نوچەنێت: تایبەت
د. فرەسەت سۆفی ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت، بە هیچ شێوەیەك لە موچەی فەرمانبەران كەم ناكاتەوە تەنها ئەگەر لە موچەیەك زیادەڕۆی كرابێت، یان دەرماڵەیەك بە ناحەق درابێت رێكدەخرێتەوە. هاوكات لەو دوو سێ رۆژ داهاتوو بڕیاری چەند موچەیی دەردەچێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی كۆتایی ساڵی 2015، بڕیاری چاكسازی دەركرد كە بریتی بوون لە 11 خاڵ. كە وەك سەرەتای دەستپێكردنی چاكسازی راگەیەنرا و بڕیاردرا 1-1-2016 بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە . بڕیاری چاكسازی حكومەت لە دوای ئەو قەیرانە دارایەوە دێت كە بەرۆكی هەرێمی گرتووە. بەم بڕیارە حكومەت دەیەوێت، داهات زیاد و خەرجیەكان كەم بكاتەوە. یەكێك لە خەرجییە سەرەكییەكان هەبوونی زیادەڕۆی لە موچەی پلە باڵاكان و چەند موچەیی و هەبوونی موچە خۆری بندیوارە.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، دكتۆرفرسەت سۆفی ئەندام پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد، لە بارەی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانەوە رایگەیاند: بە هیچ شێوەیەك لە موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران كەم ناكرێتەوە تەنها ئەگەر لە موچەیەك زیادەڕۆیی كرابێت، یان دەرماڵەیەك بە ناحەق درابێت رێكدەخرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا: بۆ مەسەلەی چەند موچەیی و موچەخۆری بندیوار لەو دوو سێ رۆژەی داهاتوو حكومەت بڕیار دەردەكات. فەرمانبەران بە دڵنیایەوە پێیان خۆش دەبێت كە ئەو كەسانەی بە ناحەق موچە وەردەگرن یان چەند موچەین، چارەسەر بكرێت.
فرەسەت سۆفی: چاکسازییەکەی حکومەت موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران كەم ناكاتەوە
0
Share.