نوچەنێت
وەزارەتى بازرگانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند بەشەخۆراکى ١٩ هەزار کەسمان لە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و دهۆک بڕیوە.
وەزارەتى بارزگانى عێراقی ئەمڕۆ ٢١-٢-٢٠١٦، لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەڕى وەزارەتەکە بڵاویکرووەتەوە ئاماژەى بەوەداوە، بەشەخۆراکى ١٩ هەزار کەسمان بڕیوە کە هاوڵاتى سورى و تورکین و ڕەگەزنامەى عێراقیان نیە و ناویان لە هەر دوو پارێزگاى سلێمانى و دهۆک لە هەرێمى کوردستان نوسراوە و فۆرمى خۆراکیان بۆ کراوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بازرگانیدا هاتووە، کە دواى ئەوەى مەحەمەد شیاع سودانى وەزیرى بازرگانى عێراق، لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ وردبینى سەرجەم ئەو ناوانەى کە عێراقی نین و فۆرمى بەشەخۆراکیان بەشێوەیەکى گەندەڵى بۆ دەرهێنراوە لە ئێستادا بەشە خۆراکى سەرجەمیان دەبڕدرێت.
لە بەیاننامەکە ئەوەیش خراوەتەڕوو، سەرجەم ئەو کەسانەى کە تێوەگلاون لەم کارە بە پێی یاسا ڕەوانەى دادگا دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.