نوچەنێت: تایبەت
ئابووریناسێك رایدەگەیەنێت، لە كاتی هەبوونی قەیرانی دارایی حكومەت لە هەموو وڵاتێك، باج زیاد دەكات و نرخی بەرهەمەكانی ئەگەر زیاترنەكاتو بە هیچ شێوەیەك كەمی ناكاتەوە تاكو باری دارایی رێكدەخاتەوە.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هەرێمی كوردستان، توشی قەیرانی دارایی بووەتەوە و نزیكەی 20 ملیار دۆلاریش قەرزارە، چاكسازی دارایی و ئیداری بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان حكومەتی هەرێم بڕیاریدا داهات زیاد بكات و خەرجییەكانی حكومەت كەم بكاتەوە. بە بۆچونی ئابووریناسان، یەكێك لە رێگاكانی دەربازبوون لە قەیرانی دارایی زیادكردنی باجە لە سەر هاوڵاتایان و كەرتی تایبەت بە گشتی.
بەڵام بەهۆی هەرزانكردنی بەنزینی هاوەردەكراو بۆ ناو هەرێم 50% فرۆشی بەنزینی لە بەنزینخانە حكومییەكان كەم كردووتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، د.عەبدولڕەزاق عوسمان ئابووریناس و سەرۆكی دەستەی پیشەسازی شارو شارۆچكەكان، لە بارەی دابەزینی نرخی بەنزینەوە لە دۆخی قەیرانی دارایی ئێستای هەرێم رایگەیاند: لە كاتی هەبوونی قەیرانی دارایی حكومەت لە هەموو وڵاتێك، باج زیاد دەكرێت و نرخی بەرهەمەكانی ئەگەر زیاترنەكات بە هیچ شێوەیەك كەمی ناكاتەوە تاكو باری دارایی رێكدەخاتەوە.
د.عەبدولڕەزاق عوسمان ئاماژەی بەوەكرد: لە بارودۆخی ئێستادا دابەزینی نرخی بەنزین یان هەر بەرهەمێكی تر گونجاوە، ئەگەر كوالیتیشی دابەزیبێت و لە بەرانبەردا كوالیتی باشتر هەبێت بە هەمان نرخ.
ئەو ئابووریناسە باسی لەوەشكرد”ئەگەر لەو وڵاتەوە كە بەنزین هاوەردە دەكرێت، بە هەمانشێوە لەو وڵاتەش نرخەكەی دابەزیبێت ئاساییە لێرەش نرخی دابەزێنرێت. بەڵام ئەگەر نرخەكەی دانەبەزیبێت دەكرێ گومان لەوە بكرێت بۆ بە هەرزانتر رەوانەی هەرێم دەكرێت”.
د.عەبدولرەزاق رونیكردەوە”لەو وڵاتانەی كە تاكە سەرچاوەی داراییان نەوت و بەرهەمەكانیەتی، لە كاتی قەیرانی داراییدا دابەزاندنی نرخی بەنزین، ئەوەندەیتر قەیرانی دارایی زیاتر دەكات، چونكە تاكە سەرچاوەی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەوتە و بەرهەمی بەنزینەكەیەتی لە كاتی قەیران دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی قەیرانەكە ئاڵۆزتر دەكات و نەك یارمەتیدەری حكومەت نابێت، بەڵكو كێشەی دارایی بۆ زیاتر دەكات”.
عەلی هالۆ، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەر و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەئاساییبوون یان نەبوونی نرخی بەنزین لەئێستادا گوتی: بە قازانجی خەڵكە كە نرخی بەنزین دابەزێت، چونكە ئەو نرخە لە هەندێك لە وڵاتان بەرزترە، هەروەها لە بازاڕی ئازاد دەستكاری نرخ ناكرێ لە لایەن حكومەتەوە، بەڵام حكومەت دەتوانێت باج زیاتر بكات لە سەر هاوەردەكردنی بەنزین. لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە 70% باج دەخرێتە سەر بەنزین.
بە پێی زانیارییەكان ئەو وڵاتەی كە بەنزینی لێوە هاوەردە دەكرێت، وڵاتی ئێرانەو لەو وڵاتە زیاتر لە ساڵێكە نرخی بەنزین دانەبەزیوە نرخەكەیشی وەك خۆی ماوەتەوە.
شارەزایەكی سیاسی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە رایگەیاند، پێدەچێت ئێران بە مەبەست بەنزین نرخی هەرزان هەناردەی هەرێم بكات، بۆ ئەوەی ئەو بەنزینەی حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت نرخەكەی دابەزێت، بەوەش لە باری دارایەوە كێشەی زیاتر بۆ حكومەتی هەرێم دروستدەكات.
د.عەبدولڕەزاق عوسمان: دابەزاندنی نرخی بەنزین لە ئێستادا گونجاو نییە
0
Share.