نوچەنێت
لە کاردانەوە بەرامبەر بە هەڵوێستی ئەنجومەنی هاوکاری کەناوی فارس، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەوانەی کە حیزبوڵای لوبنان بە تیرۆریست دەناسن، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئەمن و ئاسایشی لوبنانیان کردۆتە ئامانج.
شەش وڵاتی عەرەبیی کەنداو، رۆژی چوارشەممە ٢-٣-٢٠١٦، حزبوڵڵای لوبنانیان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێ بە رێکخراوێکی تیرۆرستی ناساند.
عەبدول لەتیف زیانی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، کە حزبوڵڵای لوبنان، بۆتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی.
جێگری وەزارەتی دەرەوی ئێران، وەک کاردانەوەی بەرامبەر بەم هەڵوێستەی وڵاتانی عەرەبی کەناو گوتویەتی، حزبوڵڵا لە هێڵی پێشەوەی بەرەی دژ بە رژێمی سەهیۆنیزمە، بۆیە شانازی پێوە دەکەین.
جگە لە وڵاتانی عەرەبی، ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، ئەمریکا،کەنەدا، فەرەنسا، ئۆسترالیا، هۆڵەندا و ئیسرائیل، رێکخراوی حزبوڵڵای لوبنان، بە گروپێکی تیرۆرستی ناو دەبەن.
یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و نیوزلەندا، باڵی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانیان خستۆتە لیستی تیرۆری خۆیانەوە.
حزبوڵڵای لوبنان، رێکخراوێکی میلیشیاییە، کە لە دەیەی ١٩٨٠ بە پشتیوانی دارایی و سەربازی راستەوخۆی ئێران، لە نیوان شیعەکانی لوبنان دامەزرا.