نوچەنێت
وەزیری دەرەوەی سعودیە دەڵێت: سعودیە بەردەوام دەبێ لە هەموو جۆرە پشتگیرییەکی سەربازی، سیاسی و ئابوری لە گەلی سوریا، تا ئەو کاتەی مافەکانیان مسۆگەر دەبێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە، وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای دیداری لە گەڵ دی میستۆرا، نێردەی تایبەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سوریا، رایگەیاندووە کە سەردانەکەی دی میستۆرا بۆ سعودیە دەرفەتێکی باشی خستۆتە بەردەم رەوتی وتووێژ و دانوستانەکانی ئاشتی لە سوریا.
عادل جەبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەوەش دەخاتە روو کە لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ دی میستۆرا، سەبارەت بە رەوتی ئاشتی لە سوریا، گفتوگۆیان کردووە.
سەرۆکی دەزگای دبلۆماسی سعودیە دەشڵێت: وڵاتەکەی وێڕای نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانی، هەوڵەکانی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سوریا، دەخاتە گەڕ .
دوای سەردانەکەی، دی میستۆرا رایگەیاندووە “وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ناکۆکیەکانی ئەم دواییانە کار ناکاتە سەر رێککەتەنەکەی ڤییەنا و پرۆسەی ئاشتی لە سوریا”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار وایە دی میستۆرا، رۆژی شەممە سەردانی سوریا بکات و لە گەڵ وەلید موعەلم، وەزیری دەرەوەی سوریا، سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ دانوستانەکانی داهاتووی نیوان سوریا و ئۆپۆزسیۆن کۆ بێتەوە.
دی میستۆرا لە ئیستادا لە ریازە و بڕیاروایە سەردانی تارانیش بکات.