نوچەنێت
دانیشتنی ئەمنی میونشن، کۆنفڕانسێکی تایبەتیە پێکهاتووە، لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان وێرای کەسایەتیە جیهانیەکان، کە لە پەیوەندی لە گەڵ سیاسەتە ئەمنیەکانی جیهان چالاکن.ئەم دانیشتنە هەموو ساڵێک لە مانگی فێبریوەری لە میونشنی ئەڵمانیا دەبەسترێ.
لەم کۆنفڕانسەدا هەر ساڵەی تەرکیز لە سەر بابەتێکی گرنگ لە ئاستی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی لۆژیکی و گونجاو. کۆنفڕانسی میونشن یەکێک لە دامەزراوە گرنگەکانی جیهانە لە ئاستی ئەمنیەتی نێودەوڵەی وزۆر جار بە هۆی لێکچوونی لە گەڵ رێوشوێن وکارکردی کۆڕبەندی جیهانی ئابوری بە داڤۆسی ئەمنی ناوی لێ دەبردرێ.
ئەمساڵ پەنجاودوهەمین کۆنفڕانسی میونشن، لە رۆژانی ١٢ بۆ ١٤ی فێبریوەری بە تەرکیز کردنە سەر قەیرانی سوریا و قەیرانی پەنابەران بەڕێوەچوو، راپۆرتی کۆتایی تایبەت بە کۆنفراسنەکە لە ماڵپەڕی فەرمی دانیشتنی ئەمنی میونشن لە ٢٠١٦ بڵاو کرایەوە.
لێرەدا سەرنج دەخرێتە سەر بەشە هەستیار و گرنگەکانی ئەم راپۆرتە:
لە سەرەتای راپۆرتەکەدا هاتووە: تەنگژەو قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١٦ لە دوای شەڕی سار زۆرترین کاریگەرییان بە سەر ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە هەبووە. گەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە گۆڕانکاری کەش وهەوا لە پاریس، رێککەوتننامەی ئەتۆمی وڵاتانی لهێزی جیهان لە گەڵ ئێران، لە نمونە دڵخۆشکەرەکانن بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئەمنیەکانی جیهان(بە تایبەت بۆ قەیرانی سوریا)لە چوارجێوەی بەکارهێنانی دبلۆماسی، بەڵام بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی روو لە گەشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان بە سەر ناوچە ئەمنەکانی وەک ئەوروپا، کەنەدا وئەمرکا و هەروەها شوێندانەربوونیان لە سەر ئابوری جیهانی، دەتوانێ داهاتوویەلی ناروون بۆ جیهانی ئەمڕۆ وێنا بکات.
بۆ تیشک خستە سەر قەیرانە فرەرەهەندەکان، چارەیەک نییە مەگەر ئەوەی کە دەستەواژەی “شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن”بە کار ببردرێ کە لە ئێستادا دیاردەیەکی باوە. شەڕ بە مانای راستەقینەی وشە، فیشەک بەرامبەر بە فیشەک و کردەوە تیرۆریستیەکان لە زۆربەی ناوجەکانی جیهان بەرچاو دەکەوێ.
لە فکریەتی توندڕەوانەی مەزهەبیەوە، بگرە تا دەگاتە ئازادییە بێ شەرت و مەرجەکان، بە تێکڕا ئاماژەیەک بەوەی کە ئاسایشی جیهان لە گێژەنە دەرچووە. هەر ئەو هۆکارانەی کە لە رابردوودا لە تێگەیشتیان عاجز ببووین، بۆ نمونە پەیوەندی تیرۆر و شەڕ لە حەلەب و موسڵ، بە تیرۆرەکانی پاریس و بەرشەلۆن. بەڵام لە ئێستادا بینەری کۆمەڵێک قەیرانی جۆراوجۆرین کە رەنگە، رەگ و ریشەیان لە سیاسەتە هەڵەکان لە شوێنەکانی جیهاندا هەبێ، لەم رووەوە”گوندی جیهانی”کاری کردبێتە سەر بەجیهانیتر بوونی ئەم کێشە و گرفتانە.
کۆمەڵێک قەیرانی دیکەی وەک قەیرانی”ئێبولا” بوونیان هەیە. کە لە ئەفریقاوە سەریان هەڵداوە و بەرە بەرە ئاراستەی بەرەو ئەمریکای باشور، ئوستۆرالیا، ئاسیا وئەوروپا گۆڕیوە .تەکنۆلۆژیای پەیوەندیەکان، وەک دارێکی دوو سەر وایە کە هەم بە کەڵکی گەیاندنی زانیاری و ئاگایی جیهانی دێ و هەم ئەوەی کە بۆتە هۆی هاتنە کایەی هاککەرەکان و پەردەیان لە سەر ژیانی تاکەکەسی مرۆڤەکان هەڵداوەتەوە.
لە دوای رووخانی دیواری بەرلین، زیاتر لە ٤٠ وڵات لە جیهان لە گەڵ ٦٠ وڵاتی دراوسێی خۆیان دیوار و حەساری ئەمییان کێشاوە. لە ٢٠١٥ دا، پانزە دیواری بڵندی ئەمنی دروست کراوە ،لە ئەوروپا ناوچەی ئازادی شێنگێن لە ژێر مەترسیدایە. سنوری جوگرافیای لە ئۆکراینیا و باشوری دەریای چین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. کۆمەڵێک گۆڕانکاری کە لە کۆتاییدا ئەمن و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسیەوە.
نمونەی هەرە دیاری ئەکتەرە شەڕخوازەکان، دەکرێ داعش بێت. داعش لە عێراق وسوریا بە نانەوەی قەیران مەبەستیەتی لە ناو دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم و ئاسایش ناوچەکە بخاتە ئامانجی خۆی. ئەوەی لە سوریا دەبیندرێت ئەنجامی بێ کردەوەیی ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم بازنە قەیراناویەیە بۆ کۆنتڕٶڵی ئەم تەنگژەیە. ئەنجامەکە بووە بە چی؟ تراژدیای مرۆیی، کە لەولاتر کێشەیەکی نوێی بە ناوی “کۆچی ئاوارەیی”بەدواوە بووە و تا بن گوێ ئەمریکا دزەی کردووە.
چین لە هەوڵدایە لە هاوکێشە ئەمنیەکانی جیهان دەوری هەبێت. پەکین لە جیاتی لە ئەستۆ گرتنی”رۆڵێکی بەرپرسانە”زۆرتر خولیای سات و سەودا و کایەی هاوتەریب و دابەش کردنی دەسەڵاتی لە سەردایە.
روسیای پوتین، لە هەوڵدایە سەرێک بێت لە ناو سەران، سەرێک کە خەون بە غروری میللی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی تەزار”سەدەمی نائارامی روسیا بووە” دەبینێ، بەڵام ئابوریە شپرزەکەی وەک قەزا و قەدەر بە سەریدا روخاوە. هەرزەکاری لە ئۆکراینیا، قورسایی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکای خستۆتە سەر شانی. پاشان، پوتین بە گێڕانی رۆڵێکی بەرچاو لە سوریا، توانیویەتی بۆ سەردەمی”دوای ئەسەد”باڵادەستی بۆ خۆی مسۆگەر بکات. روسیا سەنگێکی قورسی هەبووە لە وتووێژە ئەتۆمیەکان لە گەڵ ئێران و هەوڵ دەدات، لە بەروبومی ئەم توانایەی کەڵک وەربگرێت. درێژەی دانوستانەکانی ڤییەنا لە ٢٠١٦ دەتوانێ نەفەسێکی مەسیحیانە بکاتە گیانی لەشی نیوەگیانی سوریا.
نمونەیەکی دیکەی ئەم بۆشاییە، لە ئەفغانستان هەستی پێدەکرێ.دژایەتی تاڵیبان، بۆتە بەربەست لە بەردەم بەرەوپێش چوونی وتووێژەکانی ئاشتی لەم وڵاتە.لە وڵاتانی دیکەی وەک لیبیا، مالی و یەمەن گروپە توندڕەوە ئیسلامگەراکان لە ژێر کاریگەری داعش و بە هۆی پشتیوانی وهاندانی هەندێک لە حکومەتەکانی شیعە و سوننە توانیویانە کۆتری ئاشتی بخەنە قەفەسەوە.
راپۆرتی کۆنفڕانسی ئەمنی میونشن، لە درێژەدا وێنەیەکی ڵێڵ و ناروون لە ئاسایشی جهان لە ساڵی ٢٠١٦ دەخاتە رووو. هۆکارەکەشی بۆ زیاد بوونی ململانێ و ناکۆکیەکانی نیوان ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان، دەگەڕێنێتەوە.
قەیران لە پەیوەندیەکانی رۆژئاوا وروسیا درێژەی دەبێ. دەسەڵات و کاریگەری چین لە ئۆقیانوسی ئارام، بۆ دراوسێ بچووکەکان کە چاویان بڕیوەتەوە پشتیوانی ئەمریکا جێی نیگەرانییە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران و سعودیە، ملیان لە ملی یەکتر ناوە. پێشتریش تورکیا وروسیا لە دژی یەکتر سینگیان دەرپەڕاندووە.
لە راپۆرتەکەی کۆنفڕانسی ئەمنی میونشن، پێشبینی کراوە ساڵی ٢٠١٦ ساڵی بەربڵاوتربوونی قەیرانەکانە. سەرکردەکانی جیهان لە گەڵ ئەم پرسە روبەروون، کە چۆناوچۆن ناوچەیەکی ئارام پێک بێنن و بە چ شێوەیەک بە مەبەستی گەیشتن بە ئەمن و ئاسایش، پاشەکشە لە هەندێ هەڵوێست و داخوازی خۆیان بکەن. گرنگترین بابەتەکان بریتین لە”یاسایشی مرۆیی، ئاسایشی تەندروستی، ئاسایشی کەش و هەوا.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ١٠ خاڵی ئەمنی بۆ ساڵی ٢٠١٦ خراوەتە روو، بەمەبەستی گەیشتن بە ئەمن و ئاسایشی جیهان:
١- هاوکاریەکانی نێوان ئەوروپا وئەمریکا بەهێزتر بکرێت.
٢-نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ئەوروپا درێژەی دەبێ، هەر بۆیە وڵاتانی ئەوروپی دەبێ لە پێناوبەهیزترکردنی پەیوەندیەکانیان و هەروەها کۆنتڕۆڵی سنوورەکان تێبکۆشن.
٣-چین دەبێ سەبارەت بە ئاسایشی جیهانی رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێ.
٤-داعش رێکخرواێکی تیرۆریستی بەهێز و ترسناکە، کە توانیویەتی لە نیجریا تا فیلیپین ئەندامگیری بکات. بەم حاڵەشەوە بەرەنگاربوونەوەی جیهانی لە گەڵ ئەم رێکخراوەیە نەگونجاوی و بێ سەرکردەیی پێوە دیارە.
٥-شەڕی بەوەکالەتی نیوان ئێران وسعودیە، لە بەرەکانی شەڕی سوریا دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٦-پێشکەوتنی رۆژ لە دوای رۆژی تەکنۆلۆژیای کۆمپیۆتەری وفەزای مەجازی، توانیویەتی بازنەی پەیوەندیەکان بەرتەسکتر بکاتەوە. کاربکاتە سەر سیاسەتە جهانیەکان و زانیاری تایبەت و ئەمن وئاسایشی دەوڵەتەکان دەخاتە مەترسیەوە.
٧- هەندێک لە سەرکردەکانی جیهان لە چەشنی پوتین و ئەردوغان، کە سیاسەت و هەڵسوکەوتیان پێش بینی ناکرێ، نابێ پشت گوێ بخرێن.
٨-قەیرانی سیاسی-ئابوری بەرازیل(وڵاتی روو لە گەشە و ئەندامی بریکس)درێژەی دەبێ.
٩-قەیرانی ئابوری وبەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە جیهان، بەردەوام دەبێ. گەشەنەکردنی سیاسی لە نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و ناتەواو لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی توڕە، رەوانەی سەرشەقامەکان دەکات.
١٠-سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە بواری سیاسەتی ناوخۆیی، زیان بە ئابوری و دۆخی وەبەرهێنانی ئەم وڵاتە دەگەیینێت.