نوچە-رادیو فردا
نەرویج دەڵێت، رۆڵی لە گواستنەوەی شەست تەن یورانیۆمی خام بۆ ئێران هەبووە.
ئاژانسی هەواڵدەریی فەرەنسا، بە گێڕانەوە لە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج رایگەیاندووە کە ژمارەیەک شارەزای سەر بە ئاژانسێکی ناوەکی نەرویجی،لە پشکنین و کۆنتڕۆڵی بارێکی شەست تەنی یۆرانیۆم لە کازاخستانەوە بۆ ئێران رۆڵیان هەبووە.
بۆرگ برێند،وەزیری دەرەوەی نەرویج گوتویەتی: ئەم هاوکاریەی نەرویج بە هۆی پشتیوانی کردن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و چاودێری بەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنەوە بووە.
بە پێی رێککەوتنەکە،ئێران پابەندکراوە کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی بنێرێتە دەرەوە،لە بەرامبەردا یۆرانیۆمی خام یان هەمان کێکی زەرد هاوردە بکات.
عەلی ئەکبەر ساڵحی،سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رۆژی سێ شەممە رایگەیاندبوو، دە تەن لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران رەوانەی روسیا کراوە.