نوچەنێت_تایبەت
شارەزایەکی ئابووریدەڵێت، جگە لە سێ هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبونی قەیران لە هەرێم، کە بریتین لە بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە ، دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، ئەوەیە کە دەستور و یاسای بودجەی عێراق، رێگەی بەحكومەتی هەرێم نەدەدا كە پارە پاشەكەوت بكات.
د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 21-1-2016 لەکاتی بەشداریکردنی لە دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند “بەداخەوە بەهۆی سووربونی لایەنێکی سیاسی لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی خۆی بەسەر دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات،هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناسەقامگیریی سیاسیی، قەیرانی دارایی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت”.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، دکتۆر ئاراس قادر خۆشناو، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لەبارەی هۆکاری دروستکردنی قەیرانەکان لە لایەن لایەنێکی سیاسییەوە رایگەیاند: ئەوەی ئێستا توشی بووین هۆكارەكانی زۆرن، بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە لە سەرەتای 2014 ەوە. دابەزینی نرخی نەوت لە زیاتر لە ١٠٠ دۆلارەوە بۆ ٣٠ دۆلار. هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە هەرێم، سێ هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو قەیرانە لەگەڵ هۆكاری چوارەمیش، کە قەیرانە داراییەكە ئەوەبوو ئەو پارەیەی كە پێشتر حكومەت، بۆی دەهات و هەیبوو بەدەستكراوەیی خەرج كراوە، چونكە دەستوری عێراق و هەروەها یاسای بودجەش رێگەی بەحكومەتی هەرێم نەدەدا، كە پارە پاشەكەوت بكات.
هەر لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، نازم ههركی جێگری سەرۆكی لیژنهی ناوخۆ وئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی كوردستان، لە فراکسیۆنی زەرد، لەبارەی قسەکەی د.یوسف محەمەدەوە گوتی ”هەموو هاونیشتیمانیانی كوردستان دەزانن كە قەیرانەكە لە چیەوە سەری هەڵداوە، لەهەمووی گەورەتر ئەوەبوو كە بزووتنەوەی گۆڕان، نەیتوانی لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت، بەشداربونیان لەحكومەتی بنكە فراوان و سیاستە هەڵەكەیان، ئەوە گەورەترین فاكتەرە كە كاریگەری خۆی هەبووە.
نازم هەرکی پێیوایە بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە” جێگەی داخە بزووتنەوەی گۆران خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە دەدزنەوە، تا گۆڕان خۆی راست نەكاتەوە و كۆتای بەو رق و كینەیە نەهێنێت، هەروا دەمێنێتەوەو، چونكە بۆ خەڵك دەرکەوتووە هەر شتێك بكات، لە رق و كینە كۆنەكەیەتی بەتایبەتی بەرامبەر بەپارتی دەیكات”.
ئەو پەرلەمانتارە گەشبینی خۆشی خستە روو و گوتی” من گەشبینم کە كوردستان بەزووترین كات ئەم قۆناغە دەبڕێت و دەربازی دەبێت، ئێمە وەكو پارتی خۆمان لەبەر پرسیاریەتی و خەمی ئەو خەڵكە نادزینەوە”.