نوچەنێت
ئەگەر سەرنجی میدیاکان و ئاخاوتنی سیاسەتمەدارانی جیهان بدەین، لە ئێستادا دوو باسی سەرەکی گرنگ زۆربەی زۆری داگیر کردوە، یەکەمیان چۆنیەتی بەرەنگار بونەوەی تیرۆر، دوەمیان قەیرانی ئابوری، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوەو هەموو لایەک، بەدوای چارەیەک بۆ چۆنیەتی دەرباز بوون لەم قەیرانە، دەگەڕێن.
قەیرانی ئابوری ئەمجارە، بۆ زۆربەی ئابوری ناسان و شارەزایانی ئەو بوارە شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. هەربۆیەش پێشتر ئامادەکاریەکی ئەوتۆی بۆ نەکرابوو، کە بتوانرێت کاریگەرێتیەکانی لەسەر ئابوری جیهان کەمتر بکرێتەوە. ئێستا سەختە بوترێت ئەم قەیرانەی ئەمجارە چەندی تر دەخاێنێت و پێشبینی کردنی تەواو بونی قەیرانەکە. ئاسان نیەو زیاتر لە فاڵ گرتنەوە دەچێت .
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ( ئەنجیلا مێرکڵ ) دوای سەرهەڵدانی قەیرانەکە بۆ میدیاکان لە لێدوانێکدا وتی ( بۆرسەی جیهان – بازاڕی دراوەکان – تاکو ئێستا چەند جارێک لە داڕمان ڕزگاری بوە ، بەڵام ئەمجارە ئاسان نیە. پێشبینی بکرێت کە سەرەنجامەکەی بەچی دەگات. بۆ ئەم قەیرانە گەورەیەی کە هاتۆتە ڕێگای ئابوری جیهان ) .
لەکاتی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە قەیرانە گەورانەدا، جیهان بەر لە هەموو جێگایەک چاو دەبڕێتە ئەو ووڵاتانەی کە خاوەنی ئابوریەکی بەهێزن و وەکو کۆڵەکەی ڕاگرتنی ئابوری جیهان چاویان لێدەکرێت. لەسەروی هەموشیانەوە ئەمریکاو ئەڵمانیاو چین و ژاپۆن و فەرەنساو بەریتانیاو هەندێ ووڵاتی تر، چونکە ئەمانە دەتوانن بەهەردو دیودا – ئەرێنی و نەرێنی – کاریگەرێتی زۆریان لەسەر قەیرانە ئابوری و ماڵیەکانی جیهان، هەبێت. بەوەی کە دەتوانن یارمەتی ماڵی و ئابوری ئەو وڵاتانە بدەن کە ئابوریان لاوازە، یان تووشی قەیرانی دارای دێن. نمونەی ئەم جۆرە یارمەتیانەش چەندین جۆرن و هەندێکیان بێ بەرابەر و هەندێکی تریان لە شێوەی قەرزی درێژخایەن دەدرێت بەو وڵاتانەی کە توشی قەیران دێن .
کۆمەک و یارمەتی ماڵی لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە !
دەتوانین کۆمەکی ماڵی، لە لایەن ئەڵمانیاو یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ووڵاتی یۆنان وەک نمونە وەربگرین، کە لە ساڵی 2015 زیاتر لە 35 ملیار یۆرۆی بەقەرز پێدرا بەو مەرجەی چاکسازی لە ئابوری خۆیدا بکات، کە ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئابوری و زۆرکردنی هەلی کارکردن وە هاندانی سەرمایە گوزاری لەو ووڵاتەدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یۆنان، لە ناوچەی یۆرۆ بمێنێتەوەو بیر لەوە نەکاتەوە لێی بێتەدەرەوە ، لە مبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی یۆنان ( ئەلکسیس تسیبراس ) پآش دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەمبارەیەوە وتی ( ترسی هاتنەدەرەوی یۆنان لە ناوچەی یــــۆرۆ بوو بە شێک لە ڕابردوو ).
هەروەها ( یەکێتی ئەوروپا و ناوچەی یۆرۆ) تاکو ئێستا چەندین جار یارمەتی ووڵاتانی تری ئەوروپایان داوە کە ئابوریان لاوازەو ڕێژەی بێکاری تێیاندا زۆرە، لەناویشیاندا ئیسپانیاو هەندێک ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەبینرێن .
زۆر جار ئەو، وڵاتەی قەرزو کۆمەکی ماڵی دەبەخشێت لە گەڵیشیا کۆمەڵێک مەرج داوا دەکات، کە پێویستە لەسەر ووڵاتی قەرز پێدراو جێبەجێ بکات ، مەرجەکانیش زیاتر پەیوەندیان بە چاکسازی ئابوری زیادکردنی هەلی کار و چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو قەرزانەوەیە. هەرچەندە جاری واش هەیە کە داواکاری سیاسیش لەخۆ دەگرێت ، وەک مەسەلەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تاکە کەسی و بەرەو پێشبردنی دیموکراسی..
سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی ( ڕۆبێرت زولێک ) سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکە وتی ( ئێمە گەشتوینەتە مەترسییەکی وەها ، نەک بەتەنیا توشی داڕمانێکی ئابوری کۆنترۆڵنەکراو بووین. بگرە سستی و تەمەڵی ئابوری هەموو جیهانی گرتۆتەوە ) بۆیە ( دەبێت جیهانگیریەکی مەسئولانە ببەین بەڕێوە و ووڵاتە هەژارەکان بە تەنیا جێ نەهێڵین و یارمەتیدەریان بین، بۆ قەلاچۆکردنی هەژاری وبەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی تاکەکان، تاکو بتوانن جارێکی تر لەسەر پێی خۆیان بوەستن ).
وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش، بەهۆی ئەوەی کە بە دەوڵەمەندترین ووڵاتی سەرمایەداری جیهان دادەنرێت و خاوەنی ئابوریەکی یەکجار بەهێزە، لە هەمان کاتیشدا بە سەرەکیترین ووڵات دەژمێردرێت، لە یارمەتیدانی ووڵاتانی تردا ، زۆر وڵاتی جیهان هەن کە یارمەتی ئابوری و ماڵی و بگرە سەربازیش، لەلایەن ئەمریکاوە پێیان دەگات .
ژمارەی ئەو ووڵاتانەی کە ئەمریکا یارمەتی و کۆمەکیان بۆ دەنێرێت، لە کیشوەرە جیاوازەکانی ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکای لاتین و ئەوروپاشدا زیاتر لە 140 وڵاتن لەجیهاندا، کۆمەکەکە بە بڕی 35 بـــلیـــۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. کەئەمەش تەنیا لە توانای وڵاتێکی وەک ئەمریکادایەو هیچ ووڵاتێکی تر ئەم توانایەی نیە ! لەناو ئەو ووڵاتانەی کە کۆمەکی ئەمریکا ساڵانە دەیانگرێتەوە ، ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێت کە بەبڕی 3،1 ملیار دۆلار پاشتریش ووڵاتی میسر بە بڕی 1،5 ملیار دۆلار ، دواتریش ئەفغانستان بەبڕی 1،1 دوای ئەویش ئەردەن و پاکستان و وڵاتانی تر دێن .
بەریتانیاش یەکێکە لەو ووڵاتانەی کەیارمەتی بە بڕی 12 بــــلیــــۆن پاوەنی بەریتانی یارمەتی بۆ ووڵاتانی جیهان بەڕێدەکات .
پشت بەستن بە تەنیا سەرچاوەیەک هەڵەیەکی گەورەیە !
ئابوری ناسان کۆکن لەسەر ئەوەی پشت بەستن بە تەنیا یەک سەرچاوەی ئابوری لەهەر ووڵاتێکدا هەڵەیەکی کوشندەیە. تاکو سەرچاوەی دارایی وڵات هەمەجۆر بێت باشترەو لەکاتی قەیرانەکاندا کەمتر کاریگەی نەرێنی لەسەر دەبێت. ئەم جۆرە وڵاتانەی کە سەرچاوەی ئابوری و داراییان هەمەچەشنەو جۆراو جۆرن .
دەتوانین ڕاستی ئەم بۆچوونە لە دابەزینی نرخی نەوتدا ببینین، کە ئێستا هاتۆتە ئاراوە بە جۆرێک ئابوری ئەو ووڵاتانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە فرۆشتنی نەوت بەستوە. بەشێوەیەکی ئەوتۆ توشی شڵەژان و دابەزین کردوە کە بەتەواوی کاریگەری کردۆتە سەر ئابوری ووڵات و هەموو جومگەکانی ئیداری ووڵات ، بەم پێ یەش ژیانی هاوڵاتیانی بەشێوەیەکی گشتی شێواندوە .
دەتوانین ووڵاتی عێراق، وەک نمونەیەکی زەق و بەرچاوی ئەم باسە ببینین کە لە %95 ی ئابوریەکەی پشتی بەستوە بە فرۆشتنی نەوت ، هەر لەبەر ئەمەش لە ئێستادا ئابوری ئەم ووڵاتە بەشێوەیەک داتەپیوە کە تەنانەت موچەی فەرمانبەرانی ووڵاتیشی پێ دابین ناکرێت .
وڵاتی سعودیە کە بەیەکەمین وڵاتی نەوتی جیهان ناسراوەو ڕۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرێتە بازاڕەکان ، ئەمساڵ لەبەر دابەزینی نرخی نەوت زیاتر لە 130 ملیار بودجەکەی کورتی هێناوە، کە دەکاتە %20 بوجەی ووڵاتەکە، لەبەر ئەم هۆیانەش پسۆڕو شارەزایانی بواری ئابوری و گەشەپێدان، هەمیشە ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە تا دەتوانرێت ووڵاتان ئابوریەکانیان پشت بە سەرچاوەی جۆراو جۆر ببەستێت و خۆیان نەبەستنەوە بە تەنیا سەرچاوەیەک .
ئامۆژگاری بۆ دەرچون لە قەیرانی ئابوری
زۆر جار دەوترێت ڕێگای چارەسەری بۆ دەرچون لەقەیران، لەووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر ڕەنگە جیاوازی هەبێت، بەڵام هەندێک خاڵی هاوبەش هەن لە قەیرانەکاندا کە دەتوانرێت چارەسەری هاوشێوەیان بۆ بدۆزرێتەوە .
پسپۆڕی ئابوری ( جوزيف ستيغليتز ) کە هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ و گەورەی ئابوری ناسانی بانکی نێودەوڵەیشە، لەگۆڤاری تایم ڕاپۆرتێکی نوسیوە کە باس لە هەنگاوەکانی چارەسەری قەیرانی ئابوری دەکات و تیایدا دەڵێت ( ئەم قەیرانە فێری کردین کە بازاڕی تەواو ئازاد پڕیەتی لە مەترسی، ڕاستە سیستەمی سەرمایەداری باشترین سیستەمە کە تاکو ئێستا مرۆڤ دایهێنابێت، بەڵام کەس نەیگوتوە کە سەقامگیری دەستەبەر دەکات. بۆیە من و ئابوری ناسانی تریش پێمانوایە، کە دوو هۆی سەرەکی هەن دەبنە هۆی ئابوریەکی سەکەوتو ئەوانیش – ڕێکخستن لە لایەن حکومەتەوە، دوەمیشیان چاودێری کردن، بە بێ ئەم دوو مەرجە قەیرانە ئابوریەکانی جیهان دووبارە دەبنەوە ) .
چەند هۆیەکی تر بۆ چارەسەری و دەرچون لە قەیران
* پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئابوری گشتگیر لە ووڵاتدا، کە هەموو بوارەکان بگرێتەوە ، ئەویش دوای ئەوەی کە دیراسەی تەواوی ئەگەرەکان لەلایەن پسپۆڕانەوە دەکرێت .
* پتەوکردنی سیستمی گومرگ و باج لە خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان ، بەجۆرێک کە بکەوێتە خزمەتی بەروبومی ناوخۆ و خۆماڵی .
* کەمکردنەوەی باج لەسەر بەروبومی خۆماڵی و زۆرکردنی باج، لەسەر ئەو بەرهەمانەی لەدەرەوە دێن، ئەمەش سەرەنجام دەبێت هۆی هاندان و گەشەسەندنی بەروبومە خۆماڵیەکان ،کە وا دەکات زۆربەی – سیولەی نەقدی – لەناو خۆی ووڵاتدا بمێنێتەوە.
* هاندانی سەرمایەگوزارانی دەرەوە بۆ کارکردن بەجۆرێک کە زەمینەیەکی وا بڕەخسێنرێت بۆ سەرمایەدارانی بیانیش کە بێن و لەناو ووڵاتدا پارەکانی خۆیان بخەنەکار .
* بەرەنگار بونەوەی گەندەڵکاری و گزی و فزی لە هەموو بوارەکاندا و دانانی سیستمی چاودێری ئەلەکترۆنی، لە ناو بانک و بازاڕو ئەو جێگایانەی تر کە پارەوماڵیاتی پێدا هاتوچۆ دەکەن .
* چاودێری و لێ پرسینەوە لە کاربەدەستانی گومانلێکراوی، دەوڵەت کە پلەو پۆستەکانیان بەکار دێنن بۆ دەوڵەمەند بوون ، بەجۆرێکی وابێت کە یاسای ( ئەمەت لەکوێ بوو ؟ ) بیانگرێتەوە .
* پشت بەستن بە زیاتر لە جۆرێک لە دراو لە بانکەکان و لای حکومەت و سەرمایەدارانیش بەجۆرێکی ئەوتۆ کە لە حاڵەتی دابەزینی جۆرێک لە دراو ئابوری ووڵات لەگەڵیا زۆر دانەبەزیت و کاریگەریەکانی کەمتر بکرێتەوە .
* بۆ ئەو ووڵاتانەی کە باشن بۆ کشتوکاڵکردن ( وەکو کوردستان ) زۆر پێویستە ئەم کەرتە پەرەی پێ بدرێت و ئاسانکاری تەواوی بۆ بکرێت بۆ برەو پێدانی ، هەروەک دەڵێن “کشتوکاڵ بریتیە لە بیرە نەوتێکی هەمیشەیی کە ووشک بونی نیە”.