سیاسەتەکانی پەکەکە لە خزمەت ستراتیجی تورکیادا

0

نوچەنێت

وڵاتانی عێراق، تورکیا، سوریا  وئێران ئەو وڵاتانەن کە نەتەوەی کورد کێشی داگیرکاری و خاکی لەگەڵیان هەیە. لەم نێوەدا سیاسەتی تورکیا لە یەک خاڵدا جیاواز بووە، ئەم وڵاتە هیچ کات پشتیوانی کوردی لە هیچ پارچەیەکی دیکە نەکردووە، بەڵام سێ وڵاتەکەی دیکە لەم بارەوە دەستێکی باڵایان هەیە و ئەمەش بۆتە هۆی رکابەرایەتی لە نێوانیاندا. کاتێکیش کە پێوسیتیان پێ نەماوە لە پشتەوە بە خەنجەر لێدراون، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم میژووە رێککەوتنی ئەلجەزائیر بوو.

هەر بە پێی ئەم سیاسەتە وڵاتانی دراوسێی تورکیا هەر لە سەرەتای دامەزرانی پەکەکەوە یارییان بە کارتی ئەم گروپە کردووە. عەبدوڵا ئۆجالان ،رابەر و دامەزرێنەری پەکەکە لە ژێر پشتیوانی خاندانی ئەسەد چەند ساڵێک لە دیمەشق ژیاوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە رژێمی بەعسی سوریا، هیچ مافێکی بۆکوردەکانی وڵاتەکەی خۆی لەبەرچاو نەدەگرت، چ بگاتە ئەوەی کە هاووڵاتییەکی سوری بن. پەکەکە لە ناوچەی بوقاع لە لوبنان، بە پشتیوانی حیزبوڵڵا، مەشق  وراهێنانی بە هێزەکانی خۆی دەکرد، پاشان بۆ دورستکردنی سەرئێشە بۆ تورکیا رەوانەی رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەی دەکرد.

پەکەکە لە راکێشانی پشتیوانی دەرەکی و ناوچەیی بە شێوەی پراگماتیستی جووڵاوەتەوە. لە حیزبوڵڵای لبنانەوە بگرە تا دەگاتە رژێمی بەعسی و ناسیۆناڵیستەکانی عەرەبی هاوپەیمان و پاڵپشتی پەکەکە بوون. بۆ پەکەکە تەنها بابەتێک کە جێی بایەخ بوو شەڕ لە دژی تورکیا بووە.بەڵام تورکیا هیچ کات کاردانەوەی بەرامبەری سەبارەت بەوڵاتانی دراوسێوە نەبوو.لە خراپترین دۆخدا رێزی لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ دەگرت.

کاتێک جەنەڕاڵەکانی سوپا بڕیاری دەستوەردانیان دەدا، سیاسیەکان پێشیان پێدەگرتن. بە وتەیژەنەڕاڵ عوسمان پاموک ئۆغڵو، لە ساڵی ١٩٩٥ سوپای تورکیا بڕیار دەدات کە لە رێی ئۆپەراسیۆنکی ورد  وپلان بۆدارێراو بنکەی سەرەکی پەکەکە لە ئێران لە ناو ببات. دەگوترێ سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، تانسۆ چیلەر رای لە سەر ئەم پلانە بووە، بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا پێش بەم پلانە دەگرێت.

ئەم هەڵویستەی تورکیا تێچووی زۆری بەدواوە بوو. ئەم وڵاتە لە شەڕ لە گەڵ پەکەکە بە تەنیا مابووەوە. وەک دراوسێکانی هیچ کارتێکی براوەی بەدەستەوە نەبوو. تەنانەت وڵاتانی رۆژئاوایی کە پەکەکەیان بە تیرۆریست دەناساند و دەناسێنن،هیچ کات  بە کردەوە وەک حیزبێکی تیرۆرستی مامەڵەیان لە گەڵ نەکردووە. تورکیاش هاوکات دەسەڵات و توانای ئەوەی نەبوو کە هاوپەیمانانی رۆژئاوایی خۆی بخاتە ژێر گوشارەوە.

کاتێک کە سەرەتاییترین مافەکانی نەتەوەیەک پیشێل دەکرێ، بێ گومان بژاردەی چەکداری یەکێ لە میکانیزمەکان دەبێ ،بە تایبەتی کە ئەم بۆچوونە لە سەردەمی زاڵبوونی گوتاری چەپ دیاردەیەکی باو بوو. لە وەها هەلو مەرجێکدا هاوکاری و یارمەتیگەیاندن بە تورکیا لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاواییەوە بابەتێکی دژوار دەهاتە بەرچاو. تەنها بابەتێک کە تورکیا دەیتوانی سەرنجی دەوڵەتانی رۆژئاوایی بۆ رابکێشێ بەرەنگاربوونەوەی هەندێک کاروکردەوەی پەکەکە بوو کە لە ژێر ناوی بەرگری رەوا لە لایەن ئەم گرووپەوە رووی دەدا. پەکەکە بە بەراورد لە گەڵ گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان، زیاتر کاروکردەوەی خۆکوژی بەڕێوەدەبرد. یەکەمین کردەوەی خۆکوژی پەکەکە لە لایەن زەینەب کیناجی ناسراو بە زیلان ئەنجامدرا، لە ناوچەی عەلەوی نشینی تونجلی کە زیانێکی زۆری بەدواوە بوو.زیلان خۆ بە فیدایی ئۆجەلان دەزانی.

هاوپەیمانی پەکەکە لە گەڵ هێزە ئیقلیمیەکان، هەروەها سیاسەتی تورکیا لە پاڵپشتی نەکردنی لە بزووتنەوەی کوردان لە  وڵاتانی دراوسێی، تا رادەیەکی زۆر سنوورەکانی ئەم وڵاتەی لە رۆژهەڵات و باشوورەوە کردبووە قووڵایی ستراتیژی پەکەکە. هیچ سوپایەک بە قەدەر سوپای تورکیا کە یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی ئەندامی ناتۆیە لە شەڕ لە گەڵ هێزێکی چەکدار زیانی بەرنەکەوتووە.

بەڵام شەڕی ناوخۆی سوریا هەموو هاوکیشەکانی گۆڕی. یەکێ لە گەورەترین ئەکتەرەکانی ئەم شەرە پەکەکە و باڵی سوری ئەم گروپە، یەپەگەیە.هەر لە سەرەتاوە یەپەگە رێی خۆی لە گەلی سوریا جیا کردەوە، کاتێک کە شەڕەکە گەیشتە لووتکە و رژێمی بەشارئەسەد هەستی بە مەترسی کرد لە گەڵ پەکەکە کەوتە دانوستان  وناوچە کوردنشیەکانی رادەستی پەکەکە کرد. تورکیاش پەکەکەی بە لاوە گرنگترە.

سەرهەڵدانی داعش دەرفەتێکی بێ وێنەی خستە بەردە ئەکتەرە ناوچەییەکان، یەک لەوان پەکەکە.هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە بێزراوی و نەفرەتیان لە داعش هەیە، بەڵام لەکۆتایدا،داعشیان لە رکابەری سەرەکی خۆیان پێ باشترە. لۆژیکێکی سادەیە. داعش دەڕوات بەڵام رکابەرەکەیان لە جێی خۆیەتی .بەشار ئەسەد کاری بە داعش نییە. بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی ٩٠%ی هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوە جگە لە داعش نەبێ.

شەڕی کۆبانێ ئەو پەڕی دەرکەوتنی پەکەکە بوو. بە هۆی سەرکەوتنەکانی لە کۆبانێ پەکەکە بە رادەیەک لە متمانەبەخۆ بوون گەیشتن، کە تەنانەت پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیای گرێدا بە چارەنووسی ئەم شارەوە. ئازادکردنی کۆبانێ سەرکەوتنێکی مەزنی سیاسی بوو بۆ پەکەکە. پەکەکە شەقامەکانی ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆ و پاریس و لەندەنی داگیر کردبوو. ئەمریکا بە کردەوە پشتیوانی ئاسمانی لە پەکەکە دەکرد، قسە و بۆچوونی تورکیا هیچ کڕیارێکی نەبوو و تەنانەت بەو تۆمەتبار کرا کە داعشی پشتگوێ خستووە. ئەمە دژوارترین قۆناغ بوو کە تورکیای ئیحراج کردبوو.

بەڵام ئەمە لایەکی قەزیەکە بوو. پەکەکە و یەپەگە لە کاتێکدا دەچوونە ناو دڵی خەڵکی جیهانەوە لە دراوسێتی عەرەب و تورکمانەکان تۆوی دووبەرەکی و نەفرەتیان چاند، بە جۆرێک ئەگەر گریمان ەبکرێ لە دوارۆژی سوریا،  بۆ بەشار ئەسەد و ژەنەڕاڵەکانی، لێبوردن دەربکرێ بێ گومان لە پەکەکە خۆش نابن.

لە هاوکێشە ناوچەیی و لە روانگەی زۆربەی خەڵکی سوریاوە، کاروکردەوەی پەکەکە و یەپەگە هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ داعش نییە. داعش جووڵەی خەڵکی ئەم وڵاتەی بەلاڕێدا برد.بوو بە هۆی پێکهێنانی پەراوێزێکی ئەمنی بە جۆرێک کە  روسیا، ئەسپی خۆی بۆ ئەم وڵاتە تاو بدات و هاوپەیمانەکەی خۆی لەم تەنگژەیە رزگار بکات. پەکەکەش لە پشتەوە خەنجەری لە خەڵکی سوریا دا.هەلەکەی گواستەوە. وای لێهاتووە کە روسیا ستایشی پەکەک دەکات و دەڵێت، ئەو هێزەی کە شەڕی داعش دەکات سوپای سوریا و هێزەکانی پەکەکەیە.

دۆخی سوریا وەک خۆی نامێنێتەوە. رژێمی بەشار ئەسەد درەنگ یان زوو دەڕوات. شەپۆلی پەنابەران بەرەو ئەوروپا  و بێ رەحمی و توندڕەویەکانی داعش لە پاریس هەلو مەرجەکەی بەرەو ئاراستەیەک بردووە کە دەبێ هەرچی زووتر چآرەنووسی ئەم وڵاتە یەکلا بکرێتەوە.بێ گومان هەڕ بریاڕێک بدرێ داعش و رژێمەکەی بەشار ئەسەد رۆڵیان تێدا نابێ.زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە نەهامەتی و ئازارەکانی ئەم چەند ساڵە فەرامۆش ناکەن.

لە وەها دۆخێکدا تورکیا بەکردەوە لە گەمارۆی پەکەکە رەها دەبێ. پەکەکەیەک کە بە هەزاران کیلۆمەتر قووڵایی ستراتیژی هەبوو.ئەمە گەورەترین خزمەتی ستراتیژی نەخوازراوی پەکەکەیە بە تورکیا، کە بە کردەوە بۆ دەیان ساڵە لە گەمارۆی گەریلاکانی پەکەکە  وهاوپەیمانەکانیەتی .بە دەیان ساڵە کە تورکیا تۆمەتی قورس دەخاتە پاڵ پەکەکە و دەڵێت، ئەم رێکخراوە پابەندی هیچ پرەنسیب و بڕیارێک نییە و لە ئەنجامدا رێکخراوێکی تیرۆریستیە، چونکە بە شێوەی سیستەماتیک مافی کوردەکانی پێشێل دەکرد ئەم روانگەیەی هیچ کڕیارێکی نەبوو. رۆژئاوایەکانێش گوێیان بۆ شل نەدەکرد، بەڵام شەڕی سوریا پەکەکەی خستە ناو تەنگژەوە، سەرباری تورکیا بە دەیان هەزار عەرەب و بە سەدان هەزار خەڵکی تورکمان ئە وتۆمەتانەیان خستۆتە پاڵ پەکەکە.

ئەگەر هەموو دەوڵەتانی دراوسێ ببونایە بە هاوپەیمانی تورکیا، دیسان نەیاندەتوانی بەم شێوەیە خزمەتی تورکیا بکەن.

لە وڵاتێکی وەک سوریا کە دەیان گرووپ لە شەڕدان، تاوانی جەنگی بۆتە بابەتێکی رۆژانە  وئاسایی. کاروکردەوەی پەکەکە لای عەرەب و تورکمانەکان بۆ لێبوردن نابێ. ئەمنێستی لەم بارەوە ئاماژەی داوە بە تاوانی جەنگی و بە دیاریکرای باسی لە ئاوارەکردنی عەرەب و تورکمانەکان کردووە. خەڵکی سوریا گەورەترین قوربانیانی ئەم شەڕەن. زۆرێک لە شارەزایان دەستوەردانی تورکیا بە هەنگاویكی هەڵەشە  وبەپەلە تەعبیر دەکەن.

تورکیا لە لیبیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو تادوایین کاتەکان لە گەڵ مانەوەی قەزافی بوو،بەڵام بەم دوایە ئاراستەی سیاسەتی خۆی گۆڕی. لە میسریش بەم  تێبینەوە هەڵوێستی وەردەگرت. کاتێک بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریا، تورکیا لە هەیمەنەی وڵاتێکی ئینقلابی هەر جۆرە تێبینیەکی وەلانا و هانی ئۆپۆزسیۆنی دەدا و دژ بە ئەسەد وەستایەوە.

ئەم سیاسەتەی تورکیا پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەبوو. دوابەدوای بەهاری عەرەبی تورکیا مەزەندە کردبوو کە رژێمی سەرکوتکەری ئەسەد دەڕوات.  دەبێ بیرێک لە ناوچە کوردنشیەکان بکاتەوە تا لەوە زیاتر نەکەوێتە ژێر گەمارۆی پەکەکە. لەم نیوەدا پەکەکە لە گەڵ ئەسەد رێککەوتنی کرد.

لە ئێستادا رەوایی جیهانی شەڕ لە گەڵ داعش، بە رادەیەک پەکەکەی لەخۆبایی کردووە گوایە بڕیاروایە کوردستانی گەورە لە پەنای گوێ و دراوسێتی نەرویج  وسوید پێک بێنێ، بەڵام ئەم کانتۆنانە لە عالەمی واقع دەبێ لە دراوسێتی ملیۆنان دراوسێ پێک بێت، کە زۆربەی هەرە زۆریان لە ناخۆشترین و خوێناویترین هەلو مەرجی وڵاتەکەیاندا دەستی پەکەکەیان لە ناو دەستی بکوژەیانی خۆیان بینیوە. ئەگەر ئەم گروپە لە جیاتی کڵاشینکۆف و ئاپۆچی، تیۆریسیەن و سەرکردەی کاریزمای ، سیاسەییەکی واقعبینی هەبوایە رەنگە ئەم دۆخە پێک نەهاتبایە، دۆخیك کە بە ساڵان پێی قەرەبوو ناکرێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com