نوچەنێت
ئەگەر ئاوڕێک لە رابردووبدەینەوە، درک بەدەستپێکردنی سەرەتای قەیرانەکان دەکەین، بە جۆرێک کە جگە لە دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، هۆکاری تریش هەن. وێڕای نەبوونی داڕشتنی پلانێکی باش بۆ ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە، هەروەها یاسای حکومەتی مەرکەزی سەبارەت بە مامەڵەکردنی لهگهڵ هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجەو دارایی، هێزو حزبی کوردیش هەن بێ دەرککردن بە مەترسییەکان، هەوڵی دروستکردنی قەیرانیان دەدا.
لهکوردستان، بە هۆی دەستوەردانی دەرەکی و کەمتەرخەمی ناوخۆ هەمیشە ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ههستپێكراوبووه، بەراددەیەک بەشێك لە حزبە کوردیەکان، لە ژێر ناوی دیموکراتیەتدا، ئەجێندای وڵاتانی دەوروبەریان جێبەجێکردووە.
ئەگەر دوور لە بیری تەسکی حزبی ورق و کینە، سەیری رابردوو و ئێستا بکەن، بە رونی هۆکاری قەیرانەکان بەرچاودەکەون، كه ئێمه بهژماره لێرهدا دهیانخهینهڕوو.
یەکەم :عێراق
بە سێرچێکی گۆگڵ ، لێدوانەکانی رابردووی بەرپرسانی عیراقیت دێتەوە بەردەست، کە بەرلەوەی کورد دەست بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت ببات، جەماوەری عێراقیان بۆ داواکردنی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هاندەدا، بەبێ پەردە دەیانگوت، پێشکەوتنی کوردستان لەسەر پێستی خەڵکی عێراقە، دەبێ چیدی رێگە بەکورد نەدرێ لەسەر ئەساسی عێراق، قەوارەی خۆی دروست بکات.
لەرابردوودا، سەرۆکی حکومەتی کوردستان ئاشکرای کرد، کەمام جەلال بۆ بڕێک سوتەمەنی زیاتر و بڕێک کارەبای زیاتر بۆ کوردستان ناچاربووە، داوا لەسیاسییە تازە هەڵتۆقیووەکانی عێراق بکات، ئەوانیش وەک پێویست گرنگیان بەداواکەی نەداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە، بڕینی بەشە بودجەی کوردستان شتێکی حەتمی بوو، چونكه ئەگەر کورد تەسلیم بە هەموو داواکارییەکانی بەغداش بوایە، بودجە بەمەرجی، دابەزاندنی ئاستی پێشکەوتنەکانی کوردستان بۆ ئاستی پێشکەوتنەکانی عێراقی دەدرا.
لەسەر ئەو بنەمایە، دەکرێت هەموو بڵێین دەستبردن بۆ سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، وێڕای ریسکەکەی کارێکی ژیرانەی حکومەتی کوردستان بوو، چونکە ئەگەر واشنەبوایە، لەم دۆخە سیاسی و ئابوریەی کە ئێستا عیراقی تێکەوتووە بودجەی هەرێم هەر دەبڕدرا، ئاخر لە کاتێکدا کە کەپارە بەسەر عێراقدا دەباری، ئەوان هەڕەشەی بڕینی بودجەیان دەکرد، چۆن دهكرێ پێمان وابێ ئێستا كه عێراق نغرۆی قهیران بووه بودجهی دهنارد ؟
دووەم : دابەزینی نرخی نەوت
لەئێستادا حکومەتی کوردستان رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەگەر وەک ساڵانی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت ١٠٠ دۆلار بایە، ئێستا دۆخی کوردستان هیچی کەمتر نەدەبوو لەو وڵاتانەی لەگەشانەوەی گەورەدان، دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٢٨ دۆلار و نەوتی کوردستان بۆ ١٨ دۆلار ئەم ئامانجەی کوردستانی دواخست، بەڵام بێگومان ئایندە ئەو گرەوە سیاسیانەی کراوە بۆ شەڕکردن لەسەر حسابی نەوت، لەسەر ئاستی جیهان، کۆتایی دێت و نرخی نەوت بەرزبونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، دوای ئەوە بۆ هەموان روونتردەبێتەوە کە سیاسەتی نەوتی کوردستان سەرکەوتووە، بەمەرجێک بوغزی سیاسی رێگەمان بدات.
دهبێ كورد ئهوهش بزانێت دابەزینی نرخی نەوت تەنها کاریگەریی خراپی بەسەر کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو گەورە وڵاتانی هەناردەکاری نەوتیشی توشی گرفت کردووە، هەریەک لەرووسیا، سعودییە، ڤەنزوێلا، نایجیریاو عیراق و توشی گرفت بوون، عێراق ناچارە پەنا بۆ باسکردنی قەرزی نێودەوڵەتی ببات، روسیای ناچاره بەبەرنامەکانیدا بۆ پێشخستنی بواری سەربازی بچێتەوە، نێجیریا توانای نەماوه موچە دابەشبکات، سعودییە توشی کورتهێنان بەبڕی ١٠٠ ملیار دۆلار بۆتەوە، ڤەنزوێلا توشی هەڵاوسان بووه بەڕێژەی ٪ ٢٠٠ و ناچار بوو بۆ ماوەی دوو مانگ باری نا ئاسایی رابگەیەنێت، ئێرانیش لەخۆشییەکانی هەڵگرتنی ئابڵوقەکانی بێ بەش بووه و خەمی کورتهێنانی ههیه.
سێیەم : پەکەکە
پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” ئاگاداری دۆخی هەرێمی کوردستان بوو، کە توشی گرفتی گەورەی دارایی بووە، دەیزانی حکومەتی بەغدا بەهەموو توانایەکیەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەهەوڵدایە بۆ وەستاندنی بۆری نەوتی سەربەخۆیی کوردستان، هەوڵەکانیشی شکستی هێناوە، دەیزانی سەرکەوتنی هەناردەکردنی نەوت، هاوکارێکی باش دەبێ بۆ بەدیهاتنی خەونی لەمێژینەی کورد، بەڵام رۆژی 29/7/2015 پەلاماری ئەو بۆرییە نەوتەیدا كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە و لە ناوچەی شرناخ تەقاندیەوە، زیانی 250 ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان دا، وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وتی ئەو بڕە پارەیە”بەرابەرە لەگەڵ مووچەی مانگێکی هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە قارەمانەکان”.
دواتر کاتێک نرخی نەوت بەرەو دابەزینێکی زۆر رۆیشت، پەکەکەدەیزانی سنوری ئیبراهیم خەلیل، یەکێک لەسەرچاوەکانی داهاتی کوردستانەو هاوکارێکی باشە بۆ قەرەبووی دابەزینی نرخی نەوت و دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی کوردستان، بەڵام شەڕەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی تورکیا گواستەوە ئەو سنورەو بەو هۆیەوە ماوەی مانگێکە کێشە بۆ ئەو خاڵە سنورییە دروست بووە و داخراوە، بەشێوەیەک کە تەنها یەک مانگ زیانی 20 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی هەرێمی كوردستان داوە، چونكە داهاتی مانگێكی گومرگی ئیبراهیم خەلیل “20 ملیۆن دۆلارە”.
پەکەکە لە رابردووەوە تا ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی گەورەیە، لەسەر سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی کوردستان لەدەرەوەی داهاتی نەوت، هەروەها هۆکاری سەختتربوونی قەیرانەکانە لەسەر کوردستان.
پەکەکە، هەمیشە راستەوخۆو ناراستەوخۆ، لە هەوڵی دروستکردنی کێشەو قەیرانی دارایی و سیاسیە، دەشیهەوێت هەموو ئەوانە بخاتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان چونکە تەنیا رێگری پەکەک، بۆئەوەی باشوری کوردستان بخەنە ژێر رکێفی خۆیان و وەکو رۆژئاوای کوردستانی لێبکەن، پارتییە.
چوارەم: حزبە کوردییەکان
حزبە کوردییەکان بەشێوەیەک کێبەرکێی حزبییان لەکوردستان ناشیرین و سەختکرد، کەیەکتر ناچاربکەن، پەنا بۆ موچە بڕینەوە بۆ خەڵک ببەن.
پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکران بەوەی موچە بۆ خەڵک دەبڕێتەوە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕانیش شیعاری بڕینەوەی موچەی بۆ هەموو تاکێک لەهەڵبژاردنەکان بەرزکردەوەبێ ئەوەی پرۆژەیەک، بۆ ئەرکدارکردنی ئەوانە دابنێ کەدەیوت دەبێ موچەیان بۆ ببڕنەوە، کەچووە پەڕلەمان بەلیست خەڵکی دامەزراند، لەسەر وەزارەتی دارایی و پێشمەرگەو ئەوقاف، خەڵکیشی بەلیست خانەنشینکرد.
لەناو هەموو حزبە کوردییەکان، هێزێکی کوردی نەبوو، پرۆژەیەکی بۆ رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، پێبێت، بەڵکو بەراگەیاندنی سێبەر مەترسییەکیان بۆ حکومەتی کوردستان دروستکردبوو، کەهەر دەستبردنێک بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، دەچێتە خزمەتی بەغداو لەبەشە بودجەی کوردستان دەبڕدرێت، چونکە ئەوان دەستیان بۆ هەموو شتێک دەبرد، حزبەکوردییەکان بێ ئەوەی گرنگی بەوە بدەن ئەو وتنە لەخزمەتی دژەکانی کوردستانە، نەک کوردستان، بۆ دژایەتی ئەو دەست بۆ بردنەیان دەکردە مانشێتی راگەیاندنەکان، تەنها بۆ کۆکردنەوەی دوو دەنگ لەکوردستان.
بەو پێیە دەکرێت بڵێین، ئەگەر داهاتی ناوخۆ رێبکخرایەتەوە ئێستا دابەزینی نرخی نەوت، ئەو بارگرانییەی لەسەر کوردستان دروست نەدەکرد، بەڵام حزبە کوردییەکان بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان، بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسەکرد، هەر رێکخستنێک لەداهاتنی ناوخۆدا بۆ خزمەتی حکومەتی عێراق دەبوو، بۆیە حکومەتی کوردستان دەستی بۆ نەبرد و ئێستاش کاتی ئەوێ تا رێکدەخرێتەوە.
ئەنجام :
هۆکارەکان بۆ دەرکردنی کوردستان لەو گرفتەی تێی کەوتووە، زۆرە، هەر لەپرسی گازەوە تا رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و دەستبردن بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی، لهههموو گرنگتر بهسهرچوونی شێوهی دژایهتی ناوخۆ بۆ حكومهتی كوردستان دهرفهتی گهورهی خۆ ڕێكخشتنهوهی بهحكومهت داوه، تەنها کات، کاتێکی کەمی دەوێت، ئەوکات هەموو شاهیدی سەرکەوتنی حکومەتی هەرێم دەبین بەسەر ئەو قەیرانە خنکێنەرەدا.
بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوکات ئەوانەی کەدوێنێ بەهەڵوێستەکانیان رێگربوون لەرێکخستنی داهاتی ناوخۆیی، و ئێستاش لەجێی هاوکاریی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، دەیانەوێ گرفتەکە بەکاربهێنن بۆ روخاندنی کوردستان، بخەینە بەردەم دادگایی قەڵەم و هەڵوێستی خەڵک.