نوچە-ئیسنا
دوای ئەوەی کە بە هۆی هێرشێکی تیرۆریستیەوە، لە ناوچەیەکی گەشتیاری ئیستەمبوڵ دە هاووڵاتی ئەڵمانیا گیانیان لە دەستدا، وەزیرانی بەرگری تورکیا وئەڵمانیا جەخت لە یەکگرتوویی دەکەنەوە لە دژی تیرۆریزم .
بە گوێرەی رۆژنامەی حوریەت، عیسمەت یەڵماز، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن لە بنکەی ئاسمانی ئەنجەر لیک لە شاری ئادانا رایگەیاندووە: هاوکاری ئەڵمانیا، جێی بایەخە و ئەمەش پیشاندەری هاوکاری و یەکگرتوویە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئاستی جیهاندا.
یەڵماز گوتویەتی: تورکیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش،هەموو تواناکانی خۆی بۆ هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی دیکە دەخاتەگەڕ.
بۆ ئەم مەبەستەش کردنەوەی دەرگاکانی بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک، بە رووی وڵاتانی هاوپەیمان و دۆست، نیشانەی نیەت باشی تورکیا.یە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن ،وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گوتویەتی: هاوکاری نێوان ئەنقەرە و بەرلین لە شەڕ لە دژی داعش، هاوکارییەکی پتەوە.
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لیۆن دەڵێت:ئێمە شان بە شانی یەکتر لە دژی تیرۆر دەوەستینەوە ،هەرلەم پێناوەشدایە کە فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئێمە لەم بنکە سەربازیە جێگیر کراون.