“بەنیازم چوارینەكانی خەیام، لەسەر 10گۆزە و 120پێكی شەراب بنوسەمەوە”

0

نوچەنێت: تایبەت
كاتێك دەچیتە ژوورەوە كەلوپەلو كارە هونەرییەكانی سەرنجت رادەكێشێت. ئەوەندەی لە هۆڵێكی نمایشی كاری هونەری دەچێت، ئەوەندە لە مقەڕی حزبێك ناچێت.
مەحەمەد فەرهاد زادە ساڵی1969 لە شاری بۆكان لە دایكبووەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە. ماوە 13 ساڵە بە هۆی كاری سیاسییە وە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە. ئێستا لە گەڵ كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- ە. لەگەڵ كاری حزبایەتی سەرقاڵی، خۆشنوسی و هەڵكۆڵینی شیعرو وشەی جوانە لەسەر بەرد و شوشە.
ئەو شیعری شاعیران و وێنە لە سەر بەرد و شوشە هەڵدەكۆڵێت. زیاتر شیعری شاعیرە بەناوبانگەكانی كورد. كە بە شێوەیەكی هونەری ئەم هەڵكۆڵینە دەكات و پێی دەڵێن كاری (حەكاكی).
ئەو پێیوایە زۆر كەمن ئەو كەسانەی كەكاری هەڵكەندن بەدەست لەسەر شوشە دەكەن”زۆر كەمن ئەو كەسانەی كە كاری هەڵكۆڵین لەسەر شوشە، بەدەست دەكەن. تائێستا چەندین شیعری گەورە شاعیرانم لە سەر بوتڵی شوشە و گۆزەی كاشی نووسیوەتەوە. بەتایبەت شیعری مامۆستا هێدی”.
جگە لەخۆی باپیری و مامی هەروەها خاڵی، لە گەڵ هونەری خۆشنووسی تێكەڵ بوون . خاڵی ئەندامی ناوەندی خۆشنووسانی ئێرانە. بە شێوەیەكی پیشەیی لە پۆلی دووەمی ئامادەییەوە دەستی كردووە بە كاری خۆشنوسی. دواتر پەیوەندی بە ئەنجومەنی خۆشنووسانی ئێرانەوە كردووە، كە” هەشت كەسن و لە هەموو ئێران ناسراوون”.
محەمەد فەرهادزادە، دەیەوێت دەستبكات بە پڕۆژەی نووسینی چوارینەكانی خەیام كە مامۆستا هەژار كردوویەتی بە كوردی، دەڵێت ” دەمەوێ‌ ئەو كتێبەی چوارینەكانی خەیام، كە مامۆستا هەژار كردویەتی بەكوردی، لە سەر 10 گۆزەی شوشەی شەراب و 120 پێكی شەراب بنووسمەوە ،كە دیوێكی چوارینەكان و دیوەكەی دیكەی وینەی مینیاتوری دەكێشێت”.
جگە لەكاری خۆشنوسی كاری تابڵۆ سازی كردووە، هەروەها حەزی لە وێنەكێشان و پەیكەر دروستكردن بووە، چەند وێنە و پەیكەری دروستكردووە.
بە وتەی فەرهادزادە، هەموو تابلۆكانی ناوشاری بۆكان بە دەستی ئەو دروستكراوون و ئێستاش دۆستانی خۆی وێنەی ئەو تابلۆیانەی كە ئەم دروستی كردوون بۆ دەنێرن وەك یادگاریەك، وەبیری دەهێَنەوە .
ئەو دەڵێت”لە ئێران دوو پێشانگای خۆشنووسیم كردەوە .بەڵام رێگەیان پێنەدام شعری كوردی یان هەر نووسینێكی تر بەزمانی كوردی بنووسم. بەڵكو دەبێت بە زمانی فارسی بنووسرێت. هاوكات
تابلۆی ریكلامم بۆ نۆ پارێزگای ئێران بۆ كۆمپانیاكانی مۆبایل، بەتانی گۆڵبافت، هەروەها چەندین تابلۆی ریكلامی بۆ چەندین كۆمپانیای تر دروستكردووە”.
لەگەڵ كاری هونەری دەست، ئارەزووی سازلێدانیشی هەیەو ئەم ئارەزووەی بۆ گوێگرتنی بەردەوام لە شڤان پەروەر دەگەڕێتەوە”زیاتر 80% گۆرانییەكانیم لە بەر كردووە و بە جوانی و بە جیاوازییەكی كەم، كۆڕی یارانی پێ گەرم دەكەم”.

kk

 

 

 

99

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com