نوچەنێت: رۆیتەرز
زۆرێک لە میدیاکانی جیهان دەم و چاو و سیمایەکی شاراوە و کاریگەر لە قاسم سولەیمانی لە وڵاتانی عێراق و سوریا وێنا دەکەن.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکی تایبەتدا هەندێک وردەکاری سەبارەت بە ناڕەزایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دەستوەردانی سەربازی ئێران و بە تایبەتی شەخسی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس، لەم وڵاتە بڵاو کردۆتەوە.
رۆیتەرز لەم راپۆرتەیدا لە زاری چەند سەرچاوەیەک کە نەیانویستیوە ناوەکانیان ئاشکرا بێت، دەڵێت دژایەتی حەیدەر عەبادی لە گەڵ قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هاوینی ساڵی ٢٠١٥، ئەو کاتەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرماندەی سوپای قودس دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری رۆمادی تەنیا هێزە سەربازیەکانی عێراق بەشدار دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە میانەی هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازیەکانی عێراق لە دژی داعش، گروپە میلیشیاییەکانی نزیک و بەستراوە بە ئێران، رۆڵی سەرەکی و کاریگەریان هەبوو.
رۆیتەرز رایگەیاندووە، کە ئەم دژایەتیەی عەبادی لە گەڵ ئەو فەرماندەیە، تەنها نمونەیەکە کە ئەو گوزارشتەی لێدەکرێت، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات جەخت لە سەرئەوە بکاتەوە کە سەرکردایەتی و رۆڵی خۆی لە تاران و گروپەکانی ژێر دەسەڵات و کاریگەری ئێران دوور بخاتەوە.
عەبادی پێش هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵێنیدابوو کە ململانێ و شەڕی تایفی لەم وڵاتە کەم بکاتەوە، بە تایبەت کە ئەو ناکۆکیانەی لە سەردەمی نوری مالکی، سەرۆکوەیرانی پێشووی عێراق گەیشتبووە ئەو پەڕی.
حەیدەر عەبادی پێیوایە، کە یارمەتیەکانی ئێران، نابێت ببێتە هۆی شکاندن و خستنەژێر پێی سەروەری عێراق. لە بەشێک لە راپۆرتەکەی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی و هەروەها دوو دیبلۆماتکاری عیراقی، هاتووە کە عەبادی لە گەڵ نیشتنەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دژایەتی کردووە، چۆن فەرماندەی سوپای قودس بە بێ مۆڵەتی پێشوەخت هاتۆتە بەغدا.
پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی رومادی، ئامادەبوونی قاسم سولەیمانی لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری تکریت لە دەستی داعش، دەنگدانەوەی زۆری بەدواوە بوو، بەڵام واهەست پێدەکرێ کە بوونی ناوبراو لە ماوەی شەش مانگی رابردوو، بە بەراورد لە گەڵ پێشووتر کەمبۆتەوە. پێشووتر بە شێوەی بەردەوام لە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، دەبیندرا بەڵام ماوەیەکە ئەم ئامادەبوونەی زۆر سنوداربووە.
رۆیتەرز لە درێژەی راپۆرتەکەیدا بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی خۆی دەنووسێت، کێشە و مشتومڕی عەبادی و قاسم سولەیمانی ئەو کاتە دەستی پێکرد، کە فەرماندەی سوپای قودس بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی عێراق کرد. بە گوێرەی سەرچاوەکەی رۆیتەرز سولەیمانی بە شێوەیەک لە کۆبوونەوەکە مامەڵەی لە گەڵ بەشداربوان کردووە، وەک ئەوەی بڵێی عێراق وڵاتێکە لە ژێر پاراستنی ئێرانە. بە وتەی سەرچاوەکە ئەم هەڵسوکەوتەی فەرماندە ئێرانییەکە ناڕەزایەتی عەبادی لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک کە عەبادی ئامادەبوونی سولەیمانی لە کۆبوونەوەکە دەباتە ژێر پرسیار، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە فەرماندەی سوپای قودس کۆبونەوەکە بە جێ بهێڵێت.
بەرپرسێکی دەوڵەتی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە پێشبینی نەدەکرا حەیدەر عەبادی و قاسم سولەیمانی تووشی ئەم ناکۆکیە ببن، بەڵام هەندێک بابەت و پەیوەندی کاری ئەم دوو کەسە بە یەکەوە ئاراستەی پەیوەندییەکانیانی گۆڕی بە جۆرێک کە ئێستا ناکرێ باس لە پەیوەندی گەرمی نێوانیان بکرێت.
لە بەهاری ساڵی ٢٠١٥ عەبادی رایگەیاندبوو، کە پێشوازی لە یارمەتیەکانی ئێران دەکات بۆ شەڕی عێراق لە دژی داعش، بەڵام جەختی لەوەش کردبوەوە ئەم یارمەتیانە نابێت ببنە هۆی پێشێلکردنی سەروەری عێراق.
عەبادی هاوکات رەخنەی روبەرووی دەرکەوتنی ئاشکرای قاسم سولەیمانی لە بەرەکانی شەڕ لە گەڵ داعش کردبوو، وەک بۆ خۆی رایگەیاندووە نابێت وا پیشان بدرێت کەس ولایەنی دیکە بە وەکالەتی عێراق شەڕی داعش دەکەن و ئەمەش بە لای عێراقیەکانەوە قابلی قبووڵ نییە.