نوچەنێت. تایبەت
د. سالار عوسمان رایدەگەیەنێت، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بۆ چاکسازیی دەیەوێت بەرپرسیارەتی بخاتە ئەستۆی خۆی و لە پڕۆسەیەشدا سەردەكەوێت، دەشڵێت” بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەعودەیەکدا دەژین، هەر پڕۆژە و پڕۆسەیەك بەدەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانیشەوە بخرێتە بەرباس، رەتی دەكەنەوە”
ڕاگەیاندنی پرۆژەی چاکسازیی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لەکوردستان لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لەخەڵکی کوردستان هیوایان لەسەر ئەو پرۆژە هەڵچنیووە و بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک هێزێکی سیاسی لەڕێی میدیاکانی و لەلێدوانی بەرپرسەکانییەوە بێهوایی پەخش دەکەن، و پێیان وایە، چاکسازیی بەم حکومەتەی ئێستای کوردستان ناکرێت.
لای خۆیەوە د. سالار عوسمان نوسەرو مامۆستای زانکۆ، لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، واباسی پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت دەکات کە”بەشێكە لە قەناعەتی سیاسی کوردستان، پێشتریش لە قۆناغەكانی زووتر لەهەرێمی كوردستان سیاسیەكانی ئەم هەرێمە و حكومەت لەمیدیاكان و روناكبیرانیش پێداگیریان لەوەکردووە كەدەبێت چاكسازی بكرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئەخوازێ وردترو جدیتر کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت”.
سالار عوسمان دەشڵێت” ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەردەم كێشەیەكی گەورەی دارایی و ئابووری دایە، هەم بەغدا بودجە و میزانییەی لەم وڵاتە بڕیووە، هەمیش لەبەردەم شەڕێكی گەورە دایە، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت رابەرایەتی دۆسیەی چاكسازی دەكات، بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێک نراون، پێموایە هەنگاوەكانیش بەدیراسەبووەن و لەو هەوڵەدا شارەزای ناوخۆ و دەرەوە بەشدارن، کاری لەسەر ئەو پرسە دەکەن و لەداهاتوودا ئەنجامەکانیش دەبینین”.
ئەو مامۆستای زانکۆ تەئکید لەوە دەکاتەوە، کە” نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەزانێت قۆناغەكە لە چ قەیرانێكدایە ئەو بەرپرسیارە بەرامبەر بەم حكومەتە، و کەسایەتیشی وایە کەهێندەی هەوڵی چارەسەری گرفتەکان دەدات هێندە لەبەرپرسیارەتی راناکات، هەمیشە دەیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتە ئەستۆی خۆی و چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان دابنێ، هەروەها نێچیرڤان بارزانی كەسایەتێكی بەهێزە لە كوردستان و لەناوچەكەشدا، دڵنیام لە پڕۆسەی چاكسازیدا سەردەكەوێت”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، سالار عوسمان وەڵامی رەخنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە لەسەر هەوڵەکانی چاکسازیی و پێی وایە ئەو رایانەی لەسەر ئەو پرسە هەیانە، بۆ بڕیاری پێشوەختی ئەوان دەگەڕێتەوە کەدژ بەهەر شتێک بن، دەشڵێت”بزوتنەوەی گۆڕان حیزبایەتی دەكات نایەوێت راستیەكان و شەری داعش ببینێت، بڕینی بودجە ببینێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە ببینێت، بزوتنەوەی گۆڕان لە نێو عوقدەی خۆیدایە، هەم لە ئۆپۆزسیۆن بوون فەشەلی هێنا، هەم لەحكومەت نەیانتوانی نمونەیەكی حكومڕانی بەرپرسیاری خاوەن قەزیەی وڵاتێكی پڕ لە شەڕ و كێشە لە ئەستۆ بگرن، بەقەد ئەوەی ویستیان لەرووی شیعاراتەوە تا نیوەڕۆ لە حكومڕانی بن و دوای نیوەڕۆش ئۆپۆزسیۆن بن، ئەمە نمونەیەكە لە دونیادا وێنەی نییە، بۆیە ئێستا بەرپرس و کادرانی ئەو حزبە لەعوقدەیەكدا دەژین هەر پڕۆژە و پڕۆسەیەك بەدەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانیشەوە بخرێتە بەرباس، رەتی دەكەنەوە، ئەگەر هێزێکیش لەناو ئەو عوقدەیە بێت بێگومان ناتوانێت وێنەكە وەکو خۆی ببینێت”.
پێشنیار بۆ حکومەتیش دەکات کە لەگەڵ بەردەوامییان لەهەوڵەکانی چاکسازی، لەڕێی میدیاوە بۆ گەورەهێشتنەوەی هیوای خەڵک بەچاکسازی، بەشێک لەو پرسە بۆ خەڵک روونبکرتەوە، بەڵام خۆیان بپارێزن لەوەی هەموو هەوڵەکان بکرێتە پرسی میدیا “بۆ ئەوەی نەكەوێتە ناو شیعارات و موزایەداتی سیاسی و حیزبییەوە”.