نوچە-ایسکا نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرباری لە سێدارەدانی شێخ نەمرو ناڕەزایەتی هەندێک لایەنی عێراقی رایگەیاندووە، کە بە تەمای داخستن یان گۆڕینی پەیوەندیەکانی لە گەڵ سعودیە نییە.
ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە وتووێژ لە گەڵ سپۆنتیک رایگەیاندووە: درێژە بە پەیوەندیەکانمان دەدەین لە گەڵ ریاز. سەرباری ئەوەی کە بە دەرکردنی راگەیاندنێک لە سێدارەدانی شێخ نەمرمان مەحکوم کردووە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیەکانمان لە گەڵ ئەم وڵاتە دابخەین.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەش دەخاتە روو، لەسێدارەدانی شێخ نەمر دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پەیوندییە نێودەوڵەتیەکان و ئاشتی و ئارامی ناوچەکە، چونکە شێخ نەمر کەسایەتییەک بوو کە بەردەوام خوازیاری چاکسازی بوو بە رێگەی ئاشتیانە.
ئەحمەد جەمال باس لەوەش دەکات کە ئیبراهیم جەعفەری، لە پەیوەندیەکی تەلەفونی لە گەڵ عەدل جەبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە پێی راگەیاندووە، کە وەفدی دیپمۆماتکاری سعودیە لە بەغداد لە دۆخێکی ئەمنی باشدان و دەوڵەتی عێراقیش پابەندە بە پاراستی ئاسایش وئارامییان.
لە درێژەی وتووێژەکەدا ئەحمەج جەمال، بە سپۆنتیکی گوتووە: داخستنی پەیوەندیەکانمان لە گەڵ سعودیە چارەسەر نییە و دەرهاویشتەی خراپی بەدوادا دێ.