نوچەنێت
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی گشتی پارتی دێمۆکراتی گەلان، داوای خۆسەری دێمۆکراتی بۆ باکووری کوردستان کرد، ئەم لێدوانەی دەمیرتاش تووڕەبوونی سەرۆكکۆماری تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆ سێ شەممە لەفڕۆکەخانەی ئاستێنبۆل ڕەجەب تەیب ئاردۆغان سەرۆكکۆماری تورکیا، لەکاتی ئامادەکاری بۆ سەفەرەکەی بەرەو عەرەبستانی سعوودیا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ” لێدوانەکەی دەمیرتاش کە سەرۆکی گەورەترین پارتی کوردییە لە تورکیا، گێچەڵکردنێکی ئاشکرایە و خیانەتی نیشتیمانیە”.
ئەردۆغان زیاتر هێرشی کردە سەر دەمیرتاش و وتی ” گەل و یاسای تورکیا دەمیرتاش و حزبەکەی تەمبێ دەکەن”.
لەئێستادا ماوەی چەند مانگێکە شارەکانی باکووری کوردستان بەخراپترین دۆخی ئەمنی خۆیاندا تێ دەپەڕن ئەمەش لەدوای ئەو پێکدادان و بەگژیەکداچوونەی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا دێت.