قەیرانی ئابوری ئەمجارە جیهانییە. ئەگەر هەیە تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت

0

نوچەنێت: تایبەت
قەیرانی دارایی، ئێستا جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، تەنانەت ووڵاتە زلهێزەکانیشی گرتۆتەوەو هەموو لایەک بەدوای ڕێگاچارەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەرباز بوون لێی.
لەدوای قەیرانی دارایی 1929کە بە ( قەیرانی مەزن ) لە ئەمریکا ناوی دەرکردوە، ئەمە یەکەمین جارە کە ئابوری جیهان توشی وەها قەیرانێک دێت، بەم قەبارە گەورەیەی ئێستا کە سەرەتاکانی لە ساڵی 2008 وە دەرکەوتن، وە تائێستاش بەردەوامە و کاریگەری گەورەی بەسەر ئابوری جیهانەوە هەیە. دەسپێکی ئەم قەیرانە لە ئەمریکا، سەری هەڵدا کە بە گەورەترین خەزێنەی دارایی وئابوری جیهان ئەژمار دەکرێت، هەروەها دواتر قەیرانەکە ئەوروپاشی گرتەوە و پاشتریش زۆر ووڵاتی تری ناوەندی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتەوە. لەناویشیاندا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت.

لە پێش ساڵی 2008 ئابوری جیهان، گەشەیەکی زۆری کردبوو لە زۆربەی بوارەکاندا، بەجۆرێک ئەم قەیرانی ئابوریەی کە جیهانی تێکەوت، بۆ زۆربەی زۆری چاودێرانی ئابوری شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، ناهەقیشیان نەبوو ، چونکە پێشوتر جیهان گەشەیەکی ئابوری گەورەی بەخۆیەوە دیتبوو، نرخی ماددە خاوەکانی سروشتی و پیشەسازی بەرزببونەوە بەروبوومی سروشتی و پیشەسازی و خۆراک نرخیان بەرەو هەڵکشان دەچوو، نرخی عەقارات و زەوی و زارو خانوبەرە ، بەگشتی دەتوانین بڵێین کە گەشەی ئابوری و ماڵیات زۆربەی زۆری لایەنەکانی ژیانی گرتبوەوە، هەروەها بێکاریش بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم ببوەوە .
لەمبارەیەوە مامۆستاو پسپۆڕی بواری ئابوری ( ئەسما علوی تایب ) دەڵێت “پێش دەرکەوتنی قەیرانەکە وا پێدەچوو جیهان زۆر ڕوو لە باشی بێت – هەژاری بەرەو کەمبونەوە دەچوو لەئاسیاو ئەمریکای لاتینی – گەشەی ئابوری جیهان خێراترین بوو لە مێژوودا ، هەموو ئاماژەکان وایان نیشان ئەدا کە بۆ دەیـــان ساڵ ئەم گەشەی ئابوریە بەردەوام دەبێت ، ئەوەش بەهۆی پێشکەوتنی بەرفراونی تەکنەلۆجیاو دواتر پاشەکەوتکردنی زۆرو هەروەها گەشەی دیمۆگرافی و مرۆیی ، جیهان ئا بەم شێوەیە دەهاتە پێش چاو کەچی لە پڕێکدا داڕمانێکی وا لە ئابوری جیهاندا ڕویدا کە 80 ساڵە نەماندیوە” .
قەیرانی ئەمجارەش دوبارە لە ئەمریکاوە سەری هەڵدا
دەسپێکی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری، ئەمجارەش دوبارە لە گەورەترین ووڵاتی سەرمایەداری جیهانی – ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا – بەدیار کەوت ، کاتێک بۆرسەی – وۆڵستریت – پشکە هاوبەشەکانی داڕمانیان لێ بەدیار کەوت، پاشتریش کێشەی بیمەو قەرزی عەقاری سەریهەڵدا کاتێک کە ملیۆنان کەس نەیانتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە، بە بانکەکانیان لە ساڵی 2007 ، وە دواتریش زۆر بونی ڕێژەی بێکاری و هەڵگیرسانی جەنگ لە چەند ووڵاتێکی کەنداو-و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئەم گٶڕانکاریانە یەک بەدوای یەکتردا هاتن و کارێکی وای کرد، کە ئابوری ئەمریکا بەشێوەیەکی گەورە داتەپینی پێوە دیار بێت، دواتریش قەیرانی دارایی کیشوەرەکانی ئەوروپاو ئاسیاشی گرتەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر بەستراونەتەوە بە ئابوری و بازاڕەکانی ئەمریکاوە.
لەمبارەیەوە ( ئالان غرینسبان – سەرۆکی پێشوی یەدەگی فدراڵی ئەمریکی) لە ساڵی 2008 گوتی ( چاوەڕی دەکرێ زۆر لە کۆمپانیاو بانکەکان و شوێنە بازرگانیەکان بەرگە نەگرن و ئیفلاس بکەن بەهۆی گەورەیی و ناوازەیی قەیرانی ئەمجارە ) .

لە ئەوروپا ساڵی 2010 قەیرانی ئابوری سەری هەڵدا، سەرەتاکەیشی لە یۆنانەوە بوو، خاوی و کەمی گەشەی ئابوری ئەو ووڵاتە و زۆری قەرزەکان، کە لەسەریانە بەتەواوی ئابوری یۆنانی بەرەو داڕمانبرد و بوون بە بارێکی گران بەسەر ووڵاتانی تری ئەوروپاو ( ناوچەی یۆرۆ تاوای لێهات یۆنان هەوڵی فرۆشتنی هەندێک لە دورگەکانی ووڵاتەکەیشی بدا.
دوریش نیە سیناریۆی قەیرانی یۆنان، لە زۆر جێگەی تر دووبارە ببێتەوە. لە پێش هەمووشیاندا لە باشوری ئەوروپا و لەوڵاتانی وەکو ئیسپانیاو ئیتاڵیا، هۆیەکی تری قەیرانی ئابوری لە ئەوروپا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانەیە، لە و وڵاتانەی کە کێشەو جەنگیان تیایە، کە ئەمەش بوو بەهۆی بارگرانیەکی زۆر بەسەر ووڵاتانی ئەوروپاوە، ئەمە یەکەمینجارە لێشاوی پەنابەر بەم ژمارە زۆرە ڕوو لە ووڵاتانی ئەوروپا بکەن، کەژمارەیان تەنیا لە ساڵی 2015 لە ملیۆنێک پەنابەر تێپەڕی کرد .

هۆکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابورئ ئەمجارە
دەربارەی هۆکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری ئەمجارە، رای جیاواز هەن. هەندێک لە ئابوری ناسان پێیانوایە، لە دەوڵەتەکانی وەکو – ویلایەتە یکگرتوەکانی ئەمریکا وە هەروەها ووڵاتانی ئەوروپا – کە بە ووڵاتانی سەرمایەداری ناسروان، کە سەرمایەداران ئازادیەکی تەواویان هەیە و حکومەت، دەست ناخاتە کاروباریانەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵ نەکردن و بەرزو نزمیەکانی نابەرپرسیارانەی نرخی کاڵا بازرگانیەکان ، هەروەها نەبونی چوارچێوەکی جێگیر و مەحکەم بۆ یاسا بانکیەکان، کە وایکردوە بیمەو قەرزی بێ پلان و بەرنامە بدەن، سەرەنجامیش بۆتە هۆی ئیفلاسی و مایە پوچی زۆر لە بانکە جیهانیەکان لەبەر ئەوەی کە خاوەن قەرزەکان، ناتوانن قەرزەکانیان لە کاتی خۆیدا بدەنەوە.
ئەو هۆیانەی کە دەکرێت لێرەدا باسی بکەین، بونەتە هۆی قەیرانی دارایی لە جیهاندا
* گەندەڵی ئیداری و ماڵی، ئەمیش هۆیەکی تری قەیرانی ئابوریە کە دەکرێت کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابوری ووڵاتان هەبێت. رەنگە وڵاتێکی وەکو عێراق باشترین نمونەی ئەم گەندەڵکاریە ماڵیە بێت، کە لە 10 ساڵی ڕابردودا زیاتر لە 300 ملیار دۆلار دیار نەماوە و ئێستاش ئەم قەیرانە گەورەیەی لێکەوتۆتەوە، کە حکومەتی عێراق نەتوانێت موچەی مانگانەی نزیکەی 7 ملیۆن فەرمانبەر دەستەبەر بکات ( بە خانەنشینانیشەوە ) .
* زۆر بونی ڕێژەی بێکاری لە زۆر ووڵاتانی جیهان ، بەتایبەت ئەوروپاو ئەمریکا ، کە بۆتە هۆی داخستنی زۆر کارخانەو کۆمپانیاکان .
* کارەساتە سروشتیەکانیش، دەکرێت ببێتە هۆیەکی تر.
* هەڵگیرسانی جەنگ لەزۆر شوێنی جیهاندا، خەرجی و تێچوی ئەو شەڕانە هۆیەکی تری داڕمانی ئابوری هەر ووڵاتێکن .

* خەرجی و تێچووی جەنگەکان
جەنگەکانیش بەدەوری خۆیان کاریگەری زۆر نەرێنی و خراپیان دەبێت، لەسەر قەیرانی دارایی و ئابوری هەر وڵاتێک، بەتایبەت ئێستا ئەگەر چاوێک بخشێنین بە نەخشەی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت، دەبینین لە یەمەن و عێراق و سوریاو لیبیا ، جەنگ لە دژی تیرۆر زۆر پەرەی سەندوە و ڕۆژانە خەرجیەکی زۆری دەوێت.
هەندێک لە ووڵاتانی ناوچەکە لەوانە سعودیەو ئێرانیش، بەشداری شەڕەکەن کە لەدەرەوەی سنورەکانی خۆیان ڕوودەدەن. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی پارەو پولێکی زۆر بدرێتە چەک و تەقەمەنی و ئابوری ئەو ووڵاتانەی کە خەرجی ئەم شەڕانە دەدەن بەرەو لاوازی و داڕمان بەرێت .
هۆکاری سیاسی
هۆکارە سیاسەکان و بارگرژی ووڵاتان هۆیەکی ترن بۆ قەیرانی ئابوری، بەجۆرێک باری ناجێگیروئاڵۆزی زۆر لەووڵاتان، کارێکی وایکردوە کە سەرمایەداران لەو ووڵاتانە بسڵەمێنەوە و سەرمایەگوزاری تیادا نەکەن.
وەک ئەوەی کە دەوترێت ( سەرمایە ترسنۆکە ) چونکە ئامادەنین ریسکی وا بکەن لەو شوێنانەی پشێوی و ئاڵۆزییان تێدایە، تا سەرمایەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆیەکی تری سستی گەشەی ئابوری لە جیهاندا، بەگوێرەی ڕاپرسیەک کە 5.259 ئابوری ناسی جیهان بەشداریان تێدا کردوە و ( پەیمانگەی شرۆڤەکارانی ئابوری جیهانی کردویەتی ) ڕێژەی گەشەی ئابوری جیهان، لەساڵی 2015 زۆر دابەزیوە، بەراوردبە ساڵی پێشوتری 3.3 %وە بۆ ڕێژەی 2% دابەزینی تۆمار کردوە .
کاریگەریەکانی قەیرانی ئابوری ئەمجارەو قوربانیەکانی
قەیرانی ئابوری جیهان، بێجگە لە کاریگەریەکانی لەسەر بانکەکان و کۆمپانیاو بازاڕەکان، راستەوخۆش کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی تاکە کەس و خێزانەکان و ژیانی ڕۆژانەیان، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی بانکی دەولی بۆ ئەوروپاو ناوەندی ئاسیا – فیلیپ لی هیۆرۆ – دەڵێت” قەیرانی ئابوری و ماڵی جیهانی، بە مانای ووشە زیانی گەیاندوە بە بە ژیانی خێزانەکان، لە ئەوروپاو ئاسیای ناوەڕاست”هەروەها وتی”ئەو قەیرانەی کە وەکو قەیرانی ماڵی دەرکەوتن، سەرەنجام بوو بە قەیرانی کۆمەڵایەتی و مرۆییش، چونکە وەکچۆن بانکەکان کەوتنە ژێر فشار، بەهەمانشێوە خێزانەکانیش کەوتنە ژێر فشاری زیاتر، بەهۆی لەدەستدانی کارەکانیان و دواتریش دۆخێکی وا هاتە ئاراوە کە نەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە بە بانکەکان “.
لەبارەی کاریگەریەکانی قەیرانی ئابوری ، سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی سودان پرۆفیسۆر ئیبراهیم غەندوردەڵێت ” یەکەمین قوربانیەکانی قەیرانی دارایی، کە جیهانی تێکەوتوە کارمەند و کرێکاری سادەن لە جیهانی سێ هەم “.

قوربانی تری قەیرانەکە
* بانکە کان بەشێوەیەکی گشتی، بەتایبەتیش بانکەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا .
* بۆرسەکان و بازاڕی گۆڕینەوەی دراوەکان و حەواڵەکردن وبازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن.
* کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی ، لەبەر ئەوەی زۆریان نەیانتوانی بەرگەی قەیرانەکە بگرن و ئیفلاسی خۆیان ڕاگەیاند .
* کارگەو کارخانەکان ، بەجۆرێک کە ژمارەیەکی زۆر لەوانە دەرگاکانیان داخست و کارمەندەکانی خۆیان ڕەوانەی ماڵەوە کرد .

کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر سعودیەو ووڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو
لەبەر ئەوەی ووڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو بە گشتی و سعودیە بە تایبەتی، ئابوریان بە پلەی پەکەم پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، هەربۆیەشە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر، ئابوری ئەم ووڵاتە و دابەزینی ئابوری ئابوری تێیدا، کاتێک نرخی نەوت دابەزیوە بۆ خوار 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت، دەتوانین مەزەندە بکەین کە تا چ ئەندازەیەک ئابوری سعودیە زەرەر مەند بوە، بە جۆرێک کە ئەمساڵ بودجەی سعودیە نزیکەی 130 ملیار دۆلار کورتی هێناوە کە دەکاتە %20 بودجەی ووڵاتەکە .
هۆیەکی تریش تێچووی خەرجیەکانی شەڕی سعودیە و ( هاوپەیمانێتی ئیسلامی ) کە سعودیە سەرپەرشتی دەکات، لەدژی حوسیەکانی یەمەن، کە ئەمەشیان لە لایەن پسپۆڕانی سەربازی و ئابوری بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، تائێستا ش دیار نیە کەی ئەم شەڕە کۆتایی دێت !
کڕینی چەکوتەقەمەنی و پێداویستیەسەربازیەکان، بۆ هەر جەنگێک بە تایبەت ئەگەر درێژخایەن بێت هۆیەکی گەورەیە بۆ داڕمانی ئابوری هەر وڵاتێک، سعودیە لەدوای جەنگی کەنداوی یەکەم و دوهەم، ئەمە جاری سێهەمە کە بەشداری ڕاستەوخۆ لە جەنگێک بکات، لە وڵاتێکی درواسێی وەکو یەمەن لە دژی حوسیەکانی یەمەن .
سەرەنجام دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت ؟
هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵین، کە ئەم قەیرانی ئابوریەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت و ئابوری جیهان، لەم دۆخە خراپەی کەتێی کەوتوە جارێ وا دەمێنێتەوە. ئەمەش وا دەکات کە حکومەتەکان نەتوانن ئەو بەرنامەو پلانانەی دایانڕشتوە بۆ پەرەپێدانی ئابوری ووڵات، جێبەجێ ی بکەن.
دیسان ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر بانکەکان، دەبێت. بەجۆرێک کە نەتوانن قەرز بدەن و سەرمایەگوزارانی لێ سودمەند بن، بۆیە زۆربەی پرۆژەکان دەوەستن و بێکاری زۆرتر دەبێت کە سەرەنجام بازاڕی کڕین و فرۆشتن، خاو و سستر دەکات و جوڵەی بەرهەم هێنەرەکانیش تەواو سنوردار دەکات .
پێویستە بوترێت لەم جۆرە قەیرانە گەورەو درێژخایەن و هەمەلایەنەدا، هەموو جوڵە بازرگانی و ئابوریەکان پێکەوە گرێدراون، بەجۆرێکی وا کە کاریگەری تەواویان لەسەر یەکتر هەیە.
مۆتەکەی قەیرانەکە بەسەر بازاڕەکان ، بانکەکان ، کارخانەکان ، زۆر بە چاکی هەستی پێدەکرێت و کاریگەری نــــەرێنی دەکاتە سەر هەموو جموجۆڵێکی ئابوری و ماڵی و بازرگانی و ژیانی ڕۆژانەو گوزەرانـــــی خەڵک بە گشتی .

هەوڵدان بۆ چارەسەری قەیرانەکە !
بیرکردنەوە لە چارەسەری قەیرانی ئابوری، لە ووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر جیاوازە ، دەکرێت هەروڵاتێک بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ ڕوبەڕو بوونەوەی قەیرانەکە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەماهەنگی گشتی هەبێت لەنێوان ووڵاتانی جیهاندا بۆ ئەوەی هەموان پێکەوە بەرەو ڕوی ئەم کێشەیە ببنەوە .
بەرپرستارێتی وڵاتە زلهێزەکان، کە ئابوری و خەزێنەی گەورەورەیان لە بن دەستە زیاترە لە ووڵاتانی تر، چونکە ئەمان کاریگەری زۆرتریان بەسەر ئابوری و بازاڕەکانی جیهانەوە، هەیە.
لەبارەی چارەسەری بۆ قەیرانەکە، خوان سومافیا، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەم بوارەدا دەڵێت”زۆر لە ووڵاتانی جیهان هەستیان بەمەترسی قەیرانەکە کردوە و لە هەوڵی چارەسەریدان ، بەڵام ئێمە پێویستمان بە پرۆژەو بەرنامەی گشتگیر هەیە کە تەنسیقێکی تەواو هەبێت، لە نێوان وڵاتانی جیهاندا بۆ بەرەو ڕوبونەوەو چارەسەرکردنی قەیرانەکە” .
وەک:
* خوڵقاندنی هەلی کار بۆ بێکاران .
* تەداخولکردنی بانکە گەورەکان، ئەویش بەو جۆرەی کە بە سیولەی نەقدی زۆر، پشتگیری لە بازاڕەکان بکەن و لە داڕمان بیانپارێزن .
* کەمکردنەوەی باج لە بازاڕەکان و بانکەکان، تا سەرمایەگوزاری زیاتر بکرێت
* توندوتۆڵکردنەوەی سیستەمی چاودێری ماڵی، لە بازاڕەکان و کۆمپانیاکان و بانکەکان
* بەرەنگار بونەوەی گەندەڵی ماڵی و ئابوری و لێپێجینەوەو سزادانی گــزیکاران و گەندەڵەکان.
* چارەسەر کردنی کێشە سیاسیەکان، لە ڕێگای سیاسی و دانوستاندن و خۆبەدور گرتن لەشەڕ هەتا بکرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com