نوچەنێت
بەپێی رێنمایی ژمارە ١١ی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، ھیچ پلە بەرزکردنەوەیەک بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت بۆ ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام نادرێت تا بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ پەسند دەکرێت، بەڵام بەرپرسێکی حکوومەت مژدە بە فەرمانبەران دەدات کە قەرەبوو دەکرێنەوە و تەنگژەی داراییش ئەوەندە درێژە ناکێشێت.
بەپێی ئەو رێنماییە، ئەو فەرمانبەرانەی لە ١ی ١ی ٢٠١٦ بەدواوە شایەنی پلە بەرزکردنەوەن، پلەکانیان بۆ بەرز ناکرێتەوە، جەختیش کراوەتەوە کە وێڕای راگرتنی پلە بەرزکردنەوە سەرمووچەی ساڵانەی ھەمان پلەی خۆیان، پێ دەدرێت
وەزارەتی دارایی ئەوەشی بڕیار داوە کە ئەو فەرمانبەرانەی تا ٣١ی ١٢ی ٢٠١٥ شایستەی پلە بەرزکردنەوەن پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە و ئەو رێنماییە ئەوان ناگرێتەوە، ھەرچەندە ئەگەر رێکارەکانیان و نووسراوەکانیشیان لە ساڵی ٢٠١٦ بکرێت.
لە خاڵێکی رێنماییەکە دووپاتی ئەوە کراوەتەوە، لە کاتی پەسندکردنی بودجەی ٢٠١٦ لە لایەن وەزارەتی دارایی رێنمایی و رێکاری پێویست دادەنرێت بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
بەپێی داتاکانی حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان، ٦٨٣ ھەزار فەرمانبەری ھەمیشەیی ھەیە و ھەریەکێکیان بەپێی دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان دەبێ سەرمووچە و بەرزەمووچەیان پێ بدرێت.
ساڵانە بەشێک لە فەرمانبەران پلەکانیان بۆ بەرز دەکرێتەوە، کە بەشێکیان ٤ ساڵ جارێکە و بەشێکی تریشیان ٥ ساڵ جارێکە کە بەھۆیەوە ناونیشانی وەزیفیا دەگۆردرێت و مووچەکانیشیان بۆ زیاد دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران نەوەستاوە و ھەر فەرمانبەرێک سەرمووچەی ھەبێت پێی دەدرێت. دەبێت ھەموو فەرمانگەکان سەرمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران بکەن تەنھا بە شێوەی کاتی بەرزەمووچە راگیراوە.
قەبڵاندنی پارەی بەرزەمووچەی فەرمانبەران لە ساڵێکدا، نزیکەی ملیارێک دینارە.
پرۆژە بڕیارێک لە پەرلەمانی کوردستان ھەبوو، تا خزمەتی فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٤ بە دوو ساڵ ئەژمار بکرێت و پێدانی قیدەم بە گشت فەرمانبەران بدرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی ئەو پرۆژەیە لە لایەن حکوومەت وەڵامی نەدرایەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارە، وەزیرەکان لە لای خۆیانەوە سوپاسنامەیان بە فەرمانبەرانیان دا کە بە ھۆیەوە مانگێک سەرمووچەی ساڵانەیان ھاتە پێشەوە.