نوچەنێت-ئیسنا
سەرۆککۆماری میسر دەڵێت، رەوتی ئیخوان لەم وڵاتە بۆ جارێکی دیکە ناگاتەوە بە دەسەڵات و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە پەرەسەندنی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بۆتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی.
عەبدولفەتاح سیسی، لە میانەی سەردانی بۆ وڵاتی ژاپۆن، لە وتوێژ لە گەڵ رۆژنامەی ژاپۆنی “ئاساهی” گوتویەتی، جیهان پێویستی بەوە هەیە کە یەکگرتوو بمێنێتەوە و هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەکار بێنێت.
سیسی لە درێژەدا دەڵێت، سەرباری بەردەوام بوونی هێرشەکانی هاوپەیمانیتی نێودەوڵەتی بۆ سەر داعش، کاروچالاکی ئەم گروپە کەمی نەکردووە.
سیسی، ویڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە گۆڕانکاریەکانی لیبیا، دەڵێت، ئەگەر لیبیا بکەوێت، ئەو وڵاتە دەبێتە سەکۆیەک بۆ پەرەسەندنی تیرۆریزم لە وڵاتانی وەک تونس، جەزایەر و میسر و تەنانەت ئەوروپا.
سەرۆککۆماری میسر، هەروەها گەیشتنەوەی ئیخوانەکان بە دەسەڵات بە دوور دەزانێت و پێیوایە، کە ئیخوانەکان بوونەتە هۆی زیانێکی سیاسی گەورە بەم وڵاتە و دەڵێت زۆر ئەستەمە کە رق و تووڕەیی بەرامبەر بەوان دابمرکێتەوە.