نوچەنێت-ئیسنا
بەرپرسێکی باڵای ئەنقەرە دەڵێت، هاتووینەتە سەر ئەو باوەڕە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) چیدی گوێ بۆ ئۆجالان ناگرێت، هەر بۆیە هیچ هۆیەک نابینین رێگە بە بڵاوکردنەوەی قسەکانی ئۆجالان بدەین.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵنێریی فەرەنسا، ئیبراهیم کالان، وتەبێژی سەرۆکۆماریی تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، عەبدوڵڵا ئۆجالان چیدی کۆنتڕۆڵی بە سەر سەرکردایەتی سەربازی پەکەکە لە قەندیل نەماوە.
کالین لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێک، سەبارەت بەوەی کە بۆ رێگە بە چاوپێکەوتن لە گەل ئۆجالان نادرێت گوتویەتی، جاری پێشوو کە قسەکانی ئۆجالان بڵاوکرایەوە، هیچ کەس گوێی بۆ نەگرت. هەر لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان کە رێگەی بەم دیدارەدا، ریسکیکی گەورەی کرد و دواتر لە گەڵ رەخنەی توندی نەتەوەخوازەکان بەرەوڕووبووەوە.
کالین لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا دەڵێت، لە ئێستادا پرۆسەی ئاشتیی راگیراوە. ئەگەر پەکەکە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە شار و ناوچەکانی تورکیا بدات، دەکرێت سەرلەنوێ رەوتی ئاشتیی دەستپێبکرێتەوە.
وتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە تا ئەو کاتەی کە هەڕەشەکانی پەکەکە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا بەدەوام بێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ سەر ئەو پارتە.