نوچەنێت . تایبەت
دوای ئەوەی هۆشیار عەبدوڵا لەکورتە نوسینێکدا داوا دەکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان دەستلەکار بكێشێتەوە، بەرپرسێک لەپارتی دیموکراتی کوردستان، لەوەڵامدا دەڵێت” قسەی لێ ناگرین، دەزانین کوێی کاک هۆشیار ژان دەکات”.
هۆشیار عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی ئەو حزبە، لەنوسینێکدا لەفەیسبووک بۆ وەڵامی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کەداوای کردبوو لەسەر بنەمایەکی تازە، حکومەت دەستبەکاربێت، دەڵێت” لەوکاتەوە بەگشتی حکومەت لای پارتی بووە، بەتایبەت لای نێچیرڤان بارزانی یەوە سەرۆکایەتی کراوە، حکومەت موچەی پێ نادرێ، خەڵکەکەی بێ گوزەرانن، بێ کارەبایی و بێ خزمەتگوزاری و لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە خەڵکەکەی بێهوان و هیچ متمانەیەکیان بەحکومەت نەماوە، حکومەت بڕێکی زۆر پارە قەرزارە، کاتیەتی بەڕێوەبردنی حکومەت لای ئەو حزبەو لای نێچیرڤان بارزانی نەمێنێ”.
لەوەڵامی ئەو نوسینەدا بەرپرسێک لەپارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ نوچەنێت دەنوسێت” کاک هۆشیار ئەو قسانە بەهۆی ژانی بەدەرنانی وەزیرەکانی حزبەکەی خۆی دەکات لەلایەن خۆیانەوە، چونکە هۆشیارو کۆمەڵێ گەنجی راوێژکاری رێکخەرەکەیان بوون، سیاسەت و ئەداو و دۆخی حزبەکەی خۆیان گەیاندە ئەو ئاستەی لەپێناو ئارام هێشتنەوەی کوردستان لەحکومەت دوور بخرێنەوە”.
ئەو بەرپرسە لەپارتی دەڵێت” لەخۆڕا ناڵێم لەتاو ژانی دەرکردنی وەزیرەکان هۆشیار ئەو قسانە دەکات، بگەڕێنەوە بۆ لێدوانێکی پێشتری خۆی کە رۆژی 2015/10/21 هۆشیار بە SNNی راگەیاندووە، (ھەتاوەکو نێچیرڤان بارزانی ئەو کودەتایە چارەسەرنەکات کە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بەسەر شەرعیەتدا کردوویەتی، بەھیچ جۆرێک وەک سەرۆکی حکومەت دانی پێدا نانێین و سەرۆکی حکومەت نییە).. کەوایە لای کاک هۆشیار مانەوەی کاک نێچیرڤان لەسەرۆکایەتی حکومەت، رەبتی بەهیچ کام لەو قسانەوە نییە کەتازە نوسیویەتی، بەڵکو لای ئەوان تەنها کاتێک سەرۆکی حکومەتیان قبوڵە، کەوەزیرەکانیان بۆ بگێڕێتەوە بۆ سەرکورسییەکانیان و هەموو ئەو فەوزا سیاسیەشیان لێ قبوڵ بکات کەدەیکەن، بەڵام خەیاڵە ئیتر کاتی گوێگرتن لەم جۆرە فەوزا بەسەرچوو”.
بەرپرسەکەی پارتی ئامۆژگاری هۆشیار عەبدوڵڵا دەکات، کە”بەدوای تێگەشتنێکی تردا بۆ سیاسەت بگەڕێن، چونکە کاتی ئەو جۆرە قسەکردنە بەسەرچووە، ئێستا خەڵک ئاگای لێیە، دوێنێ چییان وتووە، دەزانن ئەوان دوێنێ وتیان نێچیرڤان بارزانیمان قبوڵ نییە، تا وەزیرەکانمان بۆ نەگێڕێتەوە سەر کار، بۆیە ئەگەر ئێستاش کەکاک نێچیرڤان ئەوەی بۆ نەکردوون، ئاساییە رەدفعلێکی تر بنوێنن و هەوڵ بدەن رێگای تر بدۆزنەوە بۆ قسەکردن لەسەر بەڕێزیان، بەڵام خەڵک وەک هۆشیار تەنها بەناو هۆشیارنییە بەڵکو بەعەقڵ هۆشیارە، چیدی قسەی بەتاڵ لەکەسی دۆڕاو وەرناگرێت، زیاتر لەوە خەڵک دەزانن ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە دانەبەزیبا لەجیهاندا، بەهۆی سیاسەتی نەوتی کوردستانەوە کەئەوان زۆر شەڕیان کرد، کوردستان لەئاستێکی تردا دەبوو، خەڵک دەزانن هەر کوردستان نییە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەسعودییەو ئێران و عێراق و روسیاشەوە، دابەزینی نرخی نەوت کاری تێکردوون و کەم تازۆر توشی کورتهێنانی بودجە و قەیرانی دارایی هاتوون، بەڵام هێشتا ئەگەرچی ئێمە لەهەنگاوی سەرەتای خۆدروستکردنیشداین لەئابوریی سەربەخۆ، بەبەراورد بەو وڵاتانەی دەیان ساڵە هەن و خۆیان رێکدەخەن، زۆر باش لەگەڵ باردۆخە خراپەکە رێدەکەین و بەدڵنیاییەوە باشتریش دەبین، خەڵک دەزانێ ئەو تۆزە ئابورییەش کەئێستا بەنیوە ناچڵیش بێ وڵاتی پێ بەڕێوە دەبەین، کارەبای پێ دابین دەکەین، بەڕابەرایەتی ئەو سەرۆک حکومەتە دروستکرا، کەئەوان لەسەرەتای دەستپێکردنییەوە نەیادەهێشت دەستی بۆ ببات و شەڕیان دەکرد و دژایەتی جەماوەرییان بۆ دروست دەکرد، دەیانویست تەسلیمی عێراقی بکاتەوە، با هۆشیار لەخۆی بپرسێ، ئەگەر ئەو تۆزە ئابورییە، ئەو سیاسەتە نەوتەی سەرۆکی حکومەت نەبوایە کە ئەوان شەڕیان دەکرد، و بەرپرسن لەدواکەوتنیشی، ئیستا دۆخی کوردستان بەم شێوەیە دەبوو، یان چۆن دەبوو ؟ “.
بۆ ئەوەش کە هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت، خەڵک متمانەی بەحکومەت نەماوە، دەڵێت” راستە هێشتا رەنگە خەڵکێک لەژێر کاریگەری ئەو ئاژاوە سیاسییە ماڵوێرانکەرەی ئەواندا مابن، کەدژ بەحکومەتی کوردستان بەرپایان کرد، دژ بەبڕوایی نیشتیمانی ونەتەوەیی خەڵک بەرپایان کرد، بۆ روخاندنی متمانەی خەڵک بەحکومەتەکەی خۆیان دەستیان دایە، ئەوەی کە ئەنجام سەری وەزیرەکانی خۆشیانی خوارد و خۆیان باجەکەیاندا، وایکرد هەر هەنگاوێک ویستیان هەڵیبگرن خەڵک لەسەرەتاوە بڕوای پێیان نەبێ و دژیان بوەستێ، چونکە خۆیان بەو فەوزا سیاسییەی کەدروستیان کرد، چاوەڕوانیەکی وایان بۆ خەڵک دروستکرد، کە بەکون فەیوکونێک هەموو شت چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەنجام دەرکەوت کەدرۆ دەکەن و نەشیانتوانی لەژێر کاریگەری ئەو درۆی کردویانە رابکەن، وایکرد بەرلەوەی حکومەت رابگەیەنێت گۆڕان هیچی لەحکومەتدا پێ ناکرێت، خەڵک بروای پێیان نەما، بۆخۆشیان لەژێر کاریگەری ئەو چاوەڕوانییەی بۆ خەڵکیان دروستکردبوو، نەیاندەتوانی تەنانەت پشتیوانی لەوەزیرەکانی خۆشیان بکەن، بەڵام ئێستا ئەوەی لەژێر کاریگەری چەواشەی ئەواندایە خەڵکێکی زۆرینە نییە، زۆرینەی خەڵک هێدی هێدی راستییەکانی بۆ دەردەکەوێت و ئەوان ناچارن بەدوای درۆ و سیاسەتێکی تردا بگەڕێن، ئەگەرنا سەری ئەوان هەر کۆنە ئاشەکەیەو دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئەوێ، چونکە مەیدانێکی تریان نەماوە بۆ سیاسەت و چەواشە”.
بەرپرسەکەی پارتی تەئکید لەوە دەکاتەوە، کەخەڵک زۆر باش دەزانن”کاک هۆشیار دەرکردنی وەزیرەکانی حزبەکەی ژان دەکات، بۆیە قسەی لێناگرین، چونکە خۆی دوو مانگ پێش ئێستا وتی کاتێک سەرۆکی حکومەتیان قبوڵە وەزیرەکانیان بۆ بگێڕێتەوە، ئەی خێرە ئێستا مانەوەی سەرۆکی حکومەت بەپێویست نابینێ، چونکە قەیران هەیە ؟ ئەی بۆ ئەوکات لەگەڵ ئەوەی باسی خراپی موچەدەکات بەڵام لەپێش مەرجی گێڕانەوەی وەزیرەکانییان، نەیگوت تا قەیران چار نەبێ بەسەرۆکی حکومەتی نازانین؟ بۆ ئەوەی نەکرد بەمەرج، خۆ قەیران هەر لەم دومانگەدا دروست نەبووە”.