نوچەنێت-میزان
سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی لە دژی هەوڵەکان بۆ پارچەپارچە کردنی سوریا و عێراق دەوەستێتەوە.
بە گوێرەی کەناڵی ئەلجەزیرە، ئەحمەد داود ئۆغڵو لە میانەی وتارێکدا لە یەکێک لە شارەکانی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا رایگەیاندووە، ئەنقەرە رێگەنادات ناوچەکە بە شێوازی سایکس بیکو دابەشبکرێت.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ویڕای ئەوەی کە پێیوایە هەندێک هەوڵ لە ئارادایە بۆ لاوازکردنی تورکیا گوتویەتی، پەکەکە پێشتر بەڵێنیان دابوو چەکەکانیان دابنێن، ئێستا بۆمان دەرکەوتوو چەکەکانیان کەڵەکە کردووە.
رێککەوتننامەی سایکس بیکو، رێککەوتنێکی نهێنی بوو، لە نیوان بەریتانیا و فەڕەنسە کە لە مانگی مەی 1916، لە میانەی شەڕی یەکەمی جیهانی و بە رەزامەندی روسیا، بۆ دابەشکردنی ئیمپراتوریەتی عوسمانی واژۆکرا. ئەم رێککەوتننامەیە بووە هۆی دابەشبوونی سوریا، لوبنان، عێراق وفەلەستین لە نیوان فەڕەنسە وبەریتانیا.