نوچەنێت-رادیۆ فەردا
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، کە سەردانی تارانی کردووە، ئەمڕۆ شەممە 5-3-2016، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا گوتویەتی: ئێران و تورکیا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ململانێ و ناکۆکی تایفی لە ناوچەکە، بگەنە روانگەیەکی هاوبەش.
داود ئۆغڵو لە درێژەدا دەڵێت: رەنگە جیاوازی بۆچونمان هەبێت بەڵام ناکرێت، مێژوو و جوگرافیای خۆمان بگۆڕین.
داود ئۆغڵو، کە لە گەڵ ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بەشداری کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش ببوو، ئاماژەی بەوەداوە: بەلای تورکیا و ئێران زۆر گرینگە، کە روانگەیەکی هاوبەشیان هەبێت، تا لەم رێگەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی لە ناوچەکە بهێنن ویارمەتی بە وەستاندنی کێشمەکێشی نەتەوەیی و تایفی بدەن لە ناوچەکە.
بە گوێرەی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ئیسحاق جەهانگیری سەبارەت بە قسەکانی داود ئۆغڵو گوتویەتی: رەنگە لە هەندێک پرسی ناوچەیی لە گەڵ تورکیا جیاوازی بۆچونمان هەبێت، بەڵام هەوڵدەدەین بە ئیدارەدانی ئەم ناکۆکیانە، چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزینەوە.
ئەمڕۆ شەممە داود ئۆغڵو، ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە سەرباری ئەوەی کە لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی سوریا لە گەڵ ئێران ناکۆکیان هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن، پەیوەندیەکانیان لە گەل ئێران باشتر بکەن.