دڵشاد شەعبان : گۆڕان هەست بەنەقس دەکەن، چونکە حکومەت ئەو چاکسازییە دەکات کەبەئەوان نەکرا

0

نوچەنێت. تایبەت

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانەسروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵنیایی خۆی رادەگەیەنێت لەجێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازیی لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە، رەخنەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەچاکسازییەکانی حکومەت بەهەستکردن “نەقس”ی بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە ناو دەبات، پێی وایە بۆ هۆکاری دەرکردنیان لەحکومەت دەگەڕێتەوە، دەشڵێت ” ئەو چاکسازییەی راگەیەنراوە لەرووی قانونیەوە لە مێژە شەرعیەتی وەرگرتوە”.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 21.12.2015 لەکۆبونەوەیەکی تایبەت و به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانى، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی پرۆژەی چاکسازی راگەیاند، لەگەڵ ئەو راگەیاندنەدا میدیاو بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەیان لە پرۆژەکەگرت و بێهیوایی لەئەنجامی چاکسازییەکان رادەگەیەنن.

بەڵام لای خۆیەوە دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانەسروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، لەرەخنەی بەرپرسانی گۆڕان لەسەر پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت کەمدەکاتەوە، پێی وایە بزوتنەوەی گۆڕان”بریندارن هەست بەنەقس دەکەن کە لەحكومەت دەركراون، پێش ئێستاش ئەوان واپێشانیان دەدا كە ئەوان پیشەنگی چاكسازین و خۆیان ئەو حیزبەن كە دەتوانن بەتەنها لە كوردستان چاكسازی بكەن، كەچی كەهاتنە ناو حكومەت وەزعی حكومەتیان خراپتركرد، ئێستا دوای ئەوەی كە پارتی و یەكێتی بەشێوەیەكی جدی دەستیان بۆ چاکسازی بردووە، ئەوانیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەم دوو حیزبە زۆر جدین لەوەی كە چاكسازی بكرێت، و دەشزانن كەحکومەت ئەو چاکسازییە دەکات بەئەوان نەکراوە، ناچارن پەنا بۆ ئەو قسانە ببەن”.

هەر لەو لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، دڵشاد شەعبان، سەسوڕمانی خۆی بەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان رادەگەیەنێت، کەوا دەخەنەڕوو، پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت شەرعیەتی پەڕلەمانی پێویستە چونکە بەگوتەی ئەو” پرۆژەی چاکسازی لەحکومەتدا لەمێژە شەرعیەتی وەرگرتووە، لەو رۆژەی كە ستافی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتنە پەرلەمان بۆ متمانە وەرگرتن، لەپەڕلەمان متمانەمان بەو كابینەیە دا، دواتر سەرۆكی حكومەت كارنامەی كابینەكەی حكومەتی بۆ ئەم چوار ساڵە خوێندەوە، كە بریتی بوو لە چاكسازی و ئێمەش دەنگمان بەكارنامەی حكومەتەکەی دا، ئەوەش پێمان دەڵێت ئەو پرۆژە چاکسازییەی ئێستا رادەگەیەنراوە، لەرووی قانونیەوە لە مێژە شەرعیەتی وەرگرتوە”.

ئەو پەڕلەمانتارەی پارتی دڵنیایی خۆی رادەگەیەنێت، کە”ئەو پرۆژە چاکسازییەی راگەیەنراوە سەردەگرێت و جێبەجێدەکرێت، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەشی زۆر جدین لەو پرسەدا و متمانەی تەواوم پێیان هەیە کە لەحكومەتدا جدیین لە ئەنجامدانی چاكسازی، چونكە كێشەكان گەیشتونەتە لوتكە ئەگەر چاكسازی نەكرێت، ئەوە زۆر ئەستەمە ساڵی 2016 وابەئاسانی تێپەڕ ببێت رووبەرووی كیشەی زۆر گەورە دەبینەوە”.

لەگەڵ راگەیاندنی دڵنیایی خۆی لەجێبەجێکردنی پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانەسروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش ئاشکرا دەکات، لای خۆیەوە چەند پێشنیارێکی بۆ چاکسازیی خستۆتە بەردەم بەرپرسانی حکومەت کەبریتین لە”چونیەتی پێداچونەوە بەو عقودانەی كە بۆ پاڵاوتنی نەوت كراون، بۆ چۆنیەتی تەعامول كردن لەگەڵ میللەت كە مووچەی فەرمانبەران دەستكاریی نەكرێت و كەم نەكرێتەوە، بۆ چۆنیەتی ئیعادە نەزەر لەهەیكەلی حكومەت و بچوكردنەوەی حكومەت. هەندێك پێشنیاری تری ستراتیژیشم كردوە كە چۆن تەنزیمی كەرتی تایبەت بكرێت و ئەو لۆدە گەورەی فەرمانبەران كە لەسەر حكومەتە هەیە، تەحویلی كەرتی تایبەت بكرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com