نوچەنێت
نرخی نەوت لەماوەی هەفتەی رابردوودا، بەڕێژەی لەسەدا 10 بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینیوە، بەهۆی چەندین هۆكار كە دیارترینیان كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئەمریكا.
رۆژی هەینی نرخی گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی برنت 1.86 دۆلار و بەڕێژەی لەسەدا 4.7 بەرزبووەوەو گەیشتە 38.93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و نرخی نەوتی خاویش 1.55 دۆلار بەڕێژەی لەسەدا چوار بەرزبووەوەو گەیشتە 36.09 دۆلار.
شارەزایان دەڵێن، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كەمبوونەوەی بەردەوامی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئەمریكا بۆ هەفتەی حەوتەم لەسەریەك.
بەپێی ئامارەكان بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا، نزمترین ئاستی تۆماركردووە لە مانگی 11ی 2014ەوە تائێستا بەگەیشتنی ئاستی بەرهەمهێنان بە نزیكەی نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
كەمبوونەوەی ژمارەی هەڵكەندنی سەكۆكانی نەوت لە ئەمریكا، بۆ هەفتەی 11یەم لەسەریەك هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە.
شارەزایان دەڵێن، گریمانەیەكی بەهێز هەیە بۆ رێككەوتنی بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوت لە جیهاندا، تا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەكەن و لەئاستی مانگی یەكی ئەمساڵدا بۆ ماوەی ساڵێك یان شەش مانگ بەلانی كەمەوە، بیهێڵنەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە ناوەڕاستی مانگی رابردوو هەریەكە لە روسیاو سعودیەو قەتەرو و فەنزوێلا، لەسەر هێشتنەوەی بەرهەمی نەوت لە ئاستی مانگی یەكی ئەمساڵداو بەرزنەكردنەوەی رێژەكەی گەیشتنە رێككەوتن، ئەوەش بە ئامانجی پاڵپشتی لە نرخی نەوت تا زیاتر نزم نەبێتەوە.
پێشتر ئیمانویل ئیبی كاتشیكو وەزیری نەوتی نێجیریا بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاندبوو، ئەندامە سەرەكییەكانی رێكخراوی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) رۆژی 20ی ئەم مانگە كۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نوێ لەسەر بەرزنەكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.