نوچەنێت-رادیۆ فەردا
باڵوێزی ئێران لە لوبنان دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەر بنەماڵەیەکی کوژراوە فەلەستینیەکان کە بە هۆی نارەزایەتی و دژایەتی کردن لە گەڵ ئیسرائیل گیانیان لە دەستداوە یان ئەو کەسانەی کە خانووەکانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە رووخێندراوە، هەزاران دۆلار یارمەتی تەرخان کردووە.
محەممەد فەتحعەلی، رۆژی چوارشەممە ٢٤-٢-٢٠١٦، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە بەیروت رایگەیاندووە، ئەم بڕیارە پێش هەموو کەس بنەماڵەی کوژراوەکانی ئینتفازەی بیت المقدس دەگرێتەوە، هەر بنەماڵەیەکیش ٧هەزار دۆلاری بەردەکەوێت. هەروەها ٣٠ هەزار دۆلار تەرخان کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە بە هۆی چالاکیەکانیان لە دژی ئیسرائیل خانووەکانیان رووخێندراوە.
لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، بە هۆی توندوتیژیەکانی سەر شەقامەوە، بە دەیان کەسی فەلەستینی و ئیسرائیلی کوژراو و بریندار بوون.
ئەم پشتیوانیەی ئێران، لە بنەماڵەی هێرشبەرانی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل، کاردانەوە توندی ئیسرائیلی بەدواوە بووە و وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتە، لە راگەیێندراوێکی فەرمی ئەم هەڵوێستەی ئێرانی مەحکوم کردووە.