“متمانەمان بەحکومەت هەیە بۆ چاکسازی هێشتا زووە بۆ رەخنەگرتن”

0

د/ نوچەنێت

زانا عەبدولڕەحمان ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو چاکسازیەی حکومەت رایگەیاندووە پاکێجێکەو هەنگاو بەهەنگاو کاری لەسەر دەکرێت، هێشتا زووە رەخنەی لێبگیردرێت، دڵنیایی ئەوەش دەدات” ئەگەر حیزبەكانی كوردستان پشتیوانی حکومەت بکەن و گرفت و كێشە سیاسیەكان تێكەڵاوی مەسەلەی كاری حكومەت نەكرێت، چاكسازی دەكرێت”.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 21.12.2015 به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان و به‌ ئامادەبوونی قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى له‌باره‌ى دۆخى دارایى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان ساز كردو لە کۆبونەوەکەدا پرۆژەیەک بۆ چاکسازی راگەیەنرا.

دوای راگەیاندنی پرۆژەی چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە، چەند پەڕلەمانتارێکی کوردستان، بەتایبەت پەڕلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، رەخنەیان لەو پرۆژەیە گرت، و بەپرۆژەی چاکسازییان قبوڵ نەکرد، بەڵام رای چاودێرانی سیاسی وایە، کەخوێندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرۆژەو هەنگاوەکانی ئێستای حکومەت، کاریگەری ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی بەسەرەوەیە کەلێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتیدا بوونی هەیە و ئێستا بەهۆیەوە وەزیرەکانیان لەحکومەتدا دوورخراونەتەوە.

لەبەرانبەریشدا خەڵکێکی زۆر هیوادارن بەپرۆژەی چاکسازی حکومەت و پێیان وایە، ئەوەی راگەیەنراوە دەستپێکی هەنگاوێکی گرنگە کەدەبێ کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

زانا عەبدولرەحمان ئەندامی په‌رله‌مانى كوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، پێی وایە، هێشتا زووە رەخنە لەپرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت بگیرێت، و دەڵێت” ئێمە یەكەم هەنگاوی چاكسازی حكومەتمان بینیووە لە كوردستان، چاوەڕوانی هەنگاوەكانی تر دەكەین تا ئەو پاكێجەی حكومەت رایگەیاندووە هەمووی بیبینین بۆ ئەوەی قسەی لەسەربكەین، هێشتا زۆر زوو بوو هەموو ئەوانەی كە یەكسەر كەوتنە رەخنە گرتن لە هەنگاوی یەكەمی چاكسازی، بۆ پێداهەڵدانیشی زووە، لەبەر ئەوەی ئەمە هەنگاوێكە پەیوەندی بەیەكەوە هەیە، دەبێت چاوەڕی بكەین بزانین حكومەت چیدەكات، ئەم هەنگاوانە و هەر نیەتێك هەبێت بۆ چاكسازی لەكوردستان، ئێمە پشتیوانی دەكەین، بەڵام دەبێت كۆی پڕۆسەكە ببینین بۆ ئەوەی كە لەتەقیمكردن توشی هەڵەنەبین”.

ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی کوردستان بڕوای بەوە هەیە، کە لەحکومەتی کوردستاندا”ویستی چاكسازی هەیە، چونكە ئەوانیش خۆیان تێگەیشتون كە ئەم بارودۆخە بەبنبەست گەیشتووە، ئەگەر چاكسازی نەكرێت حكومەتی هەرێم لە ژێر هەڕەشەی ێ پارەیی دایە و پرۆژەکان هەرەس دەهێنێت، ئەوان خۆیان لەناو حكومەتەكەدان بۆیە زیاتر لەخەڵكی تر هەستیان بەمەترسیەكە كردووە، بۆیە ئەمجارە حكومەت باشتر هاتوەتە سەرخەت بۆ ئەم مەسەلەیە، چونكە ئەم قەیرانە داراییە تەنها بەچاكسازی چارەسەر دەبێت”.

بەڵام زانا عەبدولڕەحمان پێی وایە کە چاکسازی لەکوردستاندا ” تەنها بەسەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ناكرێت، دەبێت هەموومان هاوكاریانبین، راستە ئەوان لەحكومەت دەسەڵاتی یەكەمیان هەیە، بەڵام دەبێت هەموو پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و حیزبەكانی كوردستان پشتیوانییان بكەین، لەهەنگاوی یەكەمیشدا جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی حیزبەكانی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی پشتیوانی لە پڕۆسەی چاكسازی بكەن، دیارە هەموو حیزبەكانی كوردستانیش لەگەڵ ئەوەن كە چاكسازی بكرێت، بەڵام هەندێك جیاوازی هەیە لە میكانیزمەكەی، بەدڵنیایەوە من بۆخۆم متمانەم بەو ستافەی حكومەت هەیە کەچاکسازی دەکەن، ئەگەر حیزبەكانی كوردستان پشتیوانیان بكەن و گرفت و كێشە سیاسیەكان تێكەڵاوی مەسەلەی كاری حكومەت نەكرێت چاکسازی دەکرێت”.

لەبارەی ئەو رەخنەو بێ متمانەییەش کەهەندێ لەسیاسییەکانی کوردستان بەچاکسازی و حکومەت پەخشی دەکەن، ئەو پەڕلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت”ئێمە لە پەرلەمانی كوردستانەوە بە هەموو پەرلەمانتارانەوە لەم خولەدا، متمانەمان داوە بەو حكومەتە، هەر كەسێكیش خیلافی هەبوبێت راست ناكات، چونكە كاتێك كەستافی حكومەت هاتوەتە پەرلەمان دەنگمان داوە بەو ستافە و حكومەتەكە، گەر متمانەمان پێان نەبێت رێكاری یاسایی هەیە و دەبێت متمانەیان لێبسەنرێتەوە، ئێمە متمانەی چوار ساڵمان داوە بەم بەرێزانە، دەبێت چاوەرێ بین دوای ئەم چوار ساڵە بزانین چیان كردووە، راستە ئێمە نیگەرانین لە هەموو ئەو قەیرانانەی كە هەن، بەڵام هێشتا متمانەمان بەحکومەت هەیە کەچاکسازی بکات و بارودۆخی كوردستان و مەسەلەی حكومڕانی راست بكەنەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com