سێ پەرلەمانتاری گۆڕان بەبێ ئەوەی دەوام بكەن 140 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە
نوچەنێت
کەناڵی گەلی کوردستان
ئەگەرچی نزیكەی شەش مانگە هەر سێ پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، زانا رەئوفو جەعفەر عەلیو شاهۆ سەعید، لە پەرلەمانی كوردستان دەوامی ئاسایی خۆیان نەكردووەو دواتر لە مانگی 10 دا داوای دەست لە كاركێشانەوەیان پەسەندكرا، بەڵام ئەو سێ پەرلەمانتارە مانگانە نزیكەی 8 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە. سەرەڕای ئەوەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی گۆڕان لە میانی گفتوگۆكانی ناو هۆڵی پەرلەمانو لێدوانەكانیان بۆ راگەیاندن ،هەمیشە تەئكیدیان لەسەر رێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەو قووتی خەڵك كردۆتەوە بەڵام خۆیان بێ ئەوەی دەوام بكەن لەو مانگانەدا نزیكەی 140 ملیۆن دیناریان بە خۆرایی وەرگرتووە. بە پێی ووتەی هەندێك سەرچاوەش پێشتر شاهۆ سەعیدو جەعفەر عەلی هەوڵیان داوە تاوەكو داوای دەست لە كاركێشانەوەكەیان بكەوێتە ئەو كاتەی دوو ساڵ بەسەر سوێندخواردنەكەیان تێدەپەڕێت بەڵام بە هۆی ئەو رەخنانەی لە راگەیاندنەكانیانەوە ئاراستەیان كراوە، رایانگەیاندووە كە ئەوان خوازیارن بگەڕێنەوە سەر كارەكەی خۆیانو لە هەنگاوەكانیان بۆ خانەنشیبوون پاشگەزبوونەوە. هاوكات هەڵوێستی ئەو سێ پەرلەمانتارەی گۆڕان لە وەرگرتنی مووچەی مانگانە بێ ئەوەی دەوام بكەن و هەوڵیان بۆ خانەنشین بوون پێش ئەوەی وادەی ئەم چوار ساڵەی پەرلەمان كۆتایی بێت، رووبەڕووی رەخنەی توندی چەندین كەناڵی راگەیاندن و ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان بۆتەوە.
