نوچەنێت
هەڵبژاردنەکانی ٧ی رەشەمێ/٢٦٧ فێبریوەری ٢٠١٦، سەرەتایەک بوو، بۆ هەڵسەنگاندنی بیرورای گشتیی لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئەم وڵاتە، لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان. لێرەوە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە ئایا ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە چرای سەوز، بۆ سەرخستنی چاکسازی سیاسی و ئابووری، بەو شێوەیەی کە حەسەن روحانی بەڵێنی داوە؟
چالاکانی سیاسی ئۆپۆزسیۆن پێیانوایە، کە سەرباری رەتکردنەوەی شیاوێتی بەربژێران، ئەم هەڵبژاردنە لە بنەڕەتدا تەزویرییە، بەڵام شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەن، کە ئەم هەڵبژاردنە لای حەسەن روحانی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ئێرانیەکانی نیشتەجێی ئەمریکا، دەڵێت: ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهاتەی ئەندامانی پەرلەمان بە شێوەیەک بێت کە لە ژێر رکێفی توندڕەوەکان بێتە دەر، دەکرێ بۆ حەسەن روحانی وەک دەستکەوت و باڵادەستییەک هەژمار بکرێ، لەبەرئەوەی رێگە بە روحانی دەدات، کە بۆ بەرەوپێشبردنی گٶڕانکاریەکانی جێی مەبەستی، هەنگاوی پێویست بنێ.
کۆمەلێک لە چاودێرانی دیکەی سیاسی پێیانوایە، کە ئەگەر روحانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستەوە بگرێ، گوشارەکان بۆ سەر روحانی لە پەیوەندی لە گەڵ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیە مەدەنیەکان زیاتر دەبێت.
رەنگە هەندێک لە شارەزایانی سیاسی پێیانوابێت، کە روحانی لە ترسی بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانیەکان زۆر بە جددی بە دوای سەرکەوتنەوە نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم سەرکەوتن بە دەست بێنێ، چاوەڕوانیەکانی خەڵک لە پەیوەندی لە گەڵ گۆڕانکاری و چاکسازی رەنگە لە کۆنتڕۆڵی دەسەڵات دەربچێ و ببێتە هۆی کێشە و گرفت بۆ رژێمی تاران. دوای ئەوەی کە رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بە هەمان ئاست چاوەڕوانی خەڵکیش بەرز بۆتەوە.
لاوازی و بێ توانایی روحانی، لە نمایشکردنی خاڵەبەهێزەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بۆ سەر ئەم وڵاتە، دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و کاردانەوەی سیاسی. روحانی نەیتوانی پێش بە رەتکردنەوەی شیاوێتی و دەسەڵاتی بەشێکی زۆر لە میانڕەو و ریفۆرمخوازەکان بگرێ کە بە تێکڕای لە لایەن ئەنجومەنی پاسەوانانی رێژیمەوە، لە بازنەی هەڵبژاردنەکان. ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە خەڵک ئە وپرسیارە لە خۆیان بکەن کە ئایا عەلی خامنەیی، وەک رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیەوێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە شێوەیەک ئاراستە وکۆنتڕۆڵ بکات کە رێگا ی چاکسازی و بەڵێنەکانی حەسەن روحانی بەربەست بکات؟
جیا لە دانوستانە ئەتۆمیەکان، هەوڵەکانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەرەوپێش بردنی رەوتی چاکسازی لەم وڵاتە لە باشترین حاڵەتیشدا سەرکەوتو نەبووە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتی رایانگەیاندووە، کە دۆخی مافی مرۆڤ لە سەردەمی حەسەن روحانی لەو پەری خراپیداتە، چونکە لە سەردەمی دەوڵەتی ئومێد و تەدبیر رێژەی لەسێدارەدان و سەرکوت و داپڵۆسین و ئاماری زیندانیانی سیاسی تا رادەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە و ئەمەش جێی نیگەرانیە.
ئەگەر هاوپەیمانی ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی دەوڵەت لەم هەڵبژاردنە سەربکەون، رەنگە روحانی بە دەستێکی ئاوەڵاترەوە بەرەو چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت. هەر چەند چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر رەوتەکە بگاتە قۆناغێکی هەستیار، بەرەورووی هێڵە سوورەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی و بازنەی سەرەکی دەسەڵات ببێتەوە. بە تایبەت ئەو کاتەی کە بیەوێ لە کەناڵی یاساییەوە تێپەڕببێ.
بەڵام دەسەڵاتی بێ سنووری ئەنجومەنی پاسەوانی لە بواری یاسایی و یاسادانەوە بە رادەیەکە، کە چالاکانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن وەک گەندەڵی و قۆرخکارییەکی گشتگیر وەسفی دەکەن. لەم گۆشەنیگایەوە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات پێوایە ئەم دەسەڵاتە بێ سنوورە بە تەواوەتی هەر جۆرە رەوتێکی دیموکراتی لە ئێران، خستۆتە ژێر سێبەری خۆیە و ناکرێت پێی گەشبین بین.
یەکێک لە سەرسەخت ترین لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، موجاهدینی خەڵکی ئێرانە کە لە ژێر ناوی ئەنجومەنی میللی بەرگری ئێران، لە واشنتۆن وپاریس نووسینگەی هەیە. ئەم رێکخراوە لە راپۆرتێکی ٧١ لاپەڕەییدا تیشکی خستۆتە سەر هەڵبژاردنی ئێران و بە گشتیی ئەم خاڵەی خستۆتە روو کە حکومەتی ئاخوندەکان لە ئێران، بە رواڵەت هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات بەڵام لە پشتی پەردەوە دەسەڵات بەردەوام لە دەستی وەلی فەقیهدا پاوان کراوە.
یەکێ لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بە واشنتۆن تایمزی گوتوە: ئێمە لەم رژێمەدا هیچ هەڵبژاردنێکی دیموکراتی بەدی ناکەین. رۆژئاواییەکان پێیانوایە لە ئێران دوو رەوتی میانەڕەو و توندڕەو گەمەی سیاسی دەکەن، بە لای ئێمەوە ئەم دوو رەوتە یەک شتن و هیچ جیاوازی و ناکۆکیەکیان پێکەوە نییە. ئەمە بەڵبژاردن نییە، بەڵکوهەڵبژاردنی هەڵبژێردراوەکانە، کە پێشتر لە فیلتەری دەسەڵاتەوە تێپەڕ بوونە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ئێرانیەکانی نیشتەجێی ئەمریکا، بۆجوونیکی دیکەی هەیەو دەلێت:هەڵبژاردن لە ئێران سەرباری ئەوەی کە گەمەیەکی سیاسی سنووردارە بەڵام لە خۆیدا جۆرێکە لە رکابەرایەتی و ئەنجامەکانیشی جاریوایە دەرهاویشتەی جددی بەدوادادێ.
مەترسی سەرەکی لێرەدایە کە لەم هەڵبژاردنانە رەوتی توندڕەوەکان تووشی شکست ببن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەتری بەدواوەیە، ئەگەر رەوتی توندڕەو بکەوێتە دەرەوەی بازنەی سستمی سیاسیەوە، رەنگە گوشارەکانیان لە دەرەوەی سیستەم زیاتر بکەن، لە ئەنجامدا کۆمەڵگا بەرەو دۆخێک لە رادیکاڵیزم و توندڕەوی پاڵ پێوە دەنێ. لێرەدا نیگەرانییەکی دیکەی دەسەڵات ئەوەیە کە زەمینە بۆ دەستوەردانی دەرەوەکی فەراهەم بکرێت و کێشە و گرفتەکانی سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتە ئاڵۆزر بکات.