تورکمان : بۆچاکسازی متمانەمان بەسەرۆکی حکومەت هەیە، دەبێت هەموو پشتیوانی بین

0

نوچەنێت . تایبەت

سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان، لەپەڕلەمانی کوردستان، متمانەو پشتیوانی تورکمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت لەبواری چاکسازیدا رادەگەیەنێت، داوا لەهەموو وەزیرەكان و هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسا دانان دەکات هاوكاری یەكتربن بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی سەربگرێت، دەشڵێت”هیچ كەسێك ناتوانێت بەتەنیا چاکسازی لەم وڵاتەدا بکات”

داوا دەکات هەموو هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەڕلەمان هاوکاری بن.

دوای ئەوەی رۆژی دووشه‌ممه‌ 21.12.2015 به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى له‌سەر دۆخى دارایى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان ساز كردو لە کۆبونەوەکەدا پرۆژەیەک بۆ چاکسازی راگەیەنرا، چەند پەڕلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەیان لەو پرۆژەیەگرت، لەدواین هەڵوێستیشدا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەڕلەمانی عێراق، بێهیوایی لەئەنجامی چاکسازییەکان رادەگەیەنێت.

بەڵام چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە، لەدۆخێکی وەک ئەمرۆدا، ناکرێ هەڵسەنگاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت بەبنەما وەربگیردرێت، چونکە قسەو لێدوانەکانیان رەدفعلی دوورخستنەوەی وەزیرەکانی گۆڕانی لەحکومەتدا پێوە دیارە.

لەبەرانبەر ئەو لێدوانانەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر چاکسازی، مونا قەهوەچی سه‌رۆكى فراکسیۆنى پێشكه‌وتنى توركمان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت” ئێمە متمانەمان بەسەرۆکی حکومەتی کوردستان هەیە، وەكو پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكەی خۆمان متمانەمان بەحكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی هەشتەم و بەتایبەتی بە سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت داوە، متمانەمان پێیان هەیە بۆ چاکسازی، بەڵام دەبێت ئێمەش هاوكاربین وەكو دەسەڵاتی یاسادانان بۆ ئەوەی ئیش و كارەكانیان بەئاسانی بۆ ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو یەك هەڵوێست و یەكریز بین بەرامبەر هەموو پرسێكی گرنگ، ئەوكاتە دەتوانین ئەنجامێکی گەورە بەدەست بێنین”

قەهوەچی پێی وایە لەجێی رەخنە دەبێت هەموو” وەزیرەكان و هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسا دانان دەکات هاوكاری یەكتربن، بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی سەربگرێت، چونكە هەموویان تەواوكەری یەكترن و هیچ كەسێك ناتوانێت بەتەنیا چاکسازی لەم وڵاتەدا بکات”. داوا لەسەرۆکی حکومەتی کوردستانیش دەکات، لەهەنگاوەکانی رانەوەستێت”چاكسازێكی بنەڕەتی ئەنجام بدات”.

سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لەبارەی ئەو پرۆژەی حکومەتی کوردستان بۆچاکسازی رایگەیاند دەڵێت” ئەو پرۆژە چاكسازیەی لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنراوە، كە چاكسازی لە ناودام و دەزگاكانی حكومەت دا بكات، ئێمە بەهەنگاوێكی باشی دەزانین كەوا لەڕێکخستنەوەی موچەو داهاتی پلە و پایە بەرزەكانەوە دەستپێکراوە، بەڵام نابێت لەو هەنگاوەدا رابوەستین، بەڵكو دەبێت بەردەوامی بەهەوڵەکان بدرێت لەهەموو دام و دەزگاكانی حكومەت، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵاتەكانیش هاوكاری یەكتربن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بنەڕەتی و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی”.

قەهوەچی دڵنیایی خۆی رادەگەینێت کە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە”پلانێكی دارێژراو هەیە بۆ ئەوەی چاكسازێكی بنەڕەتی ئەنجام بدرێت” لەو چاکسازیەشدا ئەوە بەگرنگ دەبینێت، کە بەپێی پرۆژە چاکسازییە راگەیەنراوەکە ئەو”كۆمپانیانەی كە تاوەكو ئێستا باجیان نەداوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكی قانونیان بۆدانراوە دەبێت باج بدەن، خۆ ئەگەر لە خیلالی ئەو ماوەیە نەیانتوانی ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، بێگومان دەبێت حكومەتی هەرێم ئیجرائاتی خۆی هەبێت بەرامبەر ئەو كۆمپانیانە كەپێشێلی یاسای كردووە”.

زیاتر لەو پرۆژە چاکسازیەی حکومەتی کوردستان کەبۆ چارەسەری قەیرانی دارایی راگەیاندووە، سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمانی، پێشنیار بۆ حکومەتی کوردستان دەکات، لەم کاتەدا کەبەهۆی ئەو هەموو پەنابەرانەی روویان لەهەرێمی کوردستان کردووە، فشارێکی گەورەیی ئابوری لەسەر حکومەت دروستکردووە”داوا لەوڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی هاوپەیمانی ئێمەن بکات، کەئەوانیش لەرووی ماددیی و مەعنەوییەوە هاوكاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، چونكە دۆخی دارایی حکومەتی کوردستان لای ئەوانیش روونە و دەزانن لەم کاتەدا ناتوانێت هەموو داواكاریەكانیان جێبەجێ بكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com