لە گەڵ ئێران. ئەم بابەتەش جێی سەرسووڕمان نییە، چونکە تورکیا بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی بەستراوە بە ئێرانە وە، ئێرانیش لە دوای روسیا دووەمین وگرنگترین هەناردەکەری گازە بۆ تورکیا. جێی ئاماژەیە کە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ نزیک بە ١٨%ی پێداویستی گازی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. وێڕای ئەمانەش، دوای ئەوەی کە گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ئێران هەڵگیران، تورکیا لە پلانیدایە ئاست و قەبارەی بازرگانی خۆ لە گەڵ ئەم وڵاتە درێژە پێبدات.
سعودیە و قەتەر گرنگترین وەبەرهێنەرانن لە ئابوری تورکیا
لە کاتێکدا کە پشتگیری تورکیا، بۆ ئیخوانەکان و دژایەتی ئەم وڵاتە لە گەڵ حکومەتەکەی سیسی، لە میسر لەمپەرێکە لەبەردەم نزیکبوونەوەی زیاتر تورکیا و سعودیەو ووڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەڵام سعودیە لە ئێستادا سیاسەتێکی واقعبینانەتری لە بەراورد لە گەڵ رابردوو سەبارەت ئیخوانەکان گرتۆتە بەر.
لە روانگەی سعودیەوە، سیاسەتی پاوانخوازانەی ئێران، لە ناوچەکە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمن وئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە سعودیە بیر لە پێکهێنانی بەرەیەکی سوننەی بەهێز و یەکگرتوو بکاتەوە. وێڕای ئەمەش،هاوتەریب لە گەڵ خوێندنەوەی ستراتیجی، وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە تایبەت سعودیە و قەتەر گرنگترین وەبەرهێنەرانن لە ئابوری تورکیا.
چەند ساڵێکە تورکیا پەیوەندییەکی نزیکتری لە گەڵ قەتەر گرێ داوە. لە دیسەمبەری ٢٠١٥ ئەم دوو وڵاتە بە شێوەی فەرمی دروستکردنی بنکەی سەربازی تورکیا، لە سەر خاکی قەتەریان بە مەبەستی جێگیرکردنی سێ هەزار سەربازی تورکیا لەم وڵاتە راگەیاند. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆقۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات.
دروستکردنی ئەم بنکە سەربازیە، ئاماژەیەکی نوێیە بۆ دەرکەوتنی سەربازی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. تورکیا بەڵێنیداوە کە مەشق و راهێنان بە هێزی سەربازی سوپای تورکیا بکات. سەرباری هاوکاری ئەمنی ستراتیجی نێوان قەتەر و تورکیا، دوو وڵات لە بواری ئابوری و وەبەرهینانەوە هاوکاری نزیکیان هەیە.لە واقعدا، تورکیا بە نیازە رێژەی هەناردەی گازی سروشتی خۆی لە قەتەر زیاتر بکات.
ئەنقەرە لە پلانیدایە، پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەست پێبکاتەوە.
تورکیا لە هەوڵدایە پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بنیات بنێتەوە .لە لایەکی دیکەوە تورکیا لە گەڵ سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، هەندێک ناکۆکی هاوبەشی هەیە کە لە هەڵی چارەسەرکردنیاندایە.بۆ نمونە رەخنەی توندی ئەنقەرە، لە سیسی و پشتیوانی تورکیا لە ئیخوانەکان، لە بەرامبەردا پشتگیری و پشتیوانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بۆ خستنی دەوڵەتی مورسی لە جولای ٢٠١٣ لە میسر. سەرهەڵدانی ئەم کێشانە لە راستیدا بوونەتە لەمبەر و بەربەست لە سەر رێگای هاوکاری تورکیا و وڵاتانی دیکەی کەنداو، لە رووی بازرگانیەوە.
مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەم دواییانە رایگەیاند کە لە پلانیدایە سەردانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکات و لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆبێتەوە. ئەمەش موژدەبەخشی وەرزێکی تازەیە لە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەرەو باشتر چوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، دەبێتە هۆی پێکهێنانی بەرەیەکی سوننەی بەهێز
هۆکارێکی دیکەی نزیکبوونەوەی تورکیا لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، بۆ تەریک کەوتنەوەی دبلۆماسی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە. لە ئیستادا تورکیا لە ئیسرائیل، میسر و سوریا باڵویزی نییە. ئەگەر سعودیە بتوانێ یارمەتیە ئابوریەکانی خۆی بۆ میسر بکاتە کارتێک و لەم رێگەوە نێوانگیری نیوان قاهیرە وئەنقەرە بکات، دەکرێ بگوترێ کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی نزیکبوونەوە و دامەزرانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نیوان تورکیا و وڵاتانی دیکەی کەنداو، لە ئەنجامدا بەرەیەکی سوننەی بەهێز بەرامبەر بە ئێرانی شیعە و دەمڕاستی شیعەگەرایی پێک دێ.هەر بەم پێیە پێکهێنانی پەیوەندی بەهێز لە نیوان تورکیا و میسر دەتوانێ هەلومەرجێک بۆ ئیسرائیل پیک بێنێ، کە پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ تورکیا بنیات بنێتەوە.
لە ئێستادا بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، نیگەرانی میسرە لەو ئیمتیازاتەی کە لە ئەگەری رێککەوتن و سازان لە لایەن ئیسرائیلەوە بدرێت بە تورکیا. بەم پێیە تورکیا دەستی باڵای لە غەزە دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان میسروپەیوەندی ئیخوانەکان لە میسر، بەڵام یەکگرتوویی و پەیوەندی بەهێز لە نێوان سعودیە، میسر و تورکیا تا دەتوانی تا رادەیەک ئەم نیگەرانیانە بڕەوێنێتەوە.