سارای پاییز : لێم ببورە
لێم ببورە گوڵم
ئەمشەو زۆر بۆت گریام
بەوهیوایەم فرمێسكێكم بگاتە لات
باسی ئەم عەشقەت بۆ بكات
لێم ببورە گوڵم
من كەچەند ساڵ
چەند دەفتەری پڕ یادگاریم
لەناو دەرونما تۆمار كرد
هەموو سەختن یادەكانت
من ناتوانم لەیادیان كەم
من ئەزانم تۆش وەك منی لەناخەوە
بەڵام گوڵم من نازانم
بۆچی هێندە دڵت ڕەقە
بەفرمێسكی چاوەكانم نەرم نابن
لەبیرت دێ
هەموو ڕۆژێك خەندەیەكمان ئەكرد بەژوان
لەبیرت دێ
لەدوورەوە نیگایەكت بۆ ئەكردم
هەموو ڕۆژێك هۆنراوەیەكم بۆ ئەنووسیت
لێم ببورە گوڵم
ئێستا هەموو هۆنراوەكان
لەدووری تۆ ووشەكانی توانەوە
خەندەكان بوون بەفرمێسك و
ژوانەكان چۆڵ و هۆڵن
كەچی گوڵم هێشتا دڵی تۆ هەر ڕەقە
خۆدركاندنی ووشەیەك
بارێكی هێندە گران نەبوو
خۆناردنی نامەیەك
جوانی خۆتی تیادانەبوو
هەتا بڵێ دووچاوی پیس
دێت و دەم خوێنێتەوە
كەتۆ لە جێی چاوەكانمی
هەموو شەوێك
لەگەڵ خەوێك تۆمیوانمی
وانەزانیت كەلێت دوورم بیرت ناكەم
هەموو شەوێك لەجیاتی تۆ
ژوان لەگەڵ یادگارییەكت ئەبەستم
هەتا هیچیان زویر نەبین
هەموو شەوێك
فرمێسك بۆ یادگارییەكت ئەڕێژم
لێم ببورە گوڵم
ئەگەر ئەم شەو خەوم لێ زڕاندبی
چونكە دڵنیام هەر شەوێك زۆر یادی تۆ بكەم
فرمێسكەكان هەموو دێن و
هەموو یەك یەك ماچت ئەكەن
لێم ببورە گوڵم
من ناتوانم لەمە زیاترت بۆ بنوسم
زویر مەبە،چونكە گوڵم جگە لەتۆ
پەنجەكانم …….
هۆنراوە بۆكەس نانوسین