زانا مریەم خونچە : سوتان هیچ نیە
تەواو ئیتر تەسلیمی خەیاڵی پوچ دەبم
خۆم دەدەمە بەر ڕەشە بای نائومێدی
ئیتر بۆهەمیشە لەناو تابوتی جوانیدا
خۆم حەشاردەدەم
دەچمە ناو بیابانەکانی خەیاڵەوە
ئەو وشانە ڕاو دەکەم کەوەکو مار
ئەدەن بەتێکستی شاعیرانەوە
ئەبم بەدەرونناسی گەردەلولە شێەکان
شەونمی سەر گوڵە دڕکاویەکانی بیابان کۆدەکەمەوە
تاوەکو تینویەتی حوشتریکی تینویان پێ بشکێنم
بەیەک باوەش تریفەو پڕشنگەوە
دەگەڕێمەوە ناو کۆخە تاریکەکان
ئەچم بەردەکان ڕوت دەکەمەوە
لەجلوبەرگی لم
بۆئەوەی لەگەڵ خۆردا لەناو پیخەفی
سیبەری مانگدا تێر بەیەکەوە بخەون
خۆشم بەسواری پشتی دوپشکەکان دەڕۆم
بۆئەوەی ژەهری ژیری بڕژێنم بەسەر ڕێبوارەکاندا
لەگەڵ کوندە بێدەنگەکاندا
گۆرانی دەڵیم
لەگەڵ گەردەلولەکاندا دەکەومە سەما
لەگەڵ بادا پیش بڕکێی خیرای دەکەم
لەچاڵە تاریکەکانی نائومێدیدا
هەوڵ دەدەم هیوا بدۆزمەوە
هیچ لەسوتانی جەستەشم مەترسن
من عشق فێری کردوم سوتان هیچ نیە